پەرەگراف
چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دیاریكراوی خۆی لە كۆتایی ئەمساڵدا دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت هیچ لایەنێك مافی ئەوەی نییە هەڵبژاردن دوابخات، یان ئەو خشتە كاتییانەی كە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دیاری كراوە، هەڵبوەشێنێتەوە".
چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت "جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی ڕێڕەوی دیموكراسیی وڵات دەكەینەوە. داوای زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردن و دابینكردنی پێداویستییەكانی ئاسایشی هەڵبژاردن و پێشكەشكردنی پشتیوانی بۆ كۆمسیۆن دەكەین".
بەیاننامەكە پاش ئەوە دێت كە دوێنێ دووشەممە 07-04-2025، نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا كە لایەنێكی سەرەكیی چوارچێوەی هەماهەنگییە، ڕایگەیاند "دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكەین و لە دەستووردا شتێك بە ناوی حكومەتی باری لەناكاو نییە". وتیشی "دواخستنى هەڵبژاردن، عێراق دابەش دەكات".
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئامادەكارییەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەر لە كۆتایی ئەمساڵ دەست پێ كردووە. لەو چوارچێوەیەشدا لە ڕۆژی 25-03-2025ـەوە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستی پێ كردووە و یەك مانگ بەردەوام دەبێت.
كۆمیسیۆن جەخت دەكاتەوە كە دەبێت هەڵبژاردن بەر لە 20-11-2025 بەڕێوە بچێت و وتەبێژی كۆمیسیۆن پێشتر بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق لە 09-01-2022 یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجام داوە، دەبێت وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی داهاتوو بەلای كەمەوە بكەوێتە 45 ڕۆژ بەر لە وادەی كۆتاییهاتنی ئەم خولە".
تا ئێستا ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری نەكراوە، كە دەبێت لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بە هەماهەنگی و ڕاوێژ لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دیاری بكرێت.