وەزارەتی نەوتی عێراق داوا لە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دەکات مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەرێم نەکەن
پەرەگراف
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ڕێگریی و تێبینییان نییە لەسەر کارکردنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، بەڵام مامەڵەی ڕاستەوخۆی ئەو کۆمپانیایانە لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەبێ حکومەتی فیدراڵی و کەناڵە فەرمییەکان، "پێچەوانەی دەستوورو یاسایە".
ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە لەبارەی گرێبەستەکانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان و حکومەتی هەرێم، ئەوەدەخاتەڕوو کە هەمیشە پێشوازیی لە کارکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانى ئەمەریکا دەکەن بۆ پەرەپێدان بە کێڵگەکانى نەوت و گاز لە رێگەى پەیوەندى و گرێبەستى راستەخۆ، کە دەستوور و بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى بڕیارى لەسەر داوە.
حکومەتی هەرێم دەیەوێت "هێزو پێگە"ی خۆی پیشان بدات بە گرێبەستی ١٠٠ ملیار دۆلاریی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە سەردەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا کە ئیدارەکەی زیاتر لە هەر سەردەمێک بایەخ بە ڕاکێشانی پارە بۆ کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی دەدات.
بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ بەغداد، بەچاودێریی مەسروور بارزانی لە واشنتن دوو گرێبەست بە بەهای ١١٠ ملیار دۆلار لە بواری نەوت و گاز واژۆ کرا لەگەڵ هەر دووكۆمپانیای (میران ئینێرژی-لە دوو كۆمپانیای HKNـی ئەمریكی و گرووپی ئۆنێكس پێك دێت) لەگەڵ كۆمپانیای وێستێرن زاگرۆس، گرێبەستەكان لە جۆری "هاوبەشیپێكردن"ـە، كە وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو جۆرە گرێبەستانە ڕەت دەكاتەوە و لە ڕابردوودا یەكێك بووە لە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد.
مەسروور بارزانی ئەو گرێبەستانە، بە "دەستكەوتی گەورە و گرنگ" و "سەرەتای سەردەمێكی نوێ لە گەشەپێدانی ناوچەكە" ناو دەبات. دەشڵێت "قۆناغێكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و ئەمریكا دەست پێ دەكات".
بەپێی گرێبەستەكە لەگەڵ میران ئینێرجی، سەرەتا لە ماوەی 18 بۆ 20 مانگدا وەكو قۆناغی یەكەم، پێشبینی دەكرێت 50 بۆ 70 ملیۆن پێ سێجا غاز لە کێڵگەی میران بەرهەم بهێنرێت، دواتر كێڵگەكە غازی زیاتر دابین دەكات.
گرێبەستی دووەم کە لەگەڵ كۆمپانیای وێستێرن زاگرۆسە، بۆ كاركردن لە كێڵگەی تۆپخانەیە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و غاز. ئەم كۆمپانیا ئەمریكییە پێشتر لە كێڵگەی كوردەمیر كاری كردووە.
بە وتەی وەزیری سامانە سروشتییەكان، لە كێڵگەی میران بەگوێرەی پێشبینییەكان زیاتر لە هەشت ترلیۆن پێ سێجا گاز هەیە، بە نرخی ئێستا بەهاكەی نزیكەی 40 ملیار دۆلار دەكات. هەروەها كێڵگەی تۆپخانە پێنج ترلیۆن پێ سێجا غاز و نۆ ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە و بە گوێرەی نرخی ئێستا نزیكەی 70 ملیار دۆلار دەكات، كە پێكەوە دەكاتە 110 ملیار دۆلار.