دەیان پەرلەمانتار واژوویان كردووە بۆ دابەشكردنی ڕاستەوخۆی مووچەی ‏فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە

02-10-2023 09:07

پەرەگراف

پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق جگە لە ‏پارتی، لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتاری دیكە نزیكەی 60 واژوویان ‏كۆكردووەتەوە و داوا دەكەن "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەخۆ ‏‏(لەلایەن حكومەتی عێراقەوە) دابەش بكرێت".‏

یاداشتەكە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق واژووی بۆ كۆكراوەتەوە و ‏ئاراستەی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كراوە. ‏پەرلەمانتارانی هەریەك لە فراكسیۆنەكانی یەكێتی، نەوەی نوێ‌، ‏یەكگرتوو و كۆمەڵ لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتاری عەرەب لەوانە: یوسف ‏كیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی و حەسەن موئنیس، سەرۆكی فراكسیۆنی ‏حقوق، واژوویان لەسەر كردووە.‏

لە یاداشتەكەدا داوا كراوە "هاوشێوەی فەرمانبەرانی فیدراڵی، مامەڵە ‏لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكرێت. ڕاستەوخۆ ‏مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج بكرێت، بەپێی ‏میكانزمێكی گونجاوی یاسایی و خێرا كە بتوانرێت جێبەجێ بكرێت".‏

پێشنیار كراوە كارتی ئەلیكترۆنی بە فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت و ‏ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی بانكەكانی عێراق كە نووسینگەیان لە هەرێمی ‏كوردستان هەیە، مووچەكانیان بخرێتە سەر هەژمارەكانیان.‏

ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق واژوویان لەسەر ‏یاداشتەكە نەكردووە.‏

پەرلەمانتارەكان هۆكاری ئەو داواكارییەیان بۆ دۆخی خراپی ‏فەرمانبەرانی هەرێم لە چەند ساڵی ڕابردوودا گەڕاندووەتەوە، كە ‏مووچەكانیان تووشی لێبڕین و پاشەكەوت و دواكەوتن بووەتەوە، لە ‏ئەنجامی كێشە و ململانێكانی نێوان هەولێر و بەغدا.‏

نووسراوەكە جەختی كردووەتەوە لەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی ‏كوردستان بەپێی دەستوور، هەمان ئەرك و مافی فەرمانبەرانی حكومەتی ‏فیدراڵییان هەیە و دروست نییە كە ناكۆكییە سیاسییەكان و كێشە ‏داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم كاریگەریی ‏بكاتە سەر مووچەكانیان.‏

یاداشتی ئەو پەرلەمانتارانە پاش ئەوە هات كە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ‏غالب محەمەد، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەك لە ‏نوێنەری مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێم، سەردانی بەغدایان ‏كرد و 60 هەزار واژوویان بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ‏ڕاستەوخۆ لەلایەن حكومەتی عێراقەوە لەگەڵ خۆیان برد.‏

غالب محەمەد، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە هەژماری خۆی لە ‏فەیسبووك دەڵێت "لە سەردانەكەدا داوامان لە یوسف كیلابی كرد كە ‏پرۆژەیاسایەك گەڵاڵە بكات سەبارەت بە پێدانی مووچەی مامۆستایان و ‏فەرمانبەران بە شێوەی ڕاستەخۆ لە لایەن عێراقەوە، ئەمڕۆ لەلایەن ‏بەرێزیان پڕۆژەكە نووسراوە و دراوە بە هەموو پەرلەمانتارەكان بۆ ‏ئەوەی واژووی بكەن".‏