مەسروور بارزانی بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ بەغداد دوو گرێبەستی نوێی نەوت و غازی لە واشنتن ئەنجام دا
پەرەگراف
بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ بەغداد، مەسروور بارزانی لە واشنتن دوو گرێبەست بە بەهای "زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار" لە بواری نەوت و غاز لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمریكی ئەنجام دەدات. گرێبەستەكان لە جۆری "هاوبەشیپێكردن"ـە، كە وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو جۆرە گرێبەستانە ڕەت دەكاتەوە و لە ڕابردوودا یەكێك بووە لە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد.
كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، ڕایگەیاند "ڕاوێژمان بە وەزارەتی نەوتی عێراق نەكردووە (بۆ ئەنجامدانی گرێبەستەكان) و چاوەڕێ بەغدا ناكەین كە ڕازی دەبێت یان نا، بەڵام لە بەرژوەندیی عێراقیشدایە، چونكە ئێستا ئەو كارەبای بە غازی كۆرمۆر و خورمەڵە بەرهەم دێت، زیاتر لە هەزار مێگاوات كارەبای بۆ عێراق دەچێت".
سەبارەت بە گرێبەستەكان، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت لە واشنتۆن قسەی بۆ میدیاكان كرد و ڕایگەیاند "گرێبەستی یەكەم لەنێوان حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای میران ئینێرژیدایە (لە دوو كۆمپانیای HKNـی ئەمریكی و گرووپی ئۆنێكس پێك دێت)، بۆ بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی میران كە هەشت تریلیۆن پێ سێجا غازی تێدایە، ".
بەپێی گرێبەستەكە، سەرەتا لە ماوەی 18 بۆ 20 مانگدا وەكو قۆناغی یەكەم، پێشبینی دەكرێت 50 بۆ 70 ملیۆن پێ سێجا غازی بەرهەم بهێنرێت. دواتر كێڵگەكە غازی زیاتر دابین دەكات.
كەمال محەمەد ڕایشیگەیاند "گرێبەستێكی دووەم لەگەڵ كۆمپانیای وێستێرن زاگرۆسە، بۆ كاركردن لە كێڵگەی تۆپخانە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و غاز. ئەم كۆمپانیا ئەمریكییە پێشتر لە كێڵگەی كوردەمیر كاری كردووە.
بەپێی قسەی وەزیری سامانە سروشتییەكان، لە كێڵگەی میران بەگوێرەی پێشبینییەكان زیاتر لە هەشت ترلیۆن پێ سێجا گاز هەیە، بە نرخی ئێستا بەهاكەی نزیكەی 40 ملیار دۆلار دەكات. هەروەها كێڵگەی تۆپخانە پێنج ترلیۆن پێ سێجا غاز و نۆ ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە و بە گوێرەی نرخی ئێستا نزیكەی 70 ملیار دۆلار دەكات، كە پێكەوە دەكاتە 110 ملیار دۆلار.
وەزیری سامانە سروشتییەكان وتی "گرێبەستەكان بۆ ئەوەیە كێڵگەكانی غاز بەكار بهێندرێن بۆ بەكارهێنانی كارەبا بۆ هەرێمی كوردستان و عێراقیش".
"توانای ژێرخانی كارەبامان هەشت هەزار و 189 مێگاواتە، بەڵام نزیكەی 4500 مێگاوات بەرهەم دەهێندرێت، بەهۆی نەبوونی غازی پێویستەوە. وێستگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا پێویستیان بە یەك ملیۆن مەتر پێ سێجا غاز هەیە، ئێمە 525 ملیۆن پێ سێجا لە كۆرمۆر و 120 بۆ 130 پێ سێجا لە خوورمەڵەیە، ئەوەش نیوەی پێویستیی كارەبایە"، كەما محەمەد وا دەڵێت.
وەزیری سامانە سروشتییەكان ئاماژەی بەوەش كرد، گرێبەستەكان دەبنە هۆی چارەسەكردنی كێشەی كارەبا، هەروەها بۆ پیشەسازیی چیمەنتۆ و ئاسن بەكار دەهێنرێت، هاوكات وەكو وڵاتان غاز بۆ ماڵان دابین دەكەن.
سەبارەت بە فرۆشتنی غاز بە دەرەوە، وەزیری سامانە سروشتییەكان ڕایگەیاند، ئەگەر غازی بەرهەمهێنراو لە پێویستیی كارەبا و پێشەسازی و ماڵان زیاتر بوو، ئەوكاتە دەیفرۆشن.
كەمال محەمەد لەبارەی هەڵوێستی عێراق و دروستبوونی كێشە لەسەر ئەو گرێبەستانە، جەختی كردەوە "گرێبەستەكان نابێت كێشە دروست بكەن، چونكە هەمان گرێبەست پێشتر هەبوون، تەنیا كۆمپانیایەك ڕۆیشتووە و یەكێكی دیكە چووەتە شوێنی". بە قسەی ئەو، ئەگەر بەغدا كێشەی لەگەڵ گرێبەستە نوێیەكان هەبێت، ئەوا لەگەڵ هەموو گرێبەستەكان دەیبێت، چونكە هاوشێوەن.