سەرۆکی نوێی دادگای فیدراڵی سوێندی یاسایی خواردو دەست بەکار دەبێت

03-07-2025 12:12

پەرەگراف

دادوەر مونزیر ئیبراهیم سەرۆکی نوێی دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ لەبەردەم سەرۆککۆماردا سوێندی یاسایی خواردو دەست بەکار دەبێت.

بڕیاردان لە پرسی مووچەی هەرێمی کوردستان لەبەردەستی دادگاکەدایەو مووچەخۆرانی هەرێم سکاڵایان تۆمار کردووەو چاوەڕێن فەرمانێکی سالاریی دەربکات کە حکومەتی عێراق پابەند بکات بە ناردنی مووچە.

ئەوە لەکاتێکدایە سێ ڕۆژ لە مانگی حەوت تێپەڕبووەو هێشتا مووچەی مانگی پێنج لە هەرێم دابەش نەکراوە بەهۆی نەناردنی پارە لە بەغداوە.

دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی دادگا دوای ئەوەدێت، لە گۆڕانکارییەکی کەم وێنەدا لە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری سەرکەوتووبوو لە دەرپەڕاندنی دادوەر جاسم محەمەد عەبود سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی لە پۆستەکەی، بەوەش هەژموونی خۆی بەسەر بەهێزترین دەزگای دەستوریی وڵاتدا سەپاند.

ناکۆکییەکان کاتێک تەقینەوە، ڕۆژی ١٩٠٦-٢٠٢٥ شەش ئەندامی دادگای فیدراڵی دەستلەکار کێشانەوەیان پێشکەشکرد وەک فشارێک بۆسەر سەرۆکی دادگاکە، بەڵام دواتر سەرۆکی دادگاو تەواوی ئەندامانی دادگای فیدراڵی ڕێککەوتن پێکەوە داوا بکەن خانەنشین بکرێن، شەش دادوەرەکە دەستلەکارکێشانەوەکانیان کشاندەوە، دواتر سەرجەمیان داوایان کرد خانەنشین بکرێن، بەڵام دوای ئەوەی داوای خانەنشینبوونی دادوەر جاسم عەبود سەرۆکی دادگاکە پەسەند کرا، ئەندامانی دادگاکە پەشیمان بوونەوەو داوای خانەنشینبوونیان کشاندەوەو دەگەڕێنەوەسەر کارەکانیان.

بەوەش تەنها سەرۆکی دادگاکە لە پۆستەکەدا نەما، بەپێی بەدواداچوونی هۆکاری سەرەکیی ئەو دۆخەی دادگای فیدراڵی ناکۆکی بوو لە نێوان فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی و دادوەر جاسم سەرۆکی پێشووی دادگای فیدراڵی، کە بە مانەوەی یەکەم و دوورخستنەوەی دووەم کۆتایی هات.

ڕۆژی 1-7-2025 لە یەکەم کۆبوونەوەی دوای خانەنشینبوونی دادوەر جاسم، فایەق زێدان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد کە سەرۆکی نوێی دادگای فیدراڵی و ئەندامانی دادگای فیدراڵی ئامادەی بوون.

لە ڕاگەیەندراوی ئەو کۆبوونەوەیەدا ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت "دادوەرەكانی ‏دادگای باڵای فیدڕاڵی داواكەیان بۆ خانەنشینبوون ‏كشاندەوە، ئەمەش دوای نەمانی ئەو هۆكارانەی كە بوونە ‏هۆی ئەوە داوای دەستلەكاركێشانەوە بكەن".‏ لە بەرانبەریشدا فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری سوپاسی کردن، بەوەش تەنها سەرۆکی دادگای فیدراڵی گۆڕا.