توركیا: لە كاتی تەقینەوەكەی فڕۆكەخانەی عەربەتدا دژەتیرۆری یەكێتی و پەكەكە/یەپەگە مەشق و ڕاھێنانیان كردووە
پەرەگراف
توركیا بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی عەربەت لە ئەستۆ ناگرێت و بە "تەقینەوە" ناوی دەبات. دەشڵێت "لە كاتی تەقینەوەكەدا ئەندامانی دژەتیرۆری یەكێتی و پەكەكە/یەپەگە بەیەكەوە مەشق و ڕاھێنانیان كردووە".
ئەمە لە كاتێكدایە كە درەنگانێكی شەوی ڕابردوو، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاند، هێرشەكە لەلایەن فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجام دراوە كە "لە توركیاوە ھاتووەتە ناو ئاسمانی عێراقەوە".
وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئەمشەو ڕاگەیەندراوێكی دەربارەی هێرشەكە بڵاو كردەوە كە تێیدا هاتووە "لە نزیكەوە چاودێریی پەكەكە و درێژكراوەكانی دەكرێت لە عێراق، بەتایبەتی چالاكییەكانی كە لە باكووری وڵاتەكە چڕبووەتەوە، لەگەڵ جموجووڵەكان لە ڕێڕەوی تیرۆر كە بەتایبەتی لە نێوان سووریا و عێراق دروست كراوە".
وەزارەتی دەرەوەی توركیا دەشڵێت "پێشھاتەكانی ئەو تەقینەوەیەی لە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٣دا لە فڕۆكەخانەی عەربەت لە سلێمانی ڕووی دا، جێی تێڕامانن و ھاریكاریی ڕوون و ئاشكرای ھەندێك ھێزی ئەمنیی سەر بە یەكێتی لەگەڵ ئەندامانی ڕێكخراوی تیرۆریستیدا، مەترسیدارە".
"بەم ڕووداوەی دوایی كە ڕووی دا، جارێكی دیكە دروستیی ڕێوشوێنەكانمان بەرامبەر سلێمانی پشتڕاست كرایەوە كە ڕێكخراوی تیرۆریستی خەڵكی شارەكەی بە بارمتە گرتووە"، وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە ڕاگەیەندراوەكەیدا وا دەڵێت.
توركیا داوا لە حكومەتی عێراق و بەرپرسانی حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش دەكات كە "پەكەكە و درێژكراوەكانی وەكوو ڕێكخراوی تیرۆریستیی بناسێنن و ڕاستگۆیانە و بە شێوەیەكی بەرجەستە بەرەنگاری تیرۆریزم ببنەوە".
توركیا لە كاتێكدا بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی هێرشەكە لە ئەستۆ ناگرێت، هاوكات بە شێوەیەی ڕوون و ڕاستەوخۆیش ڕەتی ناكاتەوە.
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 18-9-2023، دەنگێكی گەورە لەناو فڕۆكەخانەی كشتوكاڵیی عەربەت بیسترا و دووكەڵێكی زۆر ئاسمانی ناوچەكەی گرت، دواتر دژەتیرۆری یەكێتی ڕایگەیاند كە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرش كراوەتە سەر فڕۆكەخانەكە.
ماوەیەكە فڕۆكەخانەكە لەلایەن هێزی دژەتیرۆری یەكێتییەوە بۆ مەشق و ڕاهێنان بەكار دەهێنرێت.
دژەتیرۆری یەكێتی بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لایەن و وڵاتێك بهێنێت، ڕایگەیاندووە كە هێرشەكە لەلایەن "داگیركەران و ناحەزانی ئارامی و ئاسایشی هەرێم، بە چاوساغیی نۆكەرانی بێگانە و سیخوڕانی ناوخۆیی" ئەنجام دراوە. دەشڵێت "سێ هەڤاڵ و پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری كوردستان شەهید بوون و سێ پێشمەرگەی تریشمان بریندار بوون".
دواتر هەریەك لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، بافڵ تاڵەبانیی سەرۆكی یەكێتی، قوباد تاڵەبانیی جێگری سەرەۆكی حكومەت، جەلال شێخ ناجیی بەرپرسی ئاژانسی دەزگای پاراستن و زانیاری/زانیاری، پەیامیان لەبارەی هێرشەكەوە بڵاو كردەوە، بە "هێرشێكی تیرۆریستی و پێشێلكردنی سەروەریی هەرێم و عێراق" ناویان برد، بەڵام هیچ كامیان ناوی لایەنی ئەنجامدەری هێرشەكەیان نەبرد.
دواجار لە درەنگانێكی شەودا، یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند كە "ڕۆژی دووشەممە 18ی ئەیلول، كاتژمێر17:00، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان لە سنووری توركیاوە ھاتووەتە ناو ئاسمانی عێراقەوە و بۆردوومانی فڕۆكەخانەی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی كردووە".
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەشڵێت "ھێرشەكە دەستدرێژییە و پێشێلكردنی سەروەری و ئاسایش و یەكپارچەیی خاكی عێراقە، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەكە و جیهان، ھەروەھا پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە". جەختیش دەكاتەوە كە "عێراق مافی خۆیەتی سنوورێك بۆ ئەم پێشێلكارییە چەندبارەبووەواانە دابنێت".
سەرۆكی هەرێم هیچ كاردانەوەیەكی بەرانبەر هێرشەكە نیشان نەدا و هیچ ڕاگەیەندراوێكی فەرمی بە ناوی حكومەتی هەرێمیشەوە بڵاو نەكرایەوە، تەنیا مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، دوای نزیكەی 20 كاتژمێر لە هێرشەكە، پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا بە "ڕووداو"ی ناو برد نەك هێرش.
مەسروور بارزانی دەڵێت "ڕووداوەكە دڵگرانی كردووین. پێویستە بە زووترین كات لایەنە پەیوەندیدارەكان لێكوڵینەوەیەكی ورد لە هۆكار و چۆنیەتی ئەم ڕووداوە بكەن و ڕاستییەكان ئاشكرا بكرێن".
* فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی 'بۆردومان' کرا
* دژەتیرۆری یەکێتی: ھێرشەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە
* بافڵ تاڵەبانی: هێرشە تیرۆرستییەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت پیلانی تێكدانی سەقامگیریی سلێمانییە
* عێراق بە فەرمی تورکیا تۆمەتبار دەکات بە ھێرشکردنەسەر فڕۆکەخانەی عەربەت
* مەسرور بارزانی: لێکوڵینەوەی ورد لە هۆکار و چۆنیەتی ڕووداوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت بکرێت