دی ئێن ئۆ پێشوازی لە ڕێككەوتی سێقۆڵی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت دەكات، بەڵام پشكی خۆی لە ڕادەست ناكات
پەرەگراف
كۆمپانیای (دی ئێن ئۆ)ـی نەرویجی پێشوازی لە ڕێككەوتی سێقۆڵی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام ڕایدەگەیەنێت كە پشكی خۆی لە نەوتی هەرێم لە بازاڕی ناوخۆدا دەفرۆشێت و تەنیا پشكی حكومەتی هەرێم ڕادەستی سۆمۆ دەكات بۆ هەناردەكردنەوە.
كۆمپانیا نەرویجییەكە كە تاكە كۆمپانیایە ڕێككەوتنە سێقۆڵییەكەی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق و زۆرینەی كۆمپانیا نەوتییەكانی واژوو نەكردووە، دەڵێت "پشكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە بلۆكی تاوكێ كە ڕۆژانە 38 هەزار بەرمیل نەوتە، بۆ ھەناردەكردن ڕادەست دەكەین، ئەوی دیكەی كە 30 هەزار بەرمیلە و پشكی گرووپی بەڵێندەرە بیانییەكانە، بەردەوام دەبین لە فرۆشتنی بە كڕیارە ناوخۆییەكان".
كۆمپانیای دی ئێن ئۆ بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرژی وەبەرهێنان لە ناوچەی گرێبەستی تاوكێ دەكەن كە لە كێڵگە نەوتییەكانی (تاوكێ + فیشخاپوور) پێك دێت، بەر لە هێرشە درۆنییەكان بەرهەمی ڕۆژانەی زیاتر لە 80 هەزار بەرمیل نەوت بوو، بەڵام بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی ئەمڕۆی دی ئێن ئۆ بێت، ئێستا 68 هەزار بەرمیلە.
ئێوارەی دوێنێ 25-09-2025، دوای دوو ساڵ و شەش مانگی تەواو لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، گەیشتن بە "ڕێككەوتنێكی مێژەوویی" لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەون ڕاگەیاند.
سوودانی لە تویتێكدا بە زمانی كوردی وتی "گەیشتینە ڕێككەوتنێك كە تێیدا وەزارەتی نەوتی فیدراڵ نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لەو كێڵگانەی كە دەكەونە هەرێمی كوردستان، وەردەگرێت و لە ڕێگەی بۆریی عێراق توركیا"ـەوە هەناردەی دەرەوەی دەكات، ئەمەش دابەشكردنی سامان بەشێوەیەكی دادپەروەرانە دەستەبەردەكات و سەرچاوەكانی هەناردەكردن هەمەچەشن دەكات و هاندەری وەبەرهێنان دەبێت. 18 ساڵە چاوەڕێی ئەم دەستكەوتەین".
لای خۆیشیەوە، مەسروور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند "ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ و كۆمپانیای سۆمۆ، دەستكەوتی ماندووبوون و هەوڵی زۆری تیم و شاندەكانی هەموو لایەك بووە، بەم هەنگاوە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان دووبارە بە بازاڕی جیهانیی نەوتەوە بەسترانەوە".
هەر شەوی ڕابردوو، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، پاش ڕێكەوتنی سێقۆڵیی نێوان هەردوو وەزارەت و كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوتی هەرێم، لەسەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێم ڕێكەوتن". وتیشی "لە ماوەی ئەم 48 كاتژمێرەدا، دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكرێت".
دواتر سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كاتی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی ئاشكرا كرد. ئامانج ڕەحیم ڕایگەیاند "بڕیارە كاتژمێر 6 ـی سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ڕێكەوتی 27ـی ئەیلوولی 2025، نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای بۆریی نەوتی هەرێم - جەیهانەوە جارێكی دیكە بگاتەوە بازاڕی جیهانی".
ئامانج ڕەحیم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك وتیشی "نەوتی هەرێم لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە بە بازاڕ دەكرێت و داهاتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی فیدڕاڵیی بەغداد".
"ڕێكەوتننامەكە لە شەش ماددەی سەرەكی و پێشەكییەك پێكهاتووە و لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیا نەوتییەكان واژوو كراوە، ماف و شایستە و پابەندییەكانی هەرسێ لایەنی تێدا دەستنیشان كراوە"، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم وا دەڵێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێشوازیی لە ڕێككەوتنەكە كرد و "لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئاسانكاریی بۆ كراوە و سوودی بەرجەستە بۆ هەردوو لایەنی ئەمریكییەكان و عێراقییەكان دەستەبەر دەكات".
ئەمڕۆیش، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی، لە پەیامێكدا "پێشوازیی گەرم"ـی لە ڕێككەوتنەكە كرد و ڕایگەیاند "ئێمە قووڵایی ستراتیژیی چارەسەركردنی كێشەكان لە بەغداد دەبینین".
قوباد تاڵەبانیی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش، ڕێککەوتنەكە بە "دەستکەوتێکی گەورە بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق" ناو دەبات و دەڵێت "دەرگا دەکاتەوە لەسەر چارەسەرکردنی بنەڕەتیی هەموو کێشە و ناکۆکییەکانی دیکەمان بەپێی دەستوور و لە ڕێی گفتوگۆ و دانوستانی بەردەوامەوە".