یوسف كیلابی گواستنەوەی مووچە بۆ سەر بەغداد بە 'مژدانە' بۆ فەرمانبەرانی ‏هەرێم ناودەبات

16-10-2023 07:30

پەرەگراف

هەوڵەكان بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ بەغدا بەردەوامن و یوسف ‏كیلابی پەرلەمانتاری عێراق وەک "مژدە" بە مووچەخۆرانی ھەرێم دەڵێت كە سوودانی ئامادەیە ڕاستەخۆ مووچە بەسەر ‏فەرمانبەرانی هەرێمدا دابەش بكات، ئەگەر لە یاسای بودجەدا بە بڕگەیەك جێگیر ‏بكرێت.‏

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا ‏ڕایگەیاند، لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە سەردانی محەمەد شیاع سوودانی ‏سەرۆكوەزیرانی عێراقی كردووە. سەرۆكوەزیران پێی راگەیاندووە، ئەگەر لە پەرلەمان ‏دەنگ لەسەر دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لە بەغداوە بدات و ‏وەكوو بڕگەیەك لە هەمواری یاسای بودجەی 2024دا جێگیری بكەن، ئەوا "حكومەتیش ‏یاساكە جێبەجێ دەكات" و مووچە دەنێرێت.‏

كیلابی كە بووە بە دیارترین دەموچاوی بەرگریكار لە گواستنەوەی مووچەی ‏فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر حكومەتی فیدراڵ، "مژدە" دەداتە فەرمانبەرانی هەرێمی ‏كوردستان بەوەی كە "لە كۆی 25 ئەندامی لیژنەی دارایی، 20 ئەندامیان واژوویان بۆ ‏هەمواركردنی یاسای بودجە كردووە، لە كاتێكدا داواكارییەكە تەنیا 10 وژووی ‏پێویستە".‏

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی رایدەگەیەنێت "هەفتەی داهاتوو دەست دەكرێت بە ڕێكاری ‏هەمواری یاسای بودجەی 2024". دەشڵێت "لەگەڵ حیزبە كوردییەكان" قسەی كردووە ‏و هەوڵ دەدەن ئەوە لە یاساكەدا بچەسپێنن كە ڕێگە بە وەزارەتی دارایی عێراق بدات ‏ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش بكات.‏

بە قسەی كیلابی، تا ئێستا "زیاتر لە 250 فەرمانبەر"ی هەرێم واژوویان بۆ ‏گواستنەوەی مووچەكانیان بۆ سەر حكومەتی فیدراڵ كردووە و ئەوانیش لە لیژنەی ‏دارایی پاڵپشتی لە داواكارییەكانیان دەكەن.‏

پێشتر لە پەرلەمانی عێراق واژوو بۆ ڕاستەوخۆ دابەشكردنی مووچە لە بەغداوە ‏كۆكرایەوە و یوسف كیلابی ڕایگەیاند "زیاتر لە 100 پەرلەمانتار واژوویان كردووە".‏

ئەندامانی فراكسیۆنەكانی یەكێتی، نەوەی نوێ‌، یەكگرتوو و كۆمەڵ واژوویان لەسەر ‏داواكارییەكە كردووە، تەنیا فراكسیۆنی پارتی ڕەتی كردووەتەوە.‏

حكومەتی هەرێم ئەو داواكارییە بە "نادەستوور"ی ناو دەبات و دەڵێت "بە هیچ ‏شێوەیەك جێبەجێ‌ ناكرێت". مەسروور بارزانییش داوای لە پەرلەمانتاران كرد دەست ‏لەو هەوڵە هەڵبگرن و وتی "ئەگەر مووچەش لە بابەتەكانی دیكە جیا بكرێتەوە، دیسان ‏هەر دەبێت لە ڕێگەی دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ‏دابەش بكرێت، نەك وەكوو ئەوەی هەندێك كەس داوایان كردووە كە بە میكانیزمێكی ‏نادەستووری، ڕاستەوخۆ مووچەخۆران بە بەغداوە ببەسترێنەوە".‏

* مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی: 200 هەزار واژوومان پێویستە بۆ گواستنەوەی مووچە بۆ بەغداد

* دەیان پەرلەمانتار واژوویان كردووە بۆ دابەشكردنی ڕاستەوخۆی مووچەی ‏فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە

* دابەشكردنی مووچە ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە لەبەردەم 'یارییەكی پارتی و دوو لەمپەری گەورە' دایە

* یوسف كیلابی: زیاتر لە ١٠٠ پەرلەمانتار پشتگیریی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغداد دەكەن

* مەسروور بارزانی: ئەگەر مووچە لە بابەتەكانی دیكەیش جیا بكرێتەوە، هەر دەبێت حكومەتی هەرێم دابەشی بكات

* حكومەتی هەرێم: پێویستە مووچەخۆران مووچەكانیان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمـەوە وەربگرن