پەرەگراف
دەستەی داكۆكی لە ژینگە و زەویی سلێمانی پاش دوو كاتژمێر كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی شارەوانی و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی و داواكاری گشتی، ڕایگەیاند سەبارەت بە هەڵكۆڵینی شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ و كردنی بە پرۆژە لەلایەن كۆمپانیاوە "نەگیشتووینەتە هیچ ئەنجامێك".
شوان محەمەد، ئەندامی دەستەكە، بۆ میدیاكان ڕایگەیاند كە لە كۆبوونەوەكەدا داوای ڕاگرتنی پرۆژەكەیان كردووە، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار پێیان وتوون كە ئەو پرۆژەیە "بەپێی یاسای شارەوانییەكان كراوە و ئەوان ناتوانن ڕایبگرن".
دەستەی داكۆكی لە ژینگە و زەویی سلێمانی جەخت دەكاتەوە كە ئەو كارە "بە هەموو شێوەیەك دەستدرێژییە بۆ سەر ژینگە و ئەوەی لە گۆیژە ڕوو دەدات، درێژكراوەی ئەو قەیرانە ژینگەییانەیە كە لە هەرێمی كوردستان هەن".
"حكومەتی هەرێم بووە بە پاسەوانی پاراستنی كۆمپانیا و بەناو سەرمایەدارەكان كە تەنیا بیر لە بەرژەوەندیی خۆیان دەكەنەوە، بەڵام دەیفرۆشنەوە بەوەی كە ئەمە بۆ خەڵكە، ئەمە بە هیچ شێوازێك بۆ خەڵك نییە، تەنیا بۆ چینێكی دیاریكراوە كە ڕۆژ بە ڕۆژ پەلاماری گرد و سەرچاوەكانی ئەم سروشتە دەدەن و جگە لە وێرانكارییەك، هیچی شتێكی دیكە جێناهێڵن"، ئەندامێكی دەستەكە وای وت.
ئەندامێكی دیكەی دەستەكە وتی "ئەم جۆرە ستایلە لە ڤی ئای پی و های كڵاس كە بە 30 بۆ 60 قات لەناو سلێمانیدا قوت دەكرێتەوە، خزمەت بە نیشتەجێبوون ناكات، چونكە بەشێكی زۆری ئەوانەی نیشتەجێبوونیان نییە، كەمدەرامەتن، بەڵكوو ئەوانەی لێی سوودمەند دەبن دەوڵەمەند و سەرمایەدارە گەورەكانن".