بافڵ تاڵەبانی: بە گەرمی پێشوازی لە رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و عێراق دەکەم

26-09-2025 08:56

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی لە پەیامێکدا بە گەرمی پێشوازی لە رێککەوتنی نەوتیی حکومەتی هەرێم و عێراق دەکات و دەڵێت: ئێمە قوڵایی ستراتیجی چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەغدا دەبینین.

دەقی پەیامەکەی

بە گەرمی پێشوازی لە رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق دەکەم، پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەم و سوپاسیان دەکەم بۆ پشوودرێژییان.

هەمیشە باوەڕمان وابووە و داکۆکیش لەسەر ئەوە دەکەین کە دیالۆگ و گفتوگۆ باشترین چارەسەرە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان و گەیشتن بە ئەنجامی دڵخواز لە بەرژەوەندی هاوڵاتییانمان. 

هیوادارین ئەم رێککەوتنە بخرێتە خزمەتی زیاتری خەڵکە خۆشەویستەکەمان و دادپەروەری هەبێت لە دابەشکردنی داهاتی وڵات و پێدانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور.

ئێمە قوڵایی ستراتیجی چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەغدا دەبینین و لەو رێگایەوە دەتوانین خزمەتی خەڵک و هەرێمەکەمان بکەین.

دەستخۆشی لە هەرکەسێک دەکەین کە هاوکار بووە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە لەگەڵمان. 

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان