مەسروور بارزانی: ئەگەر مووچە لە بابەتەكانی دیكەیش جیا بكرێتەوە، هەر دەبێت حكومەتی هەرێم دابەشی بكات
پەرەگراف
مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، هەوڵی فراكسیۆنە كوردییەكان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستوخۆ لە بەغداوە، بە "نادەستووری" ناو دەبات و دەڵێت "ئەگەر مووچەش لە بابەتەكانی دیكە جیا بكرێتەوە، دیسان هەر دەبێت لە ڕێگەی دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابەش بكرێت، نەك وەكوو ئەوەی هەندێك كەس داوایان كردووە كە بە میكانیزمێكی نادەستووری، ڕاستەوخۆ مووچەخۆران بە بەغداوە ببەسترێنەوە".
مەسروور بارزانی ئەمڕۆ لە كۆتایی وتارێكدا لە 42ـەمین خولی دەرچووانی زانكۆی سەلاحەدین لە هەولێر، باسی پرسی مووچەی كرد و وتی "هەوڵمان داوە بابەتی مووچە تێكەڵ بە كێشە سیاسییەكان نەكرێت و مووچەخۆرانی هەرێمیش وەكوو سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم لە كاتی خۆیدا مووچە وەرگرن، ئەوە پێشنیاری من بووە، بەڵام دەبینین خەریكە ئەم بابەتەش بە ئاراستەیەكی هەڵەدا دەبرێت".
سەرۆكی حكومەتی هەرێم، هەوڵی فراكسیۆنە كوردییەكان و ژمارەیەك پەرلەمانتاری دیكە بۆ ڕاستەوخۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە، بە "پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێم و لاوازكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان" ناو دەبات و دەڵێت "داوا لەو لایەنانە دەكەم كە چیتر هەوڵی ئاسانكاری و ڕێخۆشكردن بە كەس نەدەن كە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل بكەن".
"بڕواتان بە خۆتان و حكومەتەكەتان هەبێت، واز لەو سیاسەتە بهێنن، بگەڕێنەوە بەرەی گەل و واز لە بەرژەوەندییە تەسكەكانی خۆتان بهێنن، بیر لە بەرژەوەندیی باڵای گەل و خاك و نیشتمانەكەمان بكەنەوە"، مەسروور بارزانی وا دەڵێت.