بافڵ تاڵەبانى پێشنیازى یەکلیستیى کورد بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەورووژێنێت

16-04-2025 02:06

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکى یەکێتیى نیشتمانى، ویستى خۆى بۆ یەکلیستیى کورد لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت "ئەمجارە کە لەگەڵ کاک مەسرور کۆبوومەوە، ڕەنگە بە جۆرێک ئەو پێشنیازە بکەم".

پێشنیازەکەى بافڵ تاڵەبانى لە کاتێکدایە کە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەستى بە ڕێکارەکان بۆ هەڵبژاردن کردووە، لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ پرۆسەى تۆمارکردنى لیست و هاوپەیمانییەکان دەستى پێ کرد و تەنیا ٢٠ ڕۆژ بۆ خۆتۆمارکردن و دروستکردنى هاوپەیمانى لەبەردەستدایە، ئەگەر ماوەکە درێژ نەکرێتەوە.

سەرۆكی یەكێتی لە پەراوێزى دیدارى سلێمانى لە زانکۆى ئەمریکى، گفتوگۆیەکى لەگەڵ كەناڵى کوردستان٢٤ ئەنجام دا، تێیدا گفتوگۆکانى پێکهێنانى حکومەتى لەنێوان پارتى و یەکێتى بە "باش" وەسف کرد و وتى "لەگەڵ پارتی دوور نیین لە یەكەوە".

بە قسەى بافڵ تاڵەبانى، هەردوو لا "لەسەر پرەنسیپی حكومڕانی" ڕێككەوتوون و "ئێستا دەچنە ناو وردەكاریی بابەتەكانەوە".

بافڵ تاڵەبانى وتیشى "لەوە دڵخۆشتر بۆ من، ئەوەیە كە توانیومە چەند جارێك لەگەڵ جەنابی سەرۆكوەزیران (مەسرور بارزانى) دابنیشم".

دەربارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، سەرۆکى یەکێتى بۆچوونێکى نوێى ئاشکرا کرد و ڕایگەیان "حەز دەكەم زۆربەی حیزبە كوردییەكان بە یەك لیست بەشدار بن، زۆر زەرورە كورد لە بەغدا یەكدەنگ بێت".

لەبارەى کارکردن بۆ یەکلیستیى حیزبە کوردییەکان، بافڵ تاڵەبانى وتى "ڕەنگە ئەمجارە كە لەگەڵ كاك مەسرور دانیشتم، بە جۆرێك بابەتی یەکلیستیی تەرح بكەم".