قوباد تاڵەبانی: هەژماری من ئارەزوومەندانەیە

27-05-2024 07:55

پەرەگراف

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت كە بەشداریی مووچەخۆران لە پرۆژەی ‏هەژماری من "ئارەزوومەندایە" و مووچەخۆران "ئازادن" لەوەی بەشداریی تێدا دەكەن ‏یان نا. دەشڵێت "فەرمانبەران دەتوانن بانكی تی بی ئای هەڵبژێرن".‏

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە ‏كردنەوەی (ناوەندی كوردستان بۆ هونەر و كولتوور)، ڕایگەیاند "هەژماری من بەرنامەی ‏حكومەتە بۆ پێدانی مووچە بە ڕێگای ئەلیكترۆنی، بەڵام تاكە ڕێگا نییە".‏

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەختی كردەوە كە "بەشداری لە هەژماری من ‏ئارەزوومەندانەیە و مووچەخۆران سەرپشكن، هەر فەرمانبەرێك كە ویستی، دەتوانێت ‏خۆی لەو پرۆژەیەدا تۆمار بكات، ئەوەی كە نایەوێت، زۆر ئازادە و دەتوانێت بچێت لە ‏بانكەكانی دیكەدا خۆی تۆمار بكات".‏

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە هاتنی بانكی (‏TBI‏) بۆ بەشداری لە پرۆسەی بەبانكیكردنی ‏مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كرد و وتی "ئێستا تی بی ئایش هاتووەتە ناو بابەتەكەوە، ‏فەرمانبەران دەتوانن ئەو بانكە هەڵبژێرن"‏

‏"هەژماری من بێت یان هەژمار تۆ، گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە بەغداد پارەی مووچە ‏بنێرێت و دابەش بكرێت، گرنگ ئەوەیە ڕزگارمان ببێت لە دابەشكردنی مووچە بە گوێنی ‏و زەرف"، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم وای وت.‏

هەڵوێستەكەی قوباد تاڵەبانی لە كاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی، ‏سەرۆكوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە بەدواداچوون بۆ ئەو ‏ڕێوشوێنانە كرد ‏كە گیراونەتە بەر بۆ بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی ‏كوردستان‎.‎

سوودانی لە كۆبوونەوەكەدا جەختی لە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ‏كردووەتەوە بۆ بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان. لەو ‏چوارچێوەیەشدا فەرمانی كردووە بە "خێراكردنی تەواوكردن"ـی ڕێكارەكانی پرۆسەكە.‏

ئەمە لە كاتێكدایە پاش زیاتر لە سێ‌ مانگ لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، تا ئێستا ‏پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەو جۆرەی لە بڕیارەكەدا هاتووە، ‏نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە. وەزارەتی دارایی هەرێم ناردنی لیستی ناوی 821 ‏فەرمانبەری بە دوو لیست بۆ بانكی تی بی ئای ڕاگەیاندووە، بەڵام دەڵێت "لە چوارچێوەی ‏پرۆژەی هەژماری مندا" بەبانكیكردنی مووچە دەكات.‏

بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، دەبێت پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی ‏هەرێم "لە بانكە حكومییە فیدراڵییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان" ئەنجام بدرێت. ‏هەروەها پێشتر وەزارەتی دارایی عێراق ڕەتی كردووەتەوە كە بەبانكیكردنی مووچە لە ‏چوارچێوەی پرۆژەی (هەژماری من)دا قبووڵ بكات، چونكە ئەو بانكانەی تێیدا بەشدارن، ‏بانكی كەرتی تایبەتن.‏

لە دوای ئەوەی بانكی بازرگانیی عێراق (تی بی ئای) لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی ‏عێراقەوە ڕاسپێردرا بۆ ئەوەی پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ئەنجام بدات. سوودانی ‏ڕایشیگەیاند كە تی بی ئای لە ماوەی دوو مانگدا پرۆسەكەدا تەواو دەكات.‏

دواتر شاندی بانكی تی بی ئای لە هەولێر لەگەڵ حكومەتی هەرێم سەبارەت بە ئەنجامدانی پرۆسەی ‏بەبانكیكردنی مووچە (تەوتین) كۆبووەوە. پاش كۆبوونەوەكە هەر لایەكیان ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە و ‏هەریەكەیان بە جۆرێك باس لە ئەنجامدانی پرۆژەكە دەكات.‏

وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند "بانكی عێراقی بۆ بازرگانی‎ (TBI) ‎بەشداری لە پڕۆژەی ‏‏(هەژماری من) بۆ بە دیجیتاڵكردنی مووچە دەكات"، بەڵام بانكی تی بی ئای بە هیچ شێوەیەك باسی ‏بەشداری لە پرۆژەی هەژماری من ناكات و دەڵێت "بەشداری لە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی ‏فەرمانبەرانی هەرێم (تەوتین) دەكەین لەسەر داوای سەرۆكوەزیرانی عێراق و بەپێی بڕیارەكەی ‏دادگای فیدراڵی".‏

ڕۆژی 25ـی ئەم مانگە، سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "تا ئێستا بانكی تی بی ئای پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی دەست پێ‌ نەكردووە و بانکەکە داوای لیستی وەزارەتەکانی کردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی تا ئێستا لیستی هیچ وەزارەتێکی بۆ نەناردووە.