عێراق سكاڵای لەسەر هەرێم تۆمار كرد

26-05-2025 03:30
ساتی واژووكردنی گرێبەستەكان لە واشنتن

پەرەگراف

لە بەرانبەر ئەنجامدانی گرێبەستی وزە لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان، عێراق ‏سكاڵای یاسایی لەسەر حكومەتی هەرێم تۆمار كرد.‏

سێ‌ سەرچاوە بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز تۆماركردنی سكاڵاكەیان پشتڕاست ‏كردووەتەوە و دەڵێن "لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە تۆمار كراوە".‏

ئاژانسەكە بڵاویشی كردووەتەوە كە بەڵگەنامەیەكی دەست كەوتووە ‏تۆماركردنی سكاڵاكە پشتڕاست دەكاتەوە، بەڵام ناوی ئەو شوێنەی نەهێناوە كە ‏عێراق سكاڵاكەی لێ‌ تۆمار كردووە.

ڕۆژی 20-05-2025، بە سەرپەرشتی و ئامادەیی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە واشنتن دوو گرێبەستی بە بەهای "110 ملیار دۆلار" لە بواری نەوت و غاز لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمریكی واژوو كرد. گرێبەستەكان لە جۆری "هاوبەشیپێكردن"ـن، كە وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو جۆرە گرێبەستانە ڕەت دەكاتەوە و لە ڕابردوودا یەكێك بووە لە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد.

كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، ڕایگەیاند "ڕاوێژمان بە وەزارەتی نەوتی عێراق نەكردووە (بۆ ئەنجامدانی گرێبەستەكان) و چاوەڕێ بەغدا ناكەین كە ڕازی دەبێت یان نا، بەڵام لە بەرژوەندیی عێراقیشدایە، چونكە ئێستا ئەو كارەبای بە غازی كۆرمۆر و خورمەڵە بەرهەم دێت، زیاتر لە هەزار مێگاوات كارەبای بۆ عێراق دەچێت".

مەسروور بارزانی ئەنجامدانی گرێبەستەكانی بە "دەستكەوتی گەورە و گرنگ" و "سەرەتای سەردەمێكی نوێ لە ‏گەشەپێدانی ناوچەكە" وەسف كرد. وتیشی"قۆناغێكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و ‏ئەمریكا دەست پێ دەكات".‏

پاش كەمتر لە 24 كاتژمێر لە ئەنجامدانی گرێبەستەكان، وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا ئەمەریکییەکانی ڕەت كردەوە و ڕایگەیاند "پێچەوانەی یاسا و بڕیاری دادگای فیدراڵییە و پووچەڵن".

لە وەڵامی وەزارەتی نەوتی ‏عێراقیشدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "ئەو دوو ڕێككەوتننامەیەی وەزارەتەكەمان لەگەڵ ‏كۆمپانیا ئەمەریكییەكان كردوویەتی، گرێبەستی نوێ نین، بەڵكوو پێش چەندین ‏ساڵە هەن و دادگاكانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە و هیچ ‏كێشەیەكی یاساییان نییە".‏

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پاڵپشتیی لە گرێبەستە 100 ملیار دۆلارییەکەی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بواری نەوت و غازدا كرد. نووسینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس وتی "خۆشحاڵین بە واژۆکردنی گرێبەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و فراوانبوونی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان".

ڕۆژی 23-05-2025، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاگەیەندراوی دووەمی دەربارەی گرێبەستەكان بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند، ڕێگری و تێبینییان لەسەر کارکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان نییە، بەڵام مامەڵەی ڕاستەوخۆی ئەو کۆمپانیایانە لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەبێ حکومەتی فیدراڵی و کەناڵە فەرمییەکان، "پێچەوانەی دەستوور و یاسایە".

سەبارەت بە گرێبەستەكان، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت لە واشنتۆن قسەی بۆ میدیاكان كرد و ڕایگەیاند "گرێبەستی یەكەم لەنێوان حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای میران ئینێرژیدایە (لە دوو كۆمپانیای HKNـی ئەمریكی و گرووپی ئۆنێكس پێك دێت)، بۆ بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی میران كە هەشت تریلیۆن پێ سێجا غازی تێدایە، ".

بەپێی گرێبەستەكە، سەرەتا لە ماوەی 18 بۆ 20 مانگدا وەكو قۆناغی یەكەم، پێشبینی دەكرێت 50 بۆ 70 ملیۆن پێ سێجا غازی بەرهەم بهێنرێت. دواتر كێڵگەكە غازی زیاتر دابین دەكات.

كەمال محەمەد ڕایشیگەیاند "گرێبەستێكی دووەم لەگەڵ كۆمپانیای وێستێرن زاگرۆسە، بۆ كاركردن لە كێڵگەی تۆپخانە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و غاز. ئەم كۆمپانیا ئەمریكییە پێشتر لە كێڵگەی كوردەمیر كاری كردووە.

بەپێی قسەی وەزیری سامانە سروشتییەكان، لە كێڵگەی میران بەگوێرەی پێشبینییەكان زیاتر لە هەشت ترلیۆن پێ سێجا گاز هەیە، بە نرخی ئێستا بەهاكەی نزیكەی 40 ملیار دۆلار دەكات. هەروەها كێڵگەی تۆپخانە پێنج ترلیۆن پێ سێجا غاز و نۆ ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە و بە گوێرەی نرخی ئێستا نزیكەی 70 ملیار دۆلار دەكات، كە پێكەوە دەكاتە 110 ملیار دۆلار.

وەزیری سامانە سروشتییەكان وتی "گرێبەستەكان بۆ ئەوەیە كێڵگەكانی غاز بەكار بهێندرێن بۆ بەكارهێنانی كارەبا بۆ هەرێمی كوردستان و عێراقیش".

"توانای ژێرخانی كارەبامان هەشت هەزار و 189 مێگاواتە، بەڵام نزیكەی 4500 مێگاوات بەرهەم دەهێندرێت، بەهۆی نەبوونی غازی پێویستەوە. وێستگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا پێویستیان بە یەك ملیۆن مەتر پێ سێجا غاز هەیە، ئێمە 525 ملیۆن پێ سێجا لە كۆرمۆر و 120 بۆ 130 پێ سێجا لە خوورمەڵەیە، ئەوەش نیوەی پێویستیی كارەبایە"، كەما محەمەد وا دەڵێت.

وەزیری سامانە سروشتییەكان ئاماژەی بەوەش كرد، گرێبەستەكان دەبنە هۆی چارەسەكردنی كێشەی كارەبا، هەروەها بۆ پیشەسازیی چیمەنتۆ و ئاسن بەكار دەهێنرێت، هاوكات وەكو وڵاتان غاز بۆ ماڵان دابین دەكەن.