دوو پەرلەمانتار داوا لە دادگای فیدراڵی دەکەن جێبەجێکردنی گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان ڕابگرێت

28-05-2025 11:22

پەرەگراف

دوو پەرلەمانتاری عێراق لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان لە دژی گرێبەستە نوێیەکانی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان تۆمارکرد.

ڕائید مالیکی و باسم غرێباوی ئەو دوو پەرلەمانتارن کە سکاڵاکەیان تۆمارکردووەو داوادەکەن دادگای فیدراڵی فەرمانێکی سالاریی دەربکات بۆ ڕاگرتنی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی گرێبەستەکان.

ڕائید مالیکی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، داوامان لە دادگاکە کردووە بڕیارێک دەربکات کە گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم بە "نادروست" لە قەڵەم بدات.

ڕۆژی 20-05-2025، بە سەرپەرشتی و ئامادەیی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە واشنتن دوو گرێبەستی بە بەهای "110 ملیار دۆلار" لە بواری نەوت و غاز لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمریكی واژوو كرد. گرێبەستەكان لە جۆری "هاوبەشیپێكردن"ـن، كە وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو جۆرە گرێبەستانە ڕەت دەكاتەوە و لە ڕابردوودا یەكێك بووە لە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد.

دوای واژوو کردنی گرێبەستەکان، وەزارەتی نەوتی عێراق لە دژیان وەستایەوەو بە "نایاسایی" لە قەڵەمیدان، هاوکات بەپێی سێ سەرچاوە بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز عێراق ‏سكاڵای یاسایی لەسەر حكومەتی هەرێم تۆمار كردووە بەهۆی ئەو گرێبەستانەوە.

سکاڵاکە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە تۆمار كراوە، ڕۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە كە بەڵگەنامەیەكی دەست كەوتووە ‏تۆماركردنی سكاڵاكە پشتڕاست دەكاتەوە، بەڵام ناوی ئەو شوێنەی نەهێناوە كە ‏عێراق سكاڵاكەی لێ‌ تۆمار كردووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پاڵپشتیی لە گرێبەستە 100 ملیار دۆلارییەکەی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بواری نەوت و غازدا كرد. نووسینگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس وتی "خۆشحاڵین بە واژۆکردنی گرێبەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و فراوانبوونی پەیوەندیی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان".

ڕۆژی 23-05-2025، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاگەیەندراوی دووەمی دەربارەی گرێبەستەكان بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند، ڕێگری و تێبینییان لەسەر کارکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان نییە، بەڵام مامەڵەی ڕاستەوخۆی ئەو کۆمپانیایانە لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەبێ حکومەتی فیدراڵی و کەناڵە فەرمییەکان، "پێچەوانەی دەستوور و یاسایە".