تیمی گۆیژە بپارێزە: دەستبەجێ‌ سەرجەم ئەو پرۆژانەی لە بناری گۆیژەدان ڕابگیرێن

02-06-2024 09:10

پەرەگراف

تیمی گۆیژە بپارێزە لە سلێمانی پێكهێنرا و داوای دەستبەجێ‌ ڕاگرتنی سەرجەم ئەو پرۆژانە دەكات كە لە بناری گۆیژەدان، بە چاوپۆشی لەوەی هی چ سەرمایەدار و كۆمپانیایەكن.

تیمەكە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، هەوڵەكانی بەگەڕ دەخات بۆ ئاشكراكردنی ئەو مەترسییە ژینگەییانەی كە لە ئەنجامی پرۆژەكانی بناری گۆیژە دروست دەبن.

لە بەیاننامەیەكدا كە سی ڕێكخراو و 250 كەسایەتی واژوویان لەسەر كردووە، داوا لە دامەزراوە یاسایی و جێبەجێكارە بەرپرسیارەكانی حكومەتی هەرێم كراوە، "ڕەزامەندی بەو پرۆژانە نەدەن كە دژە ژینگەن و لێپرسینەوە لە فەرمانگەی ژینگە بكرێت كە چۆن ڕێگەی بەو جۆرە پرۆژانە داوە".

تیمی گۆیژە بپارێزە كە لە بەشێك لە ڕێكخراوەكانی ژینگەپارێزی، چالاكانی مەدەنی، مامۆستایانی زانكۆ، نووسەران، هونەرمەندان و چین و توێژە جیاوازەكانی دیكە پێك هێنراوە، دەڵێت "ئەو ئەقڵیەتە بەرژەوەندیخوازە سەرمایەدارییە شەرمەزار دەكەین كە تاكە ئامانجی پڕكردنی گیرفانی خۆیەتی و تا ئاستی پایەماڵكردنی دۆڵ و دادڕین و نەهێشتنی شاخەكانی كوردستان هەنگاوی ناوە".

تیمی گۆیژە بپارێزە جەخت دەكاتەوە كە "ئەو یەكانەی لە چیای گۆیژە دروست دەكرێن (شاری خەونەكان)، تەنها ئەو كەسانە دەتوانن ببن بە خاوەنی كە لە كەمینەیەكی دەوڵەمەندی ئەم هەرێمەن و خاوەن كۆمپانیا و سەرمایەدارن".