دادگاى فیدراڵى سکاڵایەکى دیکەى لەسەر پرۆژەى ڕووناکى ڕەت کردەوە؛ لە مانگێکدا ١٠ سکاڵاى هەرێمى ڕەت کردووەتەوە

17-08-2025 09:06

پەرەگراف - سەنگەر سالار

دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق سکاڵایەکى دیکەى هەرێمى کوردستانى لەسەر پرۆژەى ڕووناکى (کارەباى ٢٤ کاتژمێرى) ڕەت کردەوە. هەرچەندە دادگاکە سکاڵاکەى وەرگرت و ئەمڕۆى بۆ بەڕێوەچوونى یەکەم دانیشتنى دیارى کرد، بەڵام بە پاساوى ئەوەى کە "لە پسپۆڕیى دادگاى فیدراڵیى نییە"، سکاڵاکەى ڕەت کردەوە. لە دواى گۆڕینى سەرۆکى دادگاى فیدراڵى، دادگاکە لە ماوەى کەمتر لە یەک مانگدا ١٠ سکاڵاى پەیوەست بە هەرێمى کوردستانى ڕەت کردووەتەوە.

سکاڵاکە لەلایەن عومەر گوڵپى، ئەندامى پێشووى پەرلەمانى کوردستانەوە لەسەر سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمار کرابوو. تێیدا داواى کردبوو دادگاى فیدراڵى بڕیار بدات بە نادەستووریبوونى خشتەى نرخەکان لە بڕیارى ژمارە ٢٨٠ کە لە ١٤-٠٥-٢٠٢٥ دەرچووە. هەروەها پابەندکردنی سکاڵالێکراو بە پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان، بەپێی ئەو نرخانەی کە لە ڕێنمایی ژمارە (٢)ـی ساڵی ٢٠٢١دا هاتووە.

عومەر گوڵپى لە دواى ڕەتکردنەوەى سکاڵاکەى، لەبەردەم دادگاى فیدراڵیدا وتى "دادگا نەچووە ناو بەڵگەکان سەبارەت بەو ستەمەى کە لە هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان دەکرێت، کە کارەبایان لەسەر گران کراوە بە پاساوى بوونى بە ٢٤ کاتژمێرى، لە کاتێکدا کارەبا لە غازى خۆمان بەرهەم دەهێنرێت".

ئەو ئەندامەى پێشووى پەرلەمانى کوردستان دەشڵێت "کارەبا لە دۆخێکدا پێنج هێندە و دە هێندە لەسەر هاووڵاتیان زیاد دەکرێت، کە حکومەتى هەرێم ناتوانێت مانگانە مووچەى مووچەخۆران بدات و هاووڵاتیان دۆخیان زۆر خراپە".

پرۆژەى ڕووناکى بۆ دابینکردنى کارەباى ٢٤ کاتژمێریى نیشتمانی، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتى هەرێمى کوردستانەوە لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024 لە گەڕەکێکی هەولێرەوە ڕاگەیەندرا. تا ئێستا لە چوارچێوەى پرۆژەکەدا کارەباى ٢٤ کاتژمێرى بۆ دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار هاووڵاتیى هەرێمى کوردستان دابین کراوە.

پرۆژەکە لەلایەن بەشێک لە پەرلەمانتاران و چالاکانەوە بە "بارگرانى" لەسەر هاووڵاتیانى هەرێم و "بەبازرگانیکردنى کارەبا" ناو دەبرێت، پێیان وایە "نرخى گرانە و لەگەڵ داهات و گوزەرانى هاووڵاتیان ناگونجێت". بۆ ڕەتکردنەوەیشى چەندین چالاکى ئەنجام دراون لە نموونەى تۆمارکردنى سکاڵا، بەڵام بێئەنجام بوون.

لە وەڵامدا، حکومەتى هەرێمى کوردستان بانگەشەى ئەوە دەکات ڕووناکی پڕۆژەیەکی "نیشتمانیی حکومی"یە كە وەزارەتی کارەبا خاوەندارێتیی دەکات. وتەبێژى حکومەتى هەرێم دەڵێت "پرۆژەکە زۆر باش دەڕواتە پێشەوە. پێویستە خەڵک نیگەران نەبێت، چونکە بە هیچ جۆرێک حکومەتى هەرێم نیەت و ئامانجى دروستکردنى بارگرانیى لەسەر خەڵک نییە".

بەپێى ڕاپۆرتێکى پەرەگراف، نرخ  و چۆنیەتی بەکارهێنانی کارەبای نیشتمانی لە پرۆژەی ڕووناکی، باسێکی گەرمی دانیشتنە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانە، بەتایبەت لەو ماڵانەی پرۆژەکە تیایاندا کەوتووەتە کار. هاووڵاتی بۆ ئەوەی کەمترین بڕە پارە بدات، پێویستە خۆی لەگەڵ پرۆژەکەدا بگونجێنێت، بە شێوەیەک بەپێی پێویست کارەبا بەکار بهێنێت و گڵۆپ و ئامێرە کارەباییەکانی ماڵەکەی بکاتە ئەو جۆرەی کە بە کەمترین بڕە کارەبا کار دەکەن.

ڕەتکردنەوەى سکاڵاکانى هەرێمى کوردستان

دادوەر مونزیر ئیبراهیم، سەرۆکی نوێی دادگای فیدراڵی، لە ٠٣-٠٧-٢٠٢٥ دەستبەکار بوو. لە ڕۆژى ٢٠ـى هەمان مانگەوە دەستى کرد بە یەکلاکردنەوەى سکاڵاکانى پەیوەست بە هەرێمى کوردستان. لە یەکەم کاریشدا دادگاى فیدراڵى دوو سکاڵاى لەسەر گرێبەستە ١١٠ ملیارییەکەى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و کۆمپانیا ئەمریکییەکان ڕەت کردەوە. دادگاكە بۆ سكاڵای یەكەم وتى "پووچەڵـە" و بۆ سكاڵای دووەیش وتى "بڕیار درا بە ڕەتكردنەوەی".

دواتر لە ٢١ـى حوزەیران دوو سکاڵاى دژى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان ڕەت کردەوە، بە پاساوى ئەوەى لە چوارچێوەى پسۆڕیى دادگاکەدا نین. لە ٢٢ـى مانگ دوو سکاڵای لە دژی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، ٢٨ـى مانگ دوو سکاڵاى لەسەر مووچە و سکاڵایەکى لەسەر پرۆژەى ڕووناکى (کارەبى ٢٤ کاتژمێرى) ڕەت کردەوە.

سكاڵاكانی مووچە

سکاڵاى یەکەم لەلایەن ڕەمەزان عەبدولڕەحمان محەمەد و کاروان ئەحمەد سڵێمانەوە لەسەر وەزیرى دارایى حکومەتى فیدراڵى تۆمار کرابوو.

داوایان كردبوو "گرنتیى بەردەوامیى خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم بدرێت بەشێوەى مانگانە و لە کاتى خۆیدا لەلایەن وەزارەتى دارایى فیدراڵەوە، بەبێ گوێدان بە ناکۆکییەکانى نێوان حکومەتى فیدراڵى و حکومەتى هەرێم سەبارەت بە لێکدانەوەکانى یاساى بودجە و هەر هۆکارێکى تر".

هەروەها داواى دەرکردنى فەرمانسالارییەکیان كردبوو بۆ ئەوەى وەزارەتى دارایى فیدراڵ دەستبەجێ پابەند بکرێت بە خەرجکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم تا یەکلاییکردنەوەى سکاڵاکە.

سکاڵاى دووەم لەلایەن مامۆستایانى ناڕازیى هەرێم (دلاوەر عەلى محەمەد ساڵح، زریان عەلى محەمەد، سامان عەلى ساڵح)ـەوە لەسەر سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران و وەزیرى دارایى تۆمار کرابوو.

لە سکاڵاکەدا داوا كرابوو "بڕیار بدرێت بە دوورخستنەوەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم لە ململانێى سیاسى و ئینفاقى فیعلى".

سكاڵاکانى پرۆژەی ڕووناكی

سکاڵاى یەکەم لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، لەسەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمار كرابوو، کە تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دەکات سەبارەت بە پڕۆژەی ڕووناکی.

ئەو سکاڵایەی نەوەی نوێ ڕۆژی ٢٠ـی  تەمووز دادگای فیدراڵی دانیشتنی لەسەر کرد و بۆ ٢٨ـی مانگ دواخرا. دادگاکە لە دانیشتنى دووەمدا سکاڵاکەى ڕەت کردەوە بە پاساوى ئەوەى لە پسپۆڕیى دادگاکە نییە.

سکاڵاى دووەم کە لەلایەن عومەر گوڵپى، ئەندامى پێشووى پەرلەمانى کوردستانەوە لەسەر سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمار کرابوو، ئەمڕۆ لەلایەن دادگاکەوە بە هەمان پاساو ڕەت کرایەوە.

سكاڵاكانى بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە

سكاڵای یەكەم لە دژی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، لەلایەن پێنج پەرلەمانتاری عێراقەوە (محەمەد جاسم خەفاجی، حەیدەر محەمەد كازم، مستەفا خەلیل گەرعاوی، باسم خزەیەر كازم و نفوز حسێن موسەوی) تۆمار كرابوو.

سكاڵاكە لە دژی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، جێگری یەكەم و دووەمی سەرۆكی پەرلەمان تۆمار كردبوو. تێیدا داوا كرابوو ڕێكارەكانی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە و دەنگدان لەسەر هەندێك پلەی تایبەت بە نادروست لەقەڵەم بدات، بەوپێیەی بەقسەی ئەوان لە كاتی دەنگدانەكەدا ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەكەدا ئامادە نەبوون.

ئەو پەرلەمانتارانە داوایان لە دادگای فیدراڵی كردبوو فەرمانسالارییەك بۆ ڕاگرتنی ڕێكارەكانی دەركردنی یاسای (هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە) دەربكات.

سكاڵای دووەم دژی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە، لەلایەن پەرلەمانتارێكی عێراق بە ناوی (ئەمیر كامیل مەعمووری) لەسەر سەرۆككۆماری عێراق تۆمار كرابوو.

ئەو پەرلەمانتارە لە سكاڵاكەدا داوای لە دادگای فیدراڵی كردبوو مەرسومە كۆمارییەكەی ڕۆژی ٢٩-٠٤-٢٠٢٥ـی سەرۆككۆماری عێراق تایبەت بە (هێنانەكایەی پارێزگای هەڵەبجە) وەكو پارێزگای نۆزدەیەمی عێراق، ڕەت بكاتەوە و فەرمانسالارییەك بۆ ڕاگرتنی مەرسومەكە دەربكات.

دادگای فیدراڵی هەردوو سكاڵاكەی دژی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە ڕەت كردەوە.

سكاڵاكانى پەرلەمانی كوردستان

سكاڵای یەكەم لەلایەن عومەر عەبدوڵڵا گوڵپی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەرى، لەسەر سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمانی كورستان تۆمار كرابوو.

عومەر گوڵپی لە سکاڵاکەدا داواى کردبوو دادگا بڕیار بدات بە هەڵوەشاندنەوەی‌ خولی‌ شەشەمی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان، ڕاسپاردنی‌ کۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هەڵبژاردنەکان بە ئەنجامدانەوەی‌ هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی‌ کوردستان لە نزیکترین کاتدا، بەو پاساوەى پەرلەمانەکە نەیتوانیوە ئەرکەکانى خۆى ئەنجام بدات و لە ماوەى یاساییدا کۆبوونەوەى یەکەمى ئەنجام بدات و دەستەى سەرۆکایەتى هەڵبژێرێت.

هەروەها داوى کردبوو هەموو ئەو ئیمتیازە ماددیانەی‌ پەرلەمانتاران لە ماوەی‌ ڕابردوودا وەریانگرتووە، لێیان وەربگیرێتەوە، بەو پاساوەى هیچ کارێکیان نەکردووە.

سکاڵاى دووەم لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نەوێ لە پەرلەمانى عێراق و کوردەوان جەمال، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان و کاوە عەبدولقادر، ئەندامى پێشووى جووڵانەوەکە لە پەرلەمانى کوردستان،  لەسەر سەرۆکى هەرێمى کوردستان تۆمار کراوە.

نەوەى نوێ لە سکاڵاکەدا سەرۆکى هەرێمى تۆمەتبار کردووە بەوەى کە دەبوو بەپێى یاساى سەرۆکایەتیى هەرێم، پەرلەمانى کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە نەیتوانیوە لە وادەى یاساییدا سەرۆکایەتیى پەرلەمان و کابینەى نوێى حکومەت هەڵبژێرێت، بەڵام سەرۆکى هەرێم ئامادە نەبووە بڕیار بدات بە هەڵوەشاندەوەى پەرلەمان.

ئەم دوو سکاڵایەش لەلایەن دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراقەوە ڕەت کرانەوە، بەو پاساوەى سکاڵاکان لە چوارچێوەى پسۆڕى و تایبەتمەندیى دادگاکەدا نین.

سکاڵاکانى گرێبەستەکانى هەرێم

سکاڵاى یەکەم لەلایەن پەرلەمانتار ڕائید حەمدان مالیکى، ئەندامى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى عێراق، لەسەر سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و وەزیرى سامانە سروشتییەکانى هەرێم تۆمار کرابوو

ئەو پەرلەمانتارە لە سکاڵاکەدا داواى کردبوو دادگاکە بڕیار بدات بە پووچەڵبوونى ئەو گرێبەست و ڕێککەوتنانەی هەرێمى کوردستان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی (وێستن زاگرۆس و ئێچ کەى ئێن ئینێرژی) سەبارەت بە وەبەرهێنان لە کێڵگەکانی (میران، تۆپخانە-کوردەمیر) لە ١٩-٠٥-٢٠٢٥ ئەنجامی داون، بەوپێیەی پێشێلکاریی ماددە و بڕگەکانی دەستووری عێراقە.

پەرلەمانتارەکە داوایشى لە دادگاى فیدراڵى کردبوو، سکاڵالێکراوان پابەند بکات بەوەى لە داهاتوودا هیچ گرێبەستێکى نەوت و غاز بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتى فیدراڵى ئەنجام نەدەن. هەروەها فەرمانسالارییەک لە دژی تۆمەتباران دەردەچێت، بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ئەو گرێبەست و ڕێککەوتنانە.

دادگاى فیدراڵى ئەم سکاڵایەى بە "پووچەڵ" دانا و کۆتایى پێ هێنا.

سکاڵاى دووەم لەلایەن پەرلەمانتار باسم نەغیمش غەریباوى، ئەندامى لیژنەى نەوت و غاز و سامانە سروشتییەکانى پەرلەمانى عێراقەوە لەسەر سەرۆکى حکومەت و وەزیرى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان تۆمار کرابوو.

لە سکاڵاکەدا داواى لە دادگاکە کردبوو "بڕیار بدات بە نادەستووریبوونى ئەو گرێبەستانەى کە لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئەنجامى دراون، سەبارەت بە وەبەرهێنان لە کێڵگەکانى (میران و کوردەمیر-تۆپخانە)".

هەروەها داواى کردبوو دادگاى فیدراڵى بڕیار بدات بەوەى "ئەو گرێبەستانە کە لە ڕۆژى ١٩-٠٥-٢٠٢٥ ئەنجام دراون، پووچەڵن". هەروەها "سکاڵالێکراوان پابەند بکات بەوەى لە داهاتوودا هیچ گرێبەستێکى نەوت و غاز بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتى فیدراڵى ئەنجام نەدەن".

ئەم سکاڵایەش لەلایەن دادگاى باڵاى فیدراڵییەوە بڕیار درا بە ڕەتکردنەوەى.

بۆچى سکاڵاکان ڕەت دەکرێنەوە؟

هاوڕێ تۆفیق، مافناس و ڕاوێژکارى سەرۆککۆمارى عێراق، پێى وایە دواى ئەو بارودۆخە ناوخۆییەی دادگای فیدراڵی پێیدا تێپەڕی کە بەهۆیەوە سەرۆکی پێشووی دادگاکە خانەنشین بوو و لە شوێنەکەی دادوەر (مونزیر ئیبراهیم) دەستبەکار بوو، "قۆناغێکی تازە لە سروشت و ڕێڕەوی دادبینی و ڕێبازی بڕیاردەرکردنی دادگا" دەرکەوتووە.

هاوڕێ تۆفیق دەڵێت "ڕاستەوخۆ پاش دەستبەکاربوونی سەرۆکی تازەی دادگا، بەیانێکیان بڵاو کردەوە کە تێیدا بەڕوونی و ئاشکرایی ڕایانگەیاند، ئەوان لە چوارچێوەی پسپۆڕیی دەستووریدا داوا دەبینن و سنووری دەسەڵات و پسپۆڕیی خۆیان فراوان ناکەن".

بەپێى پەیڕەوى ناوخۆى دادگاى فیدراڵى، پێویستە داواکار کە لە دادگا سکاڵا تۆمار دەکات، دوو مەرجی سەرەکیی تێدا بێت: سکاڵاکە لە پسپۆریی دادگای فیدراڵی بێت و نەچێتە پسپۆڕی دادگاکانی تر، داواکار لە دۆسیەکەدا خاوەنی بەرژەوەندی بێت.

هاوڕێ تۆفیق لەبارەى دەستەواژەى "خاوەنی بەرژەوەندی" ڕوونکردنەوەیەکى خستووەتە ڕوو و دەڵێت "لە ساڵی ٢٠١٨، پەرلەمانی عێراق بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانى، یاساى ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (١٣)ـی ساڵی ٢٠١٨ـى دەرکرد. هەر یەکە لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانى ئەوکات و ژمارەیەک پارێزەر، لە دادگای فیدراڵی تانەیان لە ژمارەیەکی زۆری ماددەکانی یاساکە دا، لەوانە ماددەی (٦) بڕگەی دووەم، کە دەڵێت "ئەندامى پەرلەمان بە خاوەنی بەرژەوەندی و مافی خەڵک دادەنرێت، چونکە نوێنەرایەتيی سەد هەزار کەس دەکات و مافی هەیە لە جیاتی ئەوان لە بەردەم دادگاکان نوێنەرایەتی بکات و داوای دادبینی بکات".

عەبادى و پارێزەرەکان لە تانەکەیاندا وتوویانە کە ئەو بڕگەیە پێچەوانەی ماددەی (١٩)- بڕگەی دووەمی دەستوورە، کە دەڵێ "مافی دادبینی، مافێکی دابینکراوە بۆ هەموو خەڵک"، هەروەها دژی ماددەی (٦١)ـی دەستوورە کە دەسەڵات و پسپۆريی پەرلەمانی دیاری کردووە ئەوانیش (دەرکردنی ياسا و چاودێریکردنى جێبەجێکردنی یاسا)یە، بەوپێیەش ئەندامی پەرلەمان مافی سکاڵاکردنی لە دۆسیەکانى پەیوەست بە خەڵک لە دادگای فیدراڵی نییە، چونکە خاوەنی بەرژەوەندی نییە و بریکارى خەڵک نییە.

ڕاوێژکارەکەى سەرۆککۆمارى عێراق ئاماژە بەوە دەکات، تانەکە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە قبووڵ کراوە و بە بڕیاری ژمارە (١٤٠) یەکخراوەکان ١٤١/ فیدراڵی/ ڕاگەیاندن:٢٠١٨، بڕیاری داوە کە ماددەی (٦) - بڕگەی دووەم لە یاساى ئەنجومەنی نوێنەران، "دژی دەستوورە و پەرلەمانتار خاوەنی بەرژەوەندی نییە و ناتوانێ لە دادگا سکاڵا بکات".

هاوڕێ تۆفیق دەڵێت "ئێستا دادگای فیدراڵی پاش چەندین ساڵ، گەڕاونەتەوە سەر ئەم بڕیارە و دەڵێت: پەرلەمانتار خاوەنی بەرژەوەندی نییە و داواکەی ڕەت دەکاتەوە، بۆیە بەلێشاو سکاڵاکانیان ڕەت دەکاتەوە".