کۆمیسیۆن: دەبێت بەر لە ٢٥-١١-٢٠٢٥ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق ئەنجام بدرێت

25-01-2025 04:12

پەرەگراف

وتەبێژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایگەیاند "دەبێت هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى عێراق ٤٥ ڕۆژ بەر لە کۆتاییهاتنى خولى ئێستا ئەنجام بدرێت. بەوپێیەش دەبێت وادەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکە بەر لە ٢٥-١١-٢٠٢٥ بێت".

جومانە غەلاى، وتەێژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لە لێدوانێکدا بە پەرەگرافى ڕاگەیاند "خولى ئێستاى پەرلەمانى عێراق لە ٠٩-٠١-٢٠٢٢ یەکەم دانیشتنى خۆى ئەنجام داوە، دەبێت وادەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى خولى داهاتوو بەلاى کەمەوە بکەوێتە ٤٥ ڕۆژ بەر لە وادەى کۆتاییهاتنى ئەم خولە".

جومانە غەلاى وتیشى "ڕۆژى هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە هەماهەنگی و ڕاوێژ لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دیاری دەكرێت".

بەپێى یاساى هەڵبژاردنى ژمارە ١٢ـى ساڵى ٢٠١٨، هەر خولێکى پەرلەمان بۆ چوار ساڵە و لە ڕۆژى یەکەم دانیشتنى خولەکەوە ماوەکە دەست پێ دەکات.

خولی پێنجەمى پەرلەمانى عێراق کە لە ئەنجامى هەڵبژاردنی پێشوەختەى ١٠-١٠-٢٠٢١ دروست بوو، یەكەم دانیشتنی لە ڕۆژی ٠٩-٠١-٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، لە  ٠٩-٠١-٢٠٢٦یش خولەکە کۆتایى دێت، بۆیە دەبێت ٤٥ ڕۆژ بەر لەو وادەیە، هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.