پەرەگراف
کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق ماوەى نوێکردنەوەى تۆمارى بایۆمەتریى دەنگدەرانى بۆ یەک مانگى دیکە درێژ کردەوە. بڕیارەکە لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە دەرکراوە و دەڵێت "لەپێناو گرەنتیکردنى مافى دەنگدەرانە بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردن".
بەپێى بڕیارەکە، نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران تا ٢٥-٠٥-٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت. دەبێت لەو ماوەیەدا ئەو دەنگدەرانەى لە هەڵبژاردنى پێشوو کێشەى نەخوێندنەوەى پەنجەمۆر و کارتى دەنگدانیان هەبووە، یان کارتى دەنگدانەکانیان نوێ نەکردووەتەوە، سەردانى بنکەکانى کۆمیسیۆن بکەن بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیان.
بۆ ئەم هەڵبژاردنەى پەرلەمانى عێراق، ئەو کەسانەش کە لەدایکبووى ساڵى ٢٠٠٧ـن، مافى دەنگدانیان هەیە و دەبێت سەردانى بنکەکانى کۆمیسیۆن بکەن بۆ دەرهێنانى کارتى دەنگدان.
نوێكردنەوەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدەران لە ٢٥-٠٣-٢٠٢٥ دەستى پێ کردووە. پرۆسەکە لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق لە ڕێگەی هەزار و ٧٩ ناوەندی تۆماركردنەوە ئەنجام دەدرێت. پێویستە دەنگدەران لە سەردانی بنكەكان بكەن بۆ دڵنیابوونەوە لە كاركردنی كارتەكانیان و خوێندنەوەی پەنجەمۆرەكانیان، یان هەر كێشەیەكی دیكە لە تۆماری بایۆمەتری.
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە لە ٢٠-١٠-٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، دەیان هەزار دەنگدەر بەهۆی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر، نەخوێندنەوەی كارتی دەنگدان و كێشەی دیكەوە نەیاتوانی دەنگ بدەن.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی ١١-١١-٢٠٢٥ـى بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولى شەشەمى پەرلەمانى عێراق دیاری كردووە و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن پابەندبوونی ڕاگەیاندووە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو ڕۆژەدا و ئامادەکارییەکانی بەردەوامن.
هاوکات کۆمسیۆن دەرگای تۆمارکردنی ناوی حیزب و هاوپەیمانێتی و کاندیدە سەربەخۆکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کردووەتەوە و تا ٠٤-٠٥-٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت.
* سوودانی بەشداری لە هەڵبژاردن دەکات و چاوی لە مانەوەیە لە پۆستی سەرۆکوەزیران
* بافڵ تاڵەبانی پێشنیازی یەکلیستیی کورد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەورووژێنێت
* سەدر داواکارییەکەی لەتیف ڕەشیدی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن ڕەت کردەوە
* چوارچێوەی هەماهەنگی: هیچ لایەنێك مافی دواخستنی هەڵبژاردنی نییە