قوباد تاڵەبانی: ئێستا کاتی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە و کارکردنی هەمەلایەنە بۆ گەشەپێدانی هەرێم
پەرەگراف
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران لە پەیامێکدا دەربارەی ڕێککەوتنە نەوتییەکەی نێوان هەولێرو بەغداد دەڵێت، ئێستا کاتی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە و کارکردنی هەمەلایەنە بۆ گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
"رێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت، دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق و دەرگا دەکاتەوە لەسەر چارەسەرکردنی بنەڕەتی هەموو کێشە و ناکۆکییەکانی دیکەمان بەپێی دەستوور و لەڕێی گفتوگۆ و دانووستانی بەردەوامەوە" قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.
جێگری سەرۆکوەزیران دەشڵێت: لە دوای ئەم رێککەوتنە، هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە بۆ دابینکردن و گەرەنتیکردنی هەموو ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، چونکە دوای ساڵانێکی زۆر لە قەیران و ناکۆکی، ئێستا کاتی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە و کارکردنی هەمەلایەنە بۆ گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەموو روویەکەوە.
دەشڵێت "زۆر سوپاسی تیمەکانی دانووستانکار و ئەو کەس و لایەنانە دەکەم کە بەردەوام هاوکار و پشتیوانی گەورە بوون بۆ سەرکەوتنی دانووستانەکان و بەبێ ئەوان ئەم دەستکەوتە گرنگە بەدی نەدەهات".