یەكێتی نیگەرانە؛ بافڵ تاڵەبانی دۆسیەی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی عەربەت دەباتە بەغداد

21-09-2023 02:52

پەرەگراف

هێرشەكەی توركیا بۆ سەر فڕۆكەخانەی عەربەت كە ڕاستەوخۆ هێزێكی یەكێتیی كردە ئامانج، بە تەواوی بەرپرسانی ئەو حیزبەی نیگەران كردووە، بافڵ تاڵەبانی لە بەغداد هەوڵی بەدەستهێنانی "كۆدەنگیی نیشتمانی" بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و ڕێگری لەو هێرشانە دەدات، قوباد تاڵەبانیش لە هەرێم لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی یەكێتیی ئەورووپاوە داوای "هەنگاوی كردەیی" بۆ ڕاگرتنی ئەو جۆرە هێشانە دەكات.

بەم دواییانە هێرشەكانی توركیا بە ناوی كردنە ئامانجی پەكەكە، لە سنووری هەرێمی كوردستان و بە تایبەت ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی چڕ بوونەتەوە، كە بەشێك لە هێرشەكان هاووڵاتیی مەدەنییان كردووەتە ئامانج، بەرپرسانی هەرێمیش هەڵوێستی جیدییان نەبووە، بەڵام ئەم جارە توركیا بە پلان ڕاستەخۆ هێزێكی ئەمنیی یەكێتیی كردووەتە ئامانج و هەڕەشەكان سنووری پەكەكە و هاووڵاتیی مەدەنیی تێپەڕاندووە، بۆیە بەرپرسانی یەكێتی كەوتوونەتە خۆ.

پاش دوو ڕۆژ لە هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی عەربەت، بافڵ تاڵەبانی دۆسیەكەی بردە بەغداد و لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردەی لایەنە شیعەكان ڕایگەیاندووە "دەستبردن بۆ دامەزراوە سەربازی، یاسایی و دەستوورییەكان پێشهاتێكی مەترسیدارە و پێویستە هەموومان پێكەوە ڕووبەڕووی ببینەوە، نابێت ڕێگە بدرێت لەژێر هیچ پاساوێكدا سنووری وڵات ببەزێنرێت".

پێشتریش لە ڕاگەیەندراوی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی یەكێتی و بەرپرسانی دیكەی ئەو حیزبە، ڕووداوەكە بە "هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر هێزێكی ئەمنیی فەرمی و پێشێلكردنی سەروەریی عێراق" ناو برا و داوایان كرد حكومەتی عێراق هەڵوێستی هەبێت و بەر بەو جۆرە هێرشانە بگرێت كە بەردەوام دووبارە دەبنەوە.

لە كۆبوونەوە لەگەڵ تۆركیڵد بیگ، نوێنەری یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێم، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاندووە "هێزێكی فەرمیی عێراقی ‌و كوردستانی كراوەتە ئامانج، داوا دەكەین حكومەتی عێراق‌ و هاوپەیمانان‌ و یەكێتیی ئەورووپا هەنگاوی كردەیی بنێن‌ و سنوورێك بۆ ئەو هێرشە سەربازییانە دابنێن".

بۆ هەمان مەبەست، بافڵ تاڵەبانی ڕۆژی چوارشەممە گەیشتە بەغداد و بە جیا لەگەڵ نووری مالیكی، سەرۆكی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح و عەمار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمە و حەیدەر عەبادی، سەرۆكی ھاوپەیمانیی نەسر و دواجاریش لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عیراق كۆبووەوە.

سەرۆكی یەكێتی ژمارەیەك پرسی لەگەڵ سەركردەكانی شیعە تاوتوێ‌ كردووە، بەڵام دۆسیەی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی عەربەت سەرەكیترینیان بووە. بەپێی هەواڵی دانیشتنەكان كە لە هەژماری فەرمیی بافڵ تاڵەبانی لە فەیسبووك بڵاو كراونەتەوە، زۆرترین قسە لەسەر ئەو پرسە كراوە.

لە یەكەم كۆبوونەوە كە لەگەڵ نووری مالیكی ئەنجامی دا، بافڵ تاڵەبانی داوای كردووە "حكومەتی عێراق ئەركە دەستوورییەكانی خۆی ڕابپەڕێنێت، سنوور بۆ پێشێلكارییەكان دابنێت و هیچ پاساوێك بۆ بەزاندنی ئاسمان و خاكی وڵات نەمێنێت".

دواتریش لە كۆبوونەوە لەگەڵ هادی عامری، بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاندووە "دەستبردن بۆ دامەزراوە سەربازی، یاسایی و دەستوورییەكان پێشهاتێكی مەترسیدارە و پێویستە هەموومان پێكەوە ڕووبەڕووی ببینەوە، نابێت ڕێگە بدرێت لەژێر هیچ پاساوێكدا سنووری وڵات ببەزێنرێت".

هەروەها لە كۆبوونەوە لەگەڵ عەمار حەكیم، "هەردوولا ئیدانە"ی هێرشەكەیان كردووە و "جەختیان لە یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان" كردووەتەوە لەپێناو "ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەك كە ئاسایش و سەقامگیریی وڵات بخاتە مەترسییەوە".

دواتریش لە كۆبوونەوەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی، بافڵ تاڵەبانی جەختی لەوە كردووەتەوە كە "ڕێگریكردن لە دەستدرێژییەكان و پاراستنی سەروەرییەكانی وڵات، پەیوەستە بە كۆدەنگیی نیشتمانییەوە"، بۆ ئەوەش ڕایگەیاندووە "پێویستە هەمووان هەوڵ بۆ ڕێگریكردن لەو هێرشانە بدەن و نەهێڵین چیتر سەقامگیریی خاكەكەمان ڕووبەڕووی مەترسی ببێتەوە".

سەرۆكی یەكێتی لە كۆبوونەوەكاندا جەختی كردووەتەوە كە "ڕووبەڕووی پێشێلكاری و بەزاندنی سنووری وڵات، ئەركی حكومەتی عێراق و هەموو لایەنەكانە". وتویشیەتی "ناكرێت سەقامگیریی خاك و وڵاتمان لەژێر مەترسیدا بێت و پێویستە سنوورێك بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت".

ئێوارەی دووشەممە 18-9-2023، دەنگێكی گەورە لەناو فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت بیسترا و ‏دووكەڵێكی زۆر ئاسمانی ناوچەكەی گرت، دواتر دژەتیرۆری یەكێتی ڕایگەیاند كە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرش ‏كراوەتە سەر فڕۆكەخانەكە.‏ ماوەیەكە فڕۆكەخانەكە لەلایەن هێزی دژەتیرۆری یەكێتییەوە بۆ مەشق و ڕاهێنان بەكار دەهێنرێت.‏

دژەتیرۆری یەكێتی بەبێ‌ ئەوەی ناوی هیچ لایەن و وڵاتێك بهێنێت، ڕایگەیاندووە كە هێرشەكە لەلایەن "داگیركەران ‏و ناحەزانی ئارامی و ئاسایشی هەرێم، بە چاوساغیی نۆكەرانی بێگانە و سیخوڕانی ناوخۆیی" ئەنجام دراوە. دەشڵێت ‏‏"سێ‌ هەڤاڵ و پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری كوردستان شەهید بوون و سێ‌ پێشمەرگەی تریشمان بریندار ‏بوون".‏

عێراق بە فەرمی لەسەر زاری وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانەوە، توركیای بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار كردووە و ڕایگەیاندووە كە ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەی هێرشەكەی ئەنجام داوە، لە خاكی توركیاوە هاتووەتە سنووری عێراقەوە.

توركیایش لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی، ڕووداوەكەی بە "تەقینەوە" ناو برد و بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی وەها هێرشێكی لە ئەستۆ نەگرت. وتیشی "لە كاتی تەقینەوەكەدا، ئەندامانی دژەتیرۆری یەكێتی و پەكەكە/یەپەگە بەیەكەوە مەشق و ‏ڕاھێنانیان كردووە".‏

یەكێتی تۆمەتەكانی توركیا سەبارەت بە بوونی هێزی یەپەگە لەناو فڕۆكەخانەكەدا ڕەت دەكاتەوە و قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند "شەهید و بریندارەكانی ڕووداوەكەی فڕۆكەخانەی عەربەت، هەموویان پێشمەرگەی قارەمانی كوردستان ‌و ئەندامی هێزەكانی دژەتیرۆر بوون، بە هیچ شێوەیەك جگە لە هێزی دژەتیرۆر، هیچ هێزێكی دیكە لە فڕۆكەخانەكەدا نەبووە".

* فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی 'بۆردومان' کرا

* دژەتیرۆری یەکێتی: ھێرشەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە

* بافڵ تاڵەبانی: هێرشە تیرۆرستییەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت پیلانی تێكدانی سەقامگیریی سلێمانییە

* عێراق بە فەرمی تورکیا تۆمەتبار دەکات بە ھێرشکردنەسەر فڕۆکەخانەی عەربەت

* مەسرور بارزانی: لێکوڵینەوەی ورد لە هۆکار و چۆنیەتی ڕووداوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت بکرێت

* توركیا: لە كاتی تەقینەوەكەی فڕۆكەخانەی عەربەتدا دژەتیرۆری یەكێتی و یەپەگە مەشق و ڕاھێنانیان ‏كردووە

* قوباد تاڵەبانی ڕەتی دەکاتەوە جگە لە دژەتیرۆری یەکێتی هێزی دیكە لە فڕۆكەخانەی عەربەت ھەبووبێت