سبەینێ هەناردەی نەوتی هەرێم بە '190 هەزار بەرمیل' دەست پێ دەكاتەوە؛ سۆمۆ: ڕێككەوتنەكە كاتی نییە

26-09-2025 07:27

پەرەگراف

بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای سۆمۆ، دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی لە ‏كاتژمێر 06:00 سبەی 27-09-2025 پشتڕاست كردەوە. ڕایشیدەگەیەنێت كە "ڕێككەوتنەكە ‏كاتی نییە، بەڵكو ڕێگەخۆشكەر دەبێ بۆ ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتنی درێژخایەن و كۆتایی بە ‏هەموو ناكۆكییەكانی ڕابردوو دەهێنێت".‏

دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دوای دوو ساڵ و شەش مانگ لە ڕاگرتنی، ‏هەنگاوێكی گەورەیە بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و ‏حكومەتی فیدراڵی عێراق، بەتایبەتیش كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كە تا ئێستا هێشتا ‏مووچەی مانگی حەوتیان وەرنەگرتووە.‏

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 26-09-2025، عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی ‏نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "نەوتی خاوی بەرهەمهێندراو لە ‏كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان، بۆ هەناردەكردنەوە ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت".‏

بەپێی قسەی بەڕێوەبەری سۆمۆ، بەرهەمی ئێستای نەوتی هەرێمی كوردستان "ڕۆژانەیە نزیكەی ‏‏240 هەزار بەرمیلە، لەو بڕە 50 هەزار بەرمیلی بۆ پێداویستیی ناوخۆی هەرێم تەرخان دەكرێت ‏و نزیكەی 190 هەزار بەرمیلیش هەناردە دەكرێت".‏

ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی كوردستان كە لە قۆناغی یەكەمدا هەناردە دەكرێت، "جێگیر و ‏چەسپێندراو" نییە و بەپێی زیادكردنی بەرهەمی نەوت ئەو بڕەش زیاد دەكات. وەزارەتی نەوتی ‏عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ چاویان لەوەیە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بگاتەوە 400 هەزار ‏بەرمیل، كە بەپێی یاسای بودجەیش، حكومەتی هەرێم پابەند كراوە بە ڕادەستكردنی ئەو بڕە.‏

بەر لە هێرشە درۆنییەكانی ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ئەمساڵ بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی ‏هەرێمی كوردستان، بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم 300 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بوو، بەڵام ‏بەهۆی ئەو هێرشانەوە بۆ دەوروبەری 100 هەزار بەرمیل دابەزی، لە نوێترین لێدوانیشدا وتەبێژی ‏حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند كە بۆ "234 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە" بەرز بووەتەوە.‏

لە 25-03-2023ـەوە كە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە، دەیان كۆبوونەوە لەنێوان ‏وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیاكانی نەوتیش ئەنجام ‏دراون، هەرچەندە هەردوو حكومەت هەرزوو گەیشتنە ڕێككەوتن، بەڵام كۆمپانیا بیانییەكان ‏مەرجیان هەبوو، بەتایبەت كاركردن بە گرێبەستەكانی پێشوویان و گرەنتیكردنی پێدانەوەی ‏قەرزەكانیان و شایستە داراییەكانیان بۆ داهاتوو.‏

عەلی نزار، بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ، دەربارەی وردەكاریی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم ‏ڕایگەیاند، نەوتەكە لەلایەن كۆمپانیاكان و وەزارەتی سامانەسروشتییەكانەوە، لە پێشخاپوورەوە ‏ڕادەستی كۆمپانیای نەوتی باكوور دەكرێ، دواتر لەوێوە هەناردەی بەندەری جەیهانی توركی دەكرێ ‏و دەخرێتە كۆگاكانی نەوتەوە، لەوێشەوە ئەو كۆمپانیایانەی گرێبەستیان لەگەڵ سۆمۆ هەیە، ‏نەوتەكە دەكڕن.‏

وەكوو بەڕێوەبەری سۆمۆ ئاماژەی پێ‌ دا، ڕێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ‏كاتێكدایە كە "ئەورووپا پێویستی بەم نەوتەیە، وەكوو جێگرەوەیەك بۆ كورتهێنانی هەناردەكردنی ‏نەوتی ڕووسیا و نەوتی وڵاتانی دیكە".‏

بەپێی یاسای بودجەی عێراق، بۆ تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی یەك بەرمیل نەوت 16 دۆلار ‏دیاری كراوە، بەڵام لەبری پارەكە، نەوت بە كۆمپانیاكان دەدرێت كە ئەوە داواكاریی خۆیان بووە، ‏دواتر خۆیان نەوتەكە دەفرۆشنەوە.‏

بەپێی ڕێككەوتنی سێقۆڵیی نەوت، دەبێت كۆمپانیای سۆمۆ خۆی پارەی هێڵی بۆیی نەوتی عێراق-‏توركیا بدات. لە ئێستاشدا وەزارەتی نەوتی عێراق سەرقاڵی نەێكردنەوەی ڕێككەوتنی هێڵی بۆۆیی ‏نەوتەكەیە لەگەڵ توركیا، كە لە ناوەڕاستی ساڵی 2026 كۆتایی دێت.‏

لە دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هێرێمی كوردستان، كۆمپانیایەكی تایبەتمەندی جیهانی ‏هەڵسەنگاندن بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان دەكات، نرخی دەرهێنانی ‏هەر بەرمیلێك نەوت بەپێی ئەنجامی ڕاپۆرتی ئەو كۆمپانیا دیار دەكرێت كە دەبێت لە ماوەی سێ‌ ‏مانگدا كارەكانی تەواو بكات، ئەمەش بەپێی ڕێككەوتنێكی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ‏عێراق بوو كە لە هەمواری یاسای بودجەدا جێگیر كرا.‏

عەلی نزار دەڵێت، توانیویانە دڵنیایی بدەنە كۆمپانیاكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان لەبارەی ‏گرەنتیی پێدانی شایستە داراییەكانیان.‏

سەرجەم كۆمپانیا بیانییەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان واژوویان لەسەر ڕێككەوتنی ‏دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت كردووە، جگە لە كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی كە ‏وەبەرهێنان لە كێڵگەی نەوتی تاوكێ‌ دەكات. ئەو كۆمپانیا ئەمڕۆ ڕایگەیاند كە پشكی هەرێم لە ‏نەوت ڕادەستی سۆمۆ دەكات بۆ هەناردەكردنەوە، بەڵام پشكی خۆی لە بازاڕی ناوخۆی هەرێمدا ‏دەفرۆشێت.‏

ئێوارەی دوێنێ 25-09-2025، دوای دوو ساڵ و شەش مانگی تەواو لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی ‏هەرێمی كوردستان، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، گەیشتن بە "ڕێككەوتنێكی ‏مێژەوویی" لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەون ڕاگەیاند‎.‎

‏سوودانی لە تویتێكدا بە زمانی كوردی وتی "گەیشتینە ڕێككەوتنێك كە تێیدا وەزارەتی نەوتی ‏فیدراڵ نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لەو كێڵگانەی كە دەكەونە هەرێمی كوردستان، وەردەگرێت و لە ‏ڕێگەی بۆریی عێراق توركیا"ـەوە هەناردەی دەرەوەی دەكات، ئەمەش دابەشكردنی سامان ‏بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دەستەبەردەكات و سەرچاوەكانی هەناردەكردن هەمەچەشن دەكات و ‏هاندەری وەبەرهێنان دەبێت. 18 ساڵە چاوەڕێی ئەم دەستكەوتەین‎".‎

لای خۆیشیەوە، مەسروور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند "ڕێككەوتنی ‏نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی ‏فیدراڵ و كۆمپانیای سۆمۆ، دەستكەوتی ماندووبوون و هەوڵی زۆری تیم و شاندەكانی هەموو لایەك ‏بووە، بەم هەنگاوە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان دووبارە بە بازاڕی جیهانیی نەوتەوە بەسترانەوە‎".‎

هەر شەوی ڕابردوو، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "وەزارەتی ‏سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، پاش ڕێكەوتنی سێقۆڵیی نێوان هەردوو وەزارەت و ‏كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوتی هەرێم، لەسەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێم ڕێكەوتن". وتیشی ‏‏"لە ماوەی ئەم 48 كاتژمێرەدا، دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكرێت‎".‎

دواتر سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كاتی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی ‏ئاشكرا كرد. ئامانج ڕەحیم ڕایگەیاند "بڕیارە كاتژمێر 6 ـی سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ڕێكەوتی ‏‏27ـی ئەیلوولی 2025، نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای بۆریی نەوتی هەرێم - جەیهانەوە ‏جارێكی دیكە بگاتەوە بازاڕی جیهانی‎".‎

ئامانج ڕەحیم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك وتیشی "نەوتی هەرێم لەلایەن كۆمپانیای ‏سۆمۆوە بە بازاڕ دەكرێت و داهاتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی فیدڕاڵیی بەغداد‎".‎

‎"‎ڕێكەوتننامەكە لە شەش ماددەی سەرەكی و پێشەكییەك پێكهاتووە و لەلایەن وەزارەتی نەوتی ‏عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیا نەوتییەكان واژوو كراوە، ماف و شایستە و ‏پابەندییەكانی هەرسێ لایەنی تێدا دەستنیشان كراوە"، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم وا ‏دەڵێت‎.‎

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێشوازیی لە ڕێككەوتنەكە كرد و "لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ‏ئەمریكا ئاسانكاریی بۆ كراوە و سوودی بەرجەستە بۆ هەردوو لایەنی ئەمریكییەكان و ‏عێراقییەكان دەستەبەر دەكات‎".‎

ئەمڕۆیش، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی، لە پەیامێكدا "پێشوازیی گەرم"ـی لە ‏ڕێككەوتنەكە كرد و ڕایگەیاند "ئێمە قووڵایی ستراتیژیی چارەسەركردنی كێشەكان لە بەغداد ‏دەبینین‎".

قوباد تاڵەبانیی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش، ڕێککەوتنەكە بە "دەستکەوتێکی گەورە بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق" ناو دەبات و دەڵێت "دەرگا دەکاتەوە لەسەر چارەسەرکردنی بنەڕەتیی هەموو کێشە و ناکۆکییەکانی دیکەمان بەپێی دەستوور و لە ڕێی گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامەوە".