وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پێشوازیی لە گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دەکات

21-05-2025 06:18

پەرەگراف

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا خۆشحاڵیی دەربڕی بە گرێبەستە 100 ملیار دۆلارییەکەی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە بواری نەوت و گاز.

نووسینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس دەڵێت: خۆشحاڵین بە بە واژۆکردنی گرێبەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و فراوانبوونی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت: ئەم جۆرە هاوبەشییانە بەرهەمهێنانی گاز لە عێراق بەهێزتر دەکات و سوود بە هەردوولا دەگەیەنێت.

ئەو هەڵوێستەی ئەمەریکا دوای ئەوەدێت لە هەنگاوێکی چاوەڕوانکراودا وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو گرێبەستانەی ڕەت کردەوەو بە "نایاسایی" لەقەڵەمیدان کە حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان واژۆیان کرد بە بەهای زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار، بەڵام حکومەتی هەرێم سوورە لەسەر یاساییبوونی گرێبەستەکان.

هەنگاوەکەی هەرێم و دژایەتییەکەی بەغداد درێژەی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولایە لەسەر سەروەریی وزەو دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیی و حکومەتی هەرێم.

حکومەتی هەرێم دەیەوێت "هێزو پێگە"ی خۆی پیشان بدات بە گرێبەستی ١٠٠ ملیار دۆلاریی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە سەردەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا کە ئیدارەکەی زیاتر لە هەر سەردەمێک بایەخ بە ڕاکێشانی پارە بۆ کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی دەدات.

بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ بەغداد، بەچاودێریی مەسروور بارزانی لە واشنتن دوو گرێبەست بە بەهای ١١٠ ملیار دۆلار لە بواری نەوت و گاز واژۆ کرا لەگەڵ هەر دووكۆمپانیای (میران ئینێرژی-لە دوو كۆمپانیای HKNـی ئەمریكی و گرووپی ئۆنێكس پێك دێت) لەگەڵ كۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس، گرێبەستەكان لە جۆری "هاوبەشیپێكردن"ـە، كە وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو جۆرە گرێبەستانە ڕەت دەكاتەوە و لە ڕابردوودا یەكێك بووە لە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد.

مەسروور بارزانی ئەو گرێبەستانە، بە "دەستكەوتی گەورە و گرنگ" و "سەرەتای سەردەمێكی نوێ لە ‏گەشەپێدانی ناوچەكە" ناو دەبات. دەشڵێت "قۆناغێكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و ‏ئەمریكا دەست پێ دەكات".‏

بەپێی گرێبەستەكە لەگەڵ میران ئینێرجی، سەرەتا لە ماوەی 18 بۆ 20 مانگدا وەكو قۆناغی یەكەم، پێشبینی دەكرێت 50 بۆ 70 ملیۆن پێ سێجا غاز لە کێڵگەی میران بەرهەم بهێنرێت، دواتر كێڵگەكە غازی زیاتر دابین دەكات.

گرێبەستی دووەم کە لەگەڵ كۆمپانیای وێستێرن زاگرۆسە، بۆ كاركردن لە كێڵگەی تۆپخانەیە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و غاز. ئەم كۆمپانیا ئەمریكییە پێشتر لە كێڵگەی كوردەمیر كاری كردووە.

بە وتەی وەزیری سامانە سروشتییەكان، لە كێڵگەی میران بەگوێرەی پێشبینییەكان زیاتر لە هەشت ترلیۆن پێ سێجا گاز هەیە، بە نرخی ئێستا بەهاكەی نزیكەی 40 ملیار دۆلار دەكات. هەروەها كێڵگەی تۆپخانە پێنج ترلیۆن پێ سێجا غاز و نۆ ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە و بە گوێرەی نرخی ئێستا نزیكەی 70 ملیار دۆلار دەكات، كە پێكەوە دەكاتە 110 ملیار دۆلار.

وەزارەتی نەوت گرێبەستەکان ڕەت دەکاتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا ئەمەریکییەکانی ڕەت کردەوەو دەڵێت: "پێچەوانەی یاساو بڕیاری دادگای فیدراڵییە". وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەشڵێت: گرێبەستەکان "پوچەڵن".

"سەرەڕای پێویستیی عێراق بۆ زۆركردنی وەبەرهێنانی غازو دابینکردنی خواستی ناوخۆیی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەو رێوشوێنانەی حکومەتی هەرێم گرتوویەتیەبەر، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای عێراقەو سامانی نەوت هی هەموو عێراقییەکانەو هەر وەبەرهێنانێک لەم سامانەدا دەبێت لە ڕێگەی حکومەتی فیدراڵیەوە ئەنجام بدرێت" وەزارەتی نەوت وادەڵێت.

لە وەڵامی وەزارەتی نەوتدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "ئەو دوو ڕێككەوتننامەیەی وەزارەتەكەمان لەگەڵ ‏كۆمپانیا ئەمەریكییەكان كردوویەتی، گرێبەستی نوێ نین، بەڵكوو پێش چەندین ‏ساڵە هەن و دادگاكانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە و هیچ ‏كێشەیەكی یاساییان نییە".‏

سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەندراوێكدا جەخت دەكاتەوە كە ئامانج لەو گرێبەستانە ‏‏"پڕكردنەوەی پێداویستیی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادكردنی بەرهەمی گازی ‏سروشتی بۆ دابینكردنی سووتەمەنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا، بە ‏ئامانجی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی كارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەكانی ‏عێراق".‏

لەگەڵ واژۆکردنی گرێبەستەکاندا، كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، ڕایگەیاند "ڕاوێژمان بە وەزارەتی نەوتی عێراق نەكردووە (بۆ ئەنجامدانی گرێبەستەكان) و چاوەڕێ بەغدا ناكەین كە ڕازی دەبێت یان نا، بەڵام لە بەرژوەندیی عێراقیشدایە، چونكە ئێستا ئەو كارەبا بە غازی كۆرمۆر و خورمەڵە بەرهەم دێت، زیاتر لە هەزار مێگاوات كارەبای بۆ عێراق دەچێت".