کۆمسیۆن دەرگای خۆتۆمارکردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکاتەوە

11-04-2025 10:46

پەرەگراف

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق هەفتەی داهاتوو دەرگای خۆتۆمارکردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکاتەوە بۆ حیزب و هاوپەیمانێتی و کاندیدە سەربەخۆکان.

بەپێی نووسراوێکی فەرمیی کۆمسیۆن، لە رۆژی 15ـی ئەم مانگە  دەرگای تۆمارکردنی ناوی حیزب و هاوپەیمانێتی و کاندیدە سەربەخۆکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکرێتەوەو بۆ ماوەی 20 ڕۆژ و تا 4ی ئایار بەردەوام دەبێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ ‏ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاری كرد.

ڕاستەوخۆ دوای بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "كۆمیسیۆن ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا كە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی كردووە".

دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن" پاش ئەوە دێت كە دوێنێ سێشەممە 08-04-2025، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەكان دژایەتیی خۆی بۆ هەر جۆرە هەوڵێكی دواخستنی هەڵبژاردن ڕاگەیاند و جەختی كردەوە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دیاریكراوی خۆی لە كۆتایی ئەمساڵدا.

چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند "جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی ڕێڕەوی دیموكراسیی وڵات دەكەینەوە. داوای زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردن و دابینكردنی پێداویستییەكانی ئاسایشی هەڵبژاردن و پێشكەشكردنی پشتیوانی بۆ كۆمسیۆن دەكەین".

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئامادەكارییەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەر لە كۆتایی ئەمساڵ دەست پێ‌ كردووە. لەو چوارچێوەیەشدا لە ڕۆژی 25-03-2025ـەوە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستی پێ‌ كردووە و یەك مانگ بەردەوام دەبێت.

كۆمیسیۆن پێشتر ڕایگەیاند كە دەبێت هەڵبژاردن بەر لە 25-11-2025 بەڕێوە بچێت و وتەبێژی كۆمیسیۆن پێشتر بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق لە 09-01-2022 یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجام داوە، دەبێت وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی داهاتوو بەلای كەمەوە بكەوێتە 45 ڕۆژ بەر لە وادەی كۆتاییهاتنی ئەم خولە".