كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان ماوەى تۆماركردنی هاوپەیمانێتییەكانی درێژ كردەوە

04-05-2025 12:50

پەرەگراف

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، تۆماركردنی هاوپەیمانێتییەكانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ درێژ كردەوە.

جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕایگەیاند "تۆماركردنی هاوپەیمانێتییەكان تا كۆتایی دەوامی فەرمیی ڕۆژی ١٤-٠٥-٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت".

كۆمسیۆن پێشتر دەرگای تۆماركردنی ناوی حیزب و هاوپەیمانێتی و كاندیدە سەربەخۆكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی لە ڕۆژی ١٥-٠٤-٢٠٢٥ كردەوە و ڕایگەیاند كە "بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ و تا ٠٤-٠٥-٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت".

پێشتریش کۆمیسیۆن ماوەى نوێکردنەوەى تۆمارى بایۆمەتریى دەنگدەرانى بۆ یەک مانگى دیکە درێژ کردەوە و تا ٢٥-٠٥-٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت. دەبێت لەو ماوەیەدا ئەو دەنگدەرانەى لە هەڵبژاردنى پێشوو کێشەى نەخوێندنەوەى پەنجەمۆر و کارتى دەنگدانیان هەبووە، یان کارتى دەنگدانەکانیان نوێ نەکردووەتەوە، سەردانى بنکەکانى کۆمیسیۆن بکەن بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیان.

بۆ ئەم هەڵبژاردنەى پەرلەمانى عێراق، ئەو کەسانەش کە لەدایکبووى ساڵى ٢٠٠٧ـن، مافى دەنگدانیان هەیە و دەبێت سەردانى بنکەکانى کۆمیسیۆن بکەن بۆ دەرهێنانى کارتى دەنگدان.

لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە ٢٠-١٠-٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، دەیان هەزار دەنگدەر بەهۆی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر، نەخوێندنەوەی كارتی دەنگدان و كێشەی دیكەوە نەیاتوانی دەنگ بدەن.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی ١١-١١-٢٠٢٥ـى بۆ ‏ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولى شەشەمى پەرلەمانى عێراق دیاری كردووە و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن پابەندبوونی ڕاگەیاندووە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو ڕۆژەدا و ئامادەکارییەکانی بەردەوامن.

 * سوودانی بەشداری لە هەڵبژاردن دەکات و چاوی لە مانەوەیە لە پۆستی سەرۆکوەزیران

* بافڵ تاڵەبانی پێشنیازی یەکلیستیی کورد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەورووژێنێت

* سەدر داواکارییەکەی لەتیف ڕەشیدی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن ڕەت کردەوە

* چوارچێوەی هەماهەنگی: هیچ لایەنێك مافی دواخستنی هەڵبژاردنی نییە