پەرەگراف
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم لە وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراقدا ڕایدەگەیەنێت "ئەو دوو ڕێككەوتننامەیەی وەزارەتەكەمان لەگەڵ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان كردوویەتی، گرێبەستی نوێ نین، بەڵكوو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاكانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە و هیچ كێشەیەكی یاساییان نییە".
وەزارەتەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا جەخت دەكاتەوە كە ئامانج لەو گرێبەستانە "پڕكردنەوەی پێداویستیی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادكردنی بەرهەمی گازی سروشتی بۆ دابینكردنی سووتەمەنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، بە ئامانجی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی كارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەكانی عێراق".
دەقی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان:
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا جەخت لە هەموو ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی خۆی دەكاتەوە وەك قەوارەیەكی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق كە بە ڕوونی ماف و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستانی دەستنیشانكردووە، لە هەمانكاتدا دووپاتی دەكەینەوە كە ئەو دوو ڕێككەوتننامەیەی وەزارەتەكەمان لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای ئەمەریكی HKN و WesternZagros كردوویەتی ، ڕێككەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵكوو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاكانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە و هیچ كێشەیەكی یاساییان نییە و تەنیا كۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەكان گۆڕاون لە چوارچێوەی ڕێكارە یاسایی وگرێبەستییەكانی هاتوو لە ڕێكەوتننامەكان و هەردوو كۆمپانیا ئەمەریكییەكەش، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت وگاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەكییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین.
ئامانج لەو ڕێككەوتننامە و گرێبەستانەش، پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادكردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینكردنی سووتەمەنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە ئامانجی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی كارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەكانی عێراق .
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی
حكومەتی هەرێمی كوردستان
2025/5/20