دادگای فیدراڵی دوو سكاڵاكەی دژی گرێبەستە 110 ملیارییەكەی هەرێم ڕەت كردەوە

20-07-2025 12:47

پەرەگراف

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەو دوو سكاڵاكەی ڕەت كردەوە كە لە دژی گرێبەستە نوێیە غازییەكانی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا ئەمرییەكان تۆمار كرابوون، كە بە گرێبەستە 110 ملیار دۆلارییەكە ناو دەبرێن. دادگاكە بۆ سكاڵای یەكەم دەڵێت "پووچەڵـە" و بۆ سكاڵای دووەیش دەڵێت "بڕیار درا بە ڕەتكردنەوەی".

سکاڵاى یەکەم لەلایەن پەرلەمانتار ڕائید حەمدان مالیکى، ئەندامى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى عێراق، لەسەر سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان و وەزیرى سامانە سروشتییەکانى هەرێم تۆمار کرابوو

ئەو پەرلەمانتارە لە سکاڵاکەدا داواى کردبوو دادگاکە بڕیار بدات بە پووچەڵبوونى ئەو گرێبەست و ڕێککەوتنانەی هەرێمى کوردستان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی (وێستن زاگرۆس و ئێچ کەى ئێن ئینێرژی) سەبارەت بە وەبەرهێنان لە کێڵگەکانی (میران، تۆپخانە-کوردەمیر) لە ١٩-٠٥-٢٠٢٥ ئەنجامی داون، بەوپێیەی پێشێلکاریی ماددە و بڕگەکانی دەستووری عێراقە.

پەرلەمانتارەکە داوایشى لە دادگاى فیدراڵى کردبوو، سکاڵالێکراوان پابەند بکات بەوەى لە داهاتوودا هیچ گرێبەستێکى نەوت و غاز بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتى فیدراڵى ئەنجام نەدەن. هەروەها فەرمانسالارییەک لە دژی تۆمەتباران دەردەچێت، بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی ئەو گرێبەست و ڕێککەوتنانە.

دادگاى فیدراڵى ئەم سکاڵایەى بە "پووچەڵ" دانا و کۆتایى پێ هێنا.

سکاڵاى دووەم لەلایەن پەرلەمانتار باسم نەغیمش غەریباوى، ئەندامى لیژنەى نەوت و غاز و سامانە سروشتییەکانى پەرلەمانى عێراقەوە لەسەر سەرۆکى حکومەت و وەزیرى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان تۆمار کرابوو.

لە سکاڵاکەدا داواى لە دادگاکە کردبوو "بڕیار بدات بە نادەستووریبوونى ئەو گرێبەستانەى کە لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئەنجامى دراون، سەبارەت بە وەبەرهێنان لە کێڵگەکانى (میران و کوردەمیر-تۆپخانە)".

هەروەها داواى کردبوو دادگاى فیدراڵى بڕیار بدات بەوەى "ئەو گرێبەستانە کە لە ڕۆژى ١٩-٠٥-٢٠٢٥ ئەنجام دراون، پووچەڵن". هەروەها "سکاڵالێکراوان پابەند بکات بەوەى لە داهاتوودا هیچ گرێبەستێکى نەوت و غاز بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتى فیدراڵى ئەنجام نەدەن".

ئەم سکاڵایەش لەلایەن دادگاى باڵاى فیدراڵییەوە بڕیار درا بە ڕەتکردنەوەى.