دابەشكردنی مووچە ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە لەبەردەم 'یارییەكی پارتی و دوو لەمپەری گەورە' دایە

03-10-2023 08:37

پەرەگراف

بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق لە پشكی پارتی، هەوڵی فراكسیۆنە كوردییەكان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە، بە "یاریكردن بە ھەست و سۆزی مووچەخۆران" ناو دەبات و دەڵێت كارێكی لەو شێوە "پێچەوانەی دەستوورە". سەرچاوەیەكیش بۆ پەرەگراف دوو لەمپەری گەورە لەبەردەم ئەو پرۆسەیەدا دەخاتە ڕوو و باسیش لە ئەگەری "یاری"یەكی پارتی لەم دۆسیەدا دەكات.

مەسعود حەیدەر، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق لە پشكی پارتی، دەڵێت "بە پێی دەستووری عێراق، حكومەتی عێراق ناتوانێت راستەوخۆ مووچە یان ھەر خەرجییەكی تر بۆ ھەرێم خەرج بكات". جەختیش دەكاتەوە كە "ھەموو مامەڵەیەكی نێوان ھەرێم و بەغداد، دەبێ لە رێگەی دامو دەزگا فەرمییەكانی ھەردوولاوە بێت كە حكومەتی ھەرێم و حكومەتی فیدراڵین".

مەسعود حەیدەر پێی وایە ھەر بابەتێك لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە بێت، "یاریكردنە بە ھەست و سۆزی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق ناتوانێت جێبەجێی بكات، چونكە پێچەوانەی ماددەكانی ١١٧ و ١٢١ ی دەستوورە".

ئەو ماددە دەستوورییانەی بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی پێ‌ داون، باس لە دانپێدانان بە قەوارەی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكەی دەكەن.

ئەو قسانەی مەسعود حەیدەر پاش ئەوە دێت كە دوێنێ‌ پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق جگە لە ‏پارتی، لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتاری دیكە نزیكەی 60 واژوویان ‏كۆكردەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەخۆ ‏‏(لەلایەن حكومەتی عێراقەوە) دابەش بكرێت. ئەمەش پاش سەردانی ژمارەیەك نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بۆ بەغدا هات كە 60 هەزار واژوویان بۆ ئەو مەبەستە گەیاندە بەغداد.

سەرچاوەیەكی پسپۆڕ لە دەستوور و ئاگادار لە پرسە داراییەكانی كورد لە بەغداد كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە پەرەگرافی وت "پێشكەشكردنی پرۆژەیاسایەك بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە، لەمپەری زۆر لەبەردەمدایە كە دوو لەو لەمپەرانە ڕێگری گەورەن".

ئەو سەرچاوەیە وتی "دەكرێت پرۆژەیاسایەك لەلایەن ئەو پەرلەمانتارانەوە بۆ راستەوخۆ دابەشكردن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە، پێشكەشی پەرلەمان بكرێت، بەڵام ئەوكات كێشەی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم دێتە پێشەوە، كە بەپێی داتاكانی بەغداد، هەرێم 682 هەزار فەرمانبەری هەیە، بەپێی داتاكانی حكومەتی هەرێمیش زیاتر لە ملیۆنێك و 200 هەزار فەرمانبەر هەن".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "لەمپەرێكی دیكە ئەوەیە كە بەپێی دەستوور، هەرێمی كوردستان وەكوو هەرێمێكی فیدراڵی، كۆمەڵێك دەسەڵاتی دارایی هەیە، ئەوكاتە دەتوانێت تانە لە پرۆژەی سەربەخۆ دابەشكردنی مووچە بدات و بە پێشێلكردنی دەسەڵاتەكانی هەرێم وەسفی بكات".

هەر ئەو سەرچاوەیە كە بە وردی ئاگای لە دۆسیە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغدادە، پێی وایە لە ئەگەری سەرگرتنی پرۆژەیاسایەك بۆ سەربەخۆ دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، ئەوكاتە پارتی یارییەكی دیكە دەهێنێتە ئاراوە كە جیاوازیی ژمارەی فەرمانبەرانە لە نێوان هەرێم بەغداد، بە جۆرێك بەغداد نیوەی فەرمانبەرانی هەرێم بە ڕەسمی ناناسێت و مووچەكانیان نانێرێت، ئەوكات پارتی بڕینی مووچەی ئەو مووچەخۆرانە دەخاتە ئەستۆی ئەو لایەنانەی بە پرۆژەكە هەستاون".

هێنانەكایەی ئەم پرسە لە كاتێكدایە كە ماوەیەك لەمەوبەر محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، سەبارەت بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕایگەیاند، هیچ بڕگەیەك لە یاسای بودجەدا تایبەت بە ناردنی مووچە نییە، بۆیە ناتوانێت كاری لەو شێوەیە بكات.

دوێنێ‌ یاداشتێك لە پەرلەمانی عێراق واژووی بۆ كۆكرایەوە و ‏ئاراستەی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان كرا. ‏پەرلەمانتارانی هەریەك لە فراكسیۆنەكانی یەكێتی، نەوەی نوێ‌، ‏یەكگرتوو و كۆمەڵ لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتاری عەرەب لەوانە: یوسف ‏كیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی و حسێن موئەنیس، سەرۆكی فراكسیۆنی ‏حقوق، واژوویان لەسەر كردووە.‏

لە یاداشتەكەدا داوا كراوە "هاوشێوەی فەرمانبەرانی فیدراڵی، مامەڵە ‏لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكرێت. ڕاستەوخۆ ‏مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بكرێت، بەپێی ‏میكانیزمێكی گونجاوی یاسایی و خێرا كە بتوانرێت جێبەجێ بكرێت".‏

پێشنیار كراوە كارتی ئەلیكترۆنی بە فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت و ‏ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی بانكەكانی عێراق كە نووسینگەیان لە هەرێمی ‏كوردستان هەیە، مووچەكانیان بخرێتە سەر هەژمارەكانیان.‏ ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق واژوویان لەسەر ‏یاداشتەكە نەكردووە.‏

پەرلەمانتاران هۆكاری ئەو داواكارییەیان بۆ دۆخی خراپی ‏فەرمانبەرانی هەرێم لە چەند ساڵی ڕابردوودا گەڕاندووەتەوە، كە ‏مووچەكانیان تووشی لێبڕین و پاشەكەوت و دواكەوتن بووەتەوە، لە ‏ئەنجامی كێشە و ململانێكانی نێوان هەولێر و بەغدا.