كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق: ئامادەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراودا
پەر ەگراف
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری كرد. كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقیش ئامادەیی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا ڕاگەیاند.
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، دەنگ درا لەسەر دیاریكردنی ڕۆژی 11-11-2025 بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق و بڕیارەكە پەسەند كرا.
ڕاستەوخۆ دوای بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "كۆمیسیۆن ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا كە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی كردووە".
دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن" پاش ئەوە دێت كە دوێنێ سێشەممە 08-04-2025، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان دژایەتیی خۆی بۆ هەر جۆرە هەوڵێكی دواخستنی هەڵبژاردن ڕاگەیاند و جەختی كردەوە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دیاریكراوی خۆی لە كۆتایی ئەمساڵدا.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند "جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی ڕێڕەوی دیموكراسیی وڵات دەكەینەوە. داوای زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردن و دابینكردنی پێداویستییەكانی ئاسایشی هەڵبژاردن و پێشكەشكردنی پشتیوانی بۆ كۆمسیۆن دەكەین".
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئامادەكارییەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەر لە كۆتایی ئەمساڵ دەست پێ كردووە. لەو چوارچێوەیەشدا لە ڕۆژی 25-03-2025ـەوە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستی پێ كردووە و یەك مانگ بەردەوام دەبێت.
كۆمیسیۆن پێشتر ڕایگەیاند كە دەبێت هەڵبژاردن بەر لە 25-11-2025 بەڕێوە بچێت و وتەبێژی كۆمیسیۆن پێشتر بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق لە 09-01-2022 یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجام داوە، دەبێت وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی داهاتوو بەلای كەمەوە بكەوێتە 45 ڕۆژ بەر لە وادەی كۆتاییهاتنی ئەم خولە".