مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی: بایكۆت بەردەوام دەبێت و 200 هەزار واژوومان پێویستە بۆ گواستنەوەی مووچە بۆ بەغداد

30-09-2023 04:39

پەرەگراف

دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێم بۆ چارەسەری كێشەی مووچە سەردانی بەغدادی كرد و دەڵێت "60 هەزار واژووی مامۆستایان و فەرمانبەران بۆ ڕاستەوخۆ دابەشكردنی مووچەكانیان لە بەغداوە بە كارتی بانكی" ڕادەستی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كراوە.

دەستەكە ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كاراكردنەوەی فۆڕمی داواكاریی دابەشكردنی ڕاستەوخۆی مووچە لە بەغداوەی ڕاگەیاند و داوای لە سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانیش كرد "بەبێ‌ ترس فۆڕمەكە پڕ بكەنەوە، تا داواكاریی گواستنەوەی مووچە بەهێزتر ببێت".

دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی هەرێم جەخت دەكاتەوە كە "ئەگەر 200 هەزار مامۆستا و فەرمانبەر فۆڕمەكە پڕ بكەنەوە، پاڵپشتیی یاسایی هەیە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ مووچەكانیان لە بەغدادەوە بنێردرێت".

هەروەها دەستەكە ئاماژەی بەوە كرد كە لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق كۆبووەتەوە و بەڵێنی داوە كە "چیتر ڕێگە نادەن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوابەكەوێت و دەبنە بەرگریكاری فەرمانبەرانی هەرێم".

سەبارەت بە ئەگەری شكاندنی بایكۆت دوای وەرگرتنی یەك مووچە، دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی جەخت دەكاتەوە كە بەردەوام دەبن لە بایكۆت و دەڵێت "دابەشكردنی مووچە بەم جۆرە، لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، گاڵتەجارییە و حیساب بكە لە سبەینێوە دەست بە بایكۆت دەكەین".