یەكێتی پاش یەكەم كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی، پەیامی پشتگیری لە دابەشكردنی مووچە لەلایەن بەغداوە بڵاو دەكاتەوە

11-10-2023 02:54
یەکەم کۆبوونەوەى مەکتەبى سیاسیى یەکێتى بە سەرپەرشتیى بافڵ تاڵەبانى

پەرەگراف

پاش یەكەم كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، وتەبێژی حیزبەكە دەڵێت "نابێت لە مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا دوودڵ بین، نابێت دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و خانەنشینانمان لە ڕێگەی كارت لە بانكەكانەوە، بە مەترسی لەسەر هەرێم بزانین".

ئەم لێدوانەی سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی، ڕاستەوخۆ لە دوای یەكەم كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی حیزبەكەی، پەیامی پشتگیریی یەكێتیی تێدایە بۆ هەوڵی دابەشكردنی مووچە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە، كە پێشتریش فراكسیۆنەكیان لە پەرلەمانی عێراق واژووی بۆ كردووە.

وەكوو میدیای یەكێتی بڵاوی كردووەتەوە، سەعدی پیرە دەڵێت "یەكێتی هەمیشە ئامادەیی لە بەغدا هەبووە، هەمیشە كاری كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و بەتایبەتیش ئەو كێشانەی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و مووچەخۆرانەوە هەیە".

"دەبێت سوود وەربگرین لە پەیوەندییە بانكییەكان و پەرەی پێ بدەین، كارێك بكرێت هەر كەسە و كارتی خۆی هەبێت و مووچە لە كاتی خۆیدا وەربگرێت و ژیانی مسۆگەر بێت. ئەوەی كە هەرێم بەمە لاواز دەبێت، پێم وایە بیركردنەوەیەكی دروست نییە"، وتەبێژی یەكێتی وا دەڵێت.

ئەم لێدوانەی وتەبێژی یەكێتی لە كاتێكدایە كە بەرپرسانی پارتی هەوڵی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە بە مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێم ناو دەبەن و فراكسیۆنەكەشی لە بەغداد واژووی یاداشتەكەی نەكردووە.

ڕۆژی 5-10-2023یش مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، هەوڵی فراكسیۆنە كوردییەكان و ژمارەیەك پەرلەمانتاری دیكەی بۆ ڕاستەوخۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە، بە "پێشێلكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێم و لاوازكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان" ناو برد و وتی "داوا لەو لایەنانە دەكەم كە چیتر هەوڵی ئاسانكاری و ڕێخۆشكردن بە كەس نەدەن كە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل بكەن".

سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەختی كردەوە كە "ئەگەر مووچەش لە بابەتەكانی دیكە جیا بكرێتەوە، دیسان هەر دەبێت لە ڕێگەی دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابەش بكرێت، نەك وەكوو ئەوەی هەندێك كەس داوایان كردووە كە بە میكانیزمێكی نادەستووری، ڕاستەوخۆ مووچەخۆران بە بەغداوە ببەسترێنەوە".

ڕۆژی 2-10-2023، پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق جگە لە ‏پارتی، لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتاری دیكە، وژوویان ‏كۆكردەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەخۆ ‏‏(لەلایەن حكومەتی عێراقەوە) دابەش بكرێت و بە یاداشتێك ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمانیان كرد. ئەمەش پاش سەردانی ژمارەیەك نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بۆ بەغدا هات كە دەیان هەزار واژوویان بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ خۆیان بردبوو.

نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم ڕۆژی 26-9-2023 چوونە بەغدا و لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەناویاندا یوسف كیلابی كۆبوونەوە، كۆبوونەوەیەكی دیكەشیان لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق بوو. نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم ڕایانگەیاند كە خەزعەلی "بەڵێنی دا چیتر ڕێگە نادەن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوابەكەوێت و دەبنە بەرگریكاری فەرمانبەرانی هەرێم".

یوسف كیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، كە پاڵپشتیی ئەم بابەتە دەكات و لەناو كۆبوونەوەی پەرلەمانیش قسەی لەبارەوە كرد، ڕۆژی 4-10-2023 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاند "دوای كۆكردنەوەی ٢٠٠ هەزار ئیمزای فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ گواستنەوەی مووچەكانیان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بەغداد، ئێستا زیاتر لە ١٠٠ پەرلەمانتار ئیمزایان كردووە و پشتیوانیی ئەم داخوازییە دەكەن".

*مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی: 200 هەزار واژوومان پێویستە بۆ گواستنەوەی مووچە بۆ بەغداد

* دەیان پەرلەمانتار واژوویان كردووە بۆ دابەشكردنی ڕاستەوخۆی مووچەی ‏فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە

* یوسف كیلابی: زیاتر لە ١٠٠ پەرلەمانتار پشتگیریی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغداد دەكەن

* مەسروور بارزانی: ئەگەر مووچە لە بابەتەكانی دیكەیش جیا بكرێتەوە، هەر دەبێت حكومەتی هەرێم دابەشی بكات

* دابەشكردنی مووچە ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە لەبەردەم 'یارییەكی پارتی و دوو لەمپەری گەورە' دایە