پەرەگراف
موقتەدا سەدر داواکارییەکەى سەرۆککۆمارى عێراقى بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردن ڕەت کردەوە و دەڵێت "دڵتەنگم كە گەلێكی مەزن بەشداری لە هەڵبژاردنی گەندەڵ و دزەکانى سامانی گشتى دەکات". هاوكات ڕایدەگەیەنێت "بەشداری نەكردنم لە هەڵبژاردن، بە واتای داواكردنی دواخستن یان هەڵوەشاندنەوەی نییە".
لە نامەیەکدا کە ڕۆژى چوارشەممە ١٦-٠٤-٢٠٢٥، لەتیف ڕەشید، سەرۆككۆماری عێراق ئاراستەى موقتەدا سەدر، ڕێبەرى ڕەوتى سەدرى كردووە، داواى لێ کردووە کە لە بڕیاری بایكۆتكردنی هەڵبژاردن پاشگەز ببێتەوە و بەشدارى لە پرۆسەکەدا بکات. لەتیف ڕەشید دەڵێت "بەشداریکردنتان لە هەڵبژاردن لە هەموو کاتێک پێویستترە".
ڕێبەرى ڕەوتى سەدر لەگەڵ ڕەتکردنەوەى داواکارییەکەى سەرۆککۆمار، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە "وەکوو سەربازێکی عێراق لەگەڵ گەل دەمێنمەوە لە بەرامبەر ئەو بەڵا و بەدبەختیيانەی بەسەریدا دێت، یەکەم کەس دەبم بەرگرییان لێ بکەم لە بەرانبەر ئاڵنگارییەکانى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، یان هەر شوێنێکی تر".
سەرۆككۆماری عێراق لەو نامەیەدا كە ئاراستەی سەدری كردووە، دەڵێت "لە چەند مانگی داهاتوودا گەلی عێراق دەنگ بۆ دیاریكردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمان دەدات، بۆ ئەوەی پەرلەمان نوێنەرایەتیی لایەن و پێكهاتە و پێكهێنەرە كۆمەڵایەتییەكان بێت، پێویستە ئەو حیزبانە بەشدار بن كە نوێنەرایەتییان دەكەن".
لەتیف ڕەشید دەشڵێت "ئێمە و سەركردەكانی دیكەی وڵات، درك بەو بۆشاییە سیاسییە دەكەین كە بەهۆی كشانەوەی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەدرەوە لە خولی پێنجەمی پەرلەمان دروست بووە، ئێستا كاتی گەڕانەوەی ڕەوتی نیشتمانیی شیعەیە بۆ ڕۆڵبینینی سیاسی".
ڕەوتەكەی سەدر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا لە مانگی 10ـی 2021، زۆرترین دەنگی بەدەست هێنا و بە 73 كورسی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو. هەرچەندە سەدر هەوڵی دا لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتەكەی حەلبووسی و پارتی دیموكرات حكومەت پێك بهێنێت، بەڵام بەهۆی ململانێ و ناكۆكیی لەگەڵا لایەنە شیعەكانی دیكەی، نەیتوانی.
ململانێی نێوان سەدر و ئەو لایەنانەی دیكەی شیعە كە نزیكن لە ئێرانەوە، بەتایبەت لەگەڵ نووری مالیكی، گەیشتە ئاستی پێكدادانی چەكداری لە ناوچەی سەوزی بەغدا. دواجار سەدر دەستبەرداری پێكهێنانی حكومەت بوو، دواتریش لە پرۆسەی سیاسی كشایەوە و سەرجەم ئەندامانی فراكسیۆنەكەی دەستیان لە كار كێشایەوە.