قوباد تاڵەبانی ڕەتی دەکاتەوە جگە لە دژەتیرۆری یەکێتی هێزی دیكە لە فڕۆكەخانەی عەربەت ھەبووبێت

20-09-2023 05:37

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، شەهیدو بریندارەكانی روداوەكەی فڕۆکەخانەی عەربەت هەموویان پێشمەرگەی قارەمانی كوردستان‌و ئەندامی هێزەكانی دژەتیرۆر بوون و "بەهیچ شێوەیەك جگە لە هێزی دژە تیرۆر هیچ هێزێكی دیكە لە فڕۆكەخانە نەبووە".

ئەو وتانەی جێگری سەرۆکوەزیران، لەدیدارێكی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ تۆركیڵد بیگ نوێنەری یەكێتی ئەوروپا لە هەرێم.

قوباد تاڵەبانی دەڵێت "روداوەكەی فڕۆكەخانەی عەربەت پێشهاتێكی مەترسیدارەو تیایدا هێزێكی فەرمی عێراقی‌و كوردستانی كراوەتە ئامانج كە هێزی دژەتیرۆری كوردستانە. بۆ هەموولایەك ئاشكرایە كە هێزی دژەتیرۆری كوردستان لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە درێژایی دوو دەیە هاوكارو هاوپەیمانی سەرەكی هێزەكانی هاوپەیمانان بووە لە شەڕی دژەتیرۆردا. بە توندی پاساوی لایەنی هێرشبەر رەتدەكەینەوە".

"داوا دەكەین حكومەتی عێراق‌و هاوپەیمانان‌و یەكێتی ئەوروپا بۆ پاراستنی سەروەری عێراق‌و رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلكارییانە هەنگاوی كردەیی بنێن‌و سنوورێك بۆ ئەو هێرشە سەربازییانە دابنێن كە دەكرێنەسەر خاكی هەرێم‌و عێراق" تاڵەبانی وادەڵێت.

دوو ڕۆژ لەمەوبەر فڕۆکەخانەی عەربەت بۆردومان کرا، ھەرچەندە تا ئێستا ھیچ لایەنێکی ھەرێم ناوی لایەنی ھێرشبەر ناھێنێت، بەڵام عێراق بە فەرمی پەنجەی تۆمەتی بۆ تورکیا ڕاکێشا، ئەو بۆردومانە بەپێی ئامارە فەرمییەکان سێ شەهید و سێ برینداری لە ڕیزەکانی دژەتیرۆری یەکێتی لێکەوتەوە.

توركیا لە ڕایگەیەندراوێکدا بەرپرسیارێتیی ئەنجامدانی هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی عەربەتی لە ئەستۆ نەگرت و بە "تەقینەوە" ‏ناوی برد، ھاوکات بە شێوەیەکی ڕوون و ‏ڕاستەوخۆیش ڕەتی نەکردەوە، وتی "لە كاتی تەقینەوەكەدا ئەندامانی دژەتیرۆری یەكێتی و پەكەكە/یەپەگە بەیەكەوە مەشق و ‏ڕاھێنانیان كردووە".‏

وەزارەتی دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند "لە نزیكەوە ‏چاودێریی پەكەكە و درێژكراوەكانی دەكرێت لە عێراق، بەتایبەتی چالاكییەكانی كە لە باكووری وڵاتەكە ‏چڕبووەتەوە، لەگەڵ جموجووڵەكان لە ڕێڕەوی تیرۆر كە بەتایبەتی لە نێوان سووریا و عێراق دروست كراوە".‏

وەزارەتی دەرەوەی توركیا وتیشی "پێشھاتەكانی ئەو تەقینەوەیەی لە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٣دا لە فڕۆكەخانەی ‏عەربەت لە سلێمانی ڕووی دا، جێی تێڕامانن و ھاریكاریی ڕوون و ئاشكرای ھەندێك ھێزی ئەمنیی سەر بە یەكێتی ‏لەگەڵ ئەندامانی ڕێكخراوی تیرۆریستیدا، مەترسیدارە".‏

‏"بەم ڕووداوەی دوایی كە ڕووی دا، جارێكی دیكە دروستیی ڕێوشوێنەكانمان بەرامبەر سلێمانی پشتڕاست كرایەوە كە ‏ڕێكخراوی تیرۆریستی خەڵكی شارەكەی بە بارمتە گرتووە"، وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە ڕاگەیەندراوەكەیدا وا ‏دەڵێت.‏

دژەتیرۆری یەكێتیش ڕۆژی ھێرشەکە بەبێ‌ ئەوەی ناوی هیچ لایەن و وڵاتێك بهێنێت، ڕایگەیاند كە هێرشەكە لەلایەن "داگیركەران ‏و ناحەزانی ئارامی و ئاسایشی هەرێم، بە چاوساغیی نۆكەرانی بێگانە و سیخوڕانی ناوخۆیی" ئەنجام دراوە.