پەرەگراف
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، لە سبەینێ 25-03-2025ـەوە نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەران دەست پێ دەكات. پرۆسەكە یەك مانگ دەخایەنێت و تا 25-04-2025 بەردەوام دەبێت. لەو ماوەیەدا دەرهێنانی كارت بۆ دەنگدەرانی نوێ و كێشەی نەبوونی كارتی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و سەرجەم كێشەكانی دیكەی دەنگدەران چارەسەر دەكرێن.
پرۆسەكە لەپێناو ئامادەكارییە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە كۆمیسیۆن دەڵێت "دەبێت بەر لە كۆتایی مانگی 11ـی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت". بەڵام تا ئێستا ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری نەكراوە، كە دەبێت لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بە هەماهەنگی و ڕاوێژ لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دیاری بكرێت.
پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەران لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق لە ڕێگەی هەزار و 79 نۆ ناوەندی تۆماركردنەوە ئەنجام دەدرێت. پێویستە دەنگدەران لە ماوەی ئەو یەك مانگەدا سەردانی بنكەكان بكەن بۆ دڵنیابوونەوە لە كاركردنی كارتەكانیان و خوێندنەوەی پەنجەمۆرەكانیان، یان هەر كێشەیەكی دیكە لە تۆماری بایۆمەتری.
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە 10-101-2024 بەڕێوەچوو، دەیان هەزار دەنگدەر بەهۆی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر، نەخوێندنەوەی كارتی دەنگدان و كێشەی دیكەوە نەیاتوانی دەنگ بدەن.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، لەدایكبووانی 2007 كە ئێستا تەمەنیان گەیشتووەتەوە 18 ساڵ، دەتوانن دەنگ بدەن، بۆیە پێویستە بچن خۆیان لە پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری تۆمار بكەن و كارتی دەنگدان دەربكەن.
پێشتر لە لێدوانێكدا بۆ پەرەگراف، جومانە غەلای، وتەبێژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایگەیاند "خولى ئێستاى پەرلەمانى عێراق لە 09-01-2022 یەکەم دانیشتنى خۆى ئەنجام داوە، دەبێت وادەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى خولى داهاتوو بەلاى کەمەوە بکەوێتە 45 ڕۆژ بەر لە وادەى کۆتاییهاتنى ئەم خولە". بەوپێیەش دەبێت وادەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکە بەر لە 25-11-2025 بێت.
بەپێى یاساى هەڵبژاردنى ژمارە 12ـى ساڵى 2018، هەر خولێکى پەرلەمان بۆ چوار ساڵە و لە ڕۆژى یەکەم دانیشتنى خولەکەوە ماوەکە دەست پێ دەکات. خولی پێنجەمى پەرلەمانى عێراق کە لە ئەنجامى هەڵبژاردنی پێشوەختەى 10-10-2021 دروست بوو، یەكەم دانیشتنی لە ڕۆژی 09-01-2022 بەڕێوەچوو، لە 09-01-2026یش خولەکە کۆتایى دێت.