وەزیری دارایی: پشتگیریی هیچ پرۆژەیەك ناكەین كە بەبێ ڕەزامەندی لەسەر موڵكی وەزارەتی دارایی كرابێت

05-06-2024 03:09
کۆبوونەوەى وەزیرى دارایى و دەستەی داكۆكیكردن لە سروشت و موڵكی سلێمانی

پەرەگراف

وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان لەبارەی پرۆژەكانی بناری چیای گۆیژە لە سلێمانی، دەڵێت "پشتگیریی هیچ پرۆژەیەك ناكەین كە بەبێ ڕەزامەندیی لەسەر موڵكی وەزارەتی دارایی كرابێت".

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، ئەمڕۆ لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی دەستەی داكۆكیكردن لە سروشت و موڵكی سلێمانی كۆبووەتەوە. گفتوگۆ لەسەر دیاردەی زیادەڕۆیی بۆ سەر موڵك و ماڵی گشتی و گرفتی ئەو پرۆژانە كراوە كە بەبێ مۆڵەت و بە سەرپێچی لەسەر موڵكی وەزارەتی دارایی دروست كراون.

وەزارەتی دارایی دەڵێت "ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند، پشتگیری هیچ پرۆژەیەك ناكەن بەبێ ڕەزامەندی لەسەر موڵكی وەزارەتی دارایی دروست كرابێت، لەوانە هەموو ئەو پرۆژانەی لە بناری گۆیژە و ناوچەكانی تر، كە بەبێ ڕەزامەندی و مۆڵەتی لایەنە پەیوەندیدارەكان كرا بێت چ پرۆژەی نیشتەجێبوون بێت یان پرۆژەی بازرگانی و پیشەسازی بێت".

دەستەی داكۆكی لە سروشت و موڵكی سلێمانی لەلایەن ژمارەیەك لە چالاكان و ڕۆشنبیرانی سلێمانییەوە پێك هێنراوە، ماوەی هەفتەیەكە هەوڵەكانی بۆ ڕێگری لە پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون لە شاخی گۆیژە دەست پێ‌ كردووە كە لەلایەن كۆمپانیای قەیوانەوە جێبەجێ‌ دەكرێت.

دەستەكە دەڵێت "ئەو پرۆژە بە هەموو شێوەیەك دەستدرێژییە بۆ سەر ‏ژینگەی سلێمانی". حكومەتی هەرێمیش تۆمەتبار دەكەن بەوەی كە "بووە بە پاسەوانی پاراستنی كۆمپانیا و ‏بەناو سەرمایەدارەكان كە تەنیا بیر لە بەرژەوەندیی خۆیان ‏دەكەنەوە".

شاباز سدیق، بەڕێوبەری پڕۆژەكانی گرووپی كۆمپانیاكانی قەیوان، بۆ پەرەگراف دەڵێت "پڕۆژەكە تەواوكەری بەرزاییەكانی سلێمانییە و ڕەزامەندیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەیە كە 14 لایەنی ڕەسمییە".

پڕۆژەكەی قەیوان دەكەوێتە پشتی بەرزاییەكانی سلێمانی، لەسەر دوو گرد لەو زنجیرە گردانەی درێژكراوەی گۆیژەیە. یەكێكیان لە دەستە ڕاستی ڕێگای هەواری شار بەرەو تونێلی پێشڕەوە و ئەوی تر دەكەوێتە ئەو گردانەی دەكەونە دەستەچەپی ڕێگای دەباشان بەرەو تونێلی پێشڕەو. ڕووبەری هەردوو زەویی پرۆژەكە 470 دۆنمە.

دەستەی داكۆكی لە سروشت و موڵكی سلێمانی لە هەوڵەكانی بۆ ڕاگرتنی پرۆژەكە بەردەوامە، بۆ فراوانكردنی ناڕەزایەتی و چالاكییەكانیش بەرەیەك لە دەیان ڕێكخراوی بواری ژینگە و چالاكان و نووسەران و هونەرمەندان و مامۆستایانی زانكۆ لەژێر ناوی "گۆیژە بپارێزە" پێك هێنراوە.

تیمی گۆیژە بپارێزە ڕۆژی 2ـی ئەم مانگە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە سلێمانی داوای دەستبەجێ‌ ڕاگرتنی سەرجەم ئەو پرۆژانەی كرد كە لە بناری گۆیژەدان، بە چاوپۆشی لەوەی هی چ سەرمایەدار و كۆمپانیایەكن.

تیمەكە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، هەوڵەكانی بەگەڕ دەخات بۆ ئاشكراكردنی ئەو مەترسییە ژینگەییانەی كە لە ئەنجامی پرۆژەكانی بناری گۆیژە دروست دەبن.

یەكێك لەو بەرپرسانەی كە لەم دۆسیەدا ڕەخنەی زۆری لێ‌ دەگیرێت، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بەو پێیەی پرۆژەكە لە سنووری زۆنی سەوزدایە و ئەویش لە سلێمانی باڵاترین دەسەڵاتی حكومەتە.

ئەمڕۆ لە یەكەم كاردانەوەدا، قوباد تاڵەبانی لەبارەی پرۆژەكەوە وتی "ڕەنگە لە هەموو عێراقدا جوانترین و ناوازەترین پڕۆژەی نیشتەجێبوون بێت".

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە وتارێكدا كە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژینگەوە لە ڕۆژنامەی سەباح بڵاوی كردبووەوە، دەستپێشخەرییەكی بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسێك لەسەر مەترسییە ژینگەییەكان و ڕووبەڕووبوونەوەیان ئاراستەی بەرپرسان و لایەنە عێراقییەكان كردووە.

قوباد تاڵەبانی هەر لەو وتارەدا دەربارەی پرۆژەكەی شاخی گۆیژە دەڵێت "دانیشتوانی شاری دابەشی دوو بەرە كرد: بەرەیەك دژی پڕۆژەكەن و پێیان وایە زیانی ژینگەیی هەیە، بەرەیەكی دیكەش پێیان وایە ئەگەر پڕۆژەكە زیانی ژینگەییشی هەبێت، لەو ئاستەدا نییە پڕۆژەیەكی ناوازەی بۆ پەك بخرێت كە سیمای شار دەگۆڕێت".