مەسرور بارزانی: لێکوڵینەوەی ورد لە هۆکار و چۆنیەتی ڕووداوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت بکرێت
پەرەگراف
مەسرور بارزانی پەیامێکی لەبارەی ڕووداوەکەی فرۆکەخانەی عەربەت بڵاوکردەوەو دەڵێت: "ڕووداوەکە دڵگرانی کردووین. پێویستە بەزووترین کات لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکوڵینەوەیەکی ورد لە هۆکار و چۆنیەتی ئەم ڕووداوە بکەن و ڕاستیەکان ئاشکرا بکرێن".
سەرۆکی حکومەتی ھەرێم دەشڵێت "سەرکۆنەی هەر جۆرە پێشێلکردنێکی سەروەریی خاکی کوردستان و عێراق و هەموو کارێکی نایاسایی دەکەین کە دەبێتە هۆی شێواندنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان".
دوانیوەڕۆی دوێنێ ڕووداوێک لە فڕۆکەخانەی عەربەت ڕوویداو دژەتیرۆری یەکێتی ڕایگەیاند، فڕۆکەخانەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ھێرشی کراوەتەسەرو بەوھۆیەوە سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆر شەھیدو سێی دیکەش برینداربوون.
"لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە دەستیپێکردوە کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانەو سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجام دراو بێ سزاتێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسوسێک هاوکاربووبێت رووبەڕووی سزاو یاساو ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوە" دژەتیرۆری یەکێتی وادەڵێت.
ھاوکات یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، شەوی ڕابردوو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە 18ی ئەیلول، کاتژمێر17:00 فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ھاتووەتە ناو ئاسمانی عێراقەوە لە سنووری تورکیاوە و بۆردومانی فڕۆکەخانەیعەربەتی لە پارێزگای سلێمانی کردووە، بەهۆیەوە سێ قارەمانی دژەتیرۆر شەھیدبوون سێی دیکە برینداربوون.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەشڵێت، ھێرشەکە دەستدرێژییەو پێشێلکردنی سەروەری و ئاسایش ویەکپارچەیی خاکی عێراقە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە و جیهان، ھەروەھا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
یەحیا رەسوڵ ئەوەش دەخاتەڕوو، چەندبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە لەگەڵ پرەنسیپی پەیوەندیی باشی دراوسێیەتی نێوان وڵاتان ناگونجێتو هەڕەشەیە لەسەر تێکدانی هەوڵەکانی عێراق بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی باش و هاوسەنگی سیاسی و ئابووری و ئەمنییلەگەڵ دراوسێکانیدا. عێراق مافی خۆیەتی سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابنێت.