سۆران عومەر: حكومەتی هەرێم تەوتین و ڕادەستکردنی داهاتی جێبەجێ‌ نەكردووە و كێشەی مووچە چارەسەر نەكراوە

25-05-2024 04:03

پەرەگراف

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم داواكارییە یاساییەكانی بەغداد و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی تایبەت بە "تەوتین و ڕادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان" وەک خۆی جێبەجێ‌ نەكردووە و بەم جۆرەی ئێستا كێشەی مووچە بەردەوام دەبێت.

سۆران عومەر ئاشكرای دەكات كە تا ئێستا بانكی تی بی ئای پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی دەست پێ‌ نەكردووە و بانکەکە داوای لیستی وەزارەتەکانی کردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی تا ئێستا لیستی هیچ وەزارەتێکی بۆ نەناردووە. دەشڵێت، حكومەتی هەرێم بەنیازە "100 ملیار دینار" وەكوو نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەكان و باجی دوو مانگ بۆ بەغداد بنێرێت، بەڵام ئەوەش قبووڵ ناكرێت.

كێشەی ڕادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم بە حكومەتی فیدراڵی، بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، ئەگەرچی چەندین كۆبوونەوە لە نێوان هەردوولا كراوە و حكومەتی هەرێم بانگەشەی ئەوە دەكات كە گەیشتوونەتە ڕێككەوتن، بەڵام بەغداد ئەوەی پشتڕاست نەكردووەتەوە و تا ئێستا هەرێم هیچ بڕە داهاتێكیش ڕادەست نەكراوە.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "حكومەتی هەرێم بەنیازە 100 ملیار دینار وەكوو نیوەی داهاتی ناوخۆی دەروازە سنوورییەكان و باج بۆ مانگەكانی دوو و سێی ئەمساڵ بخاتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی عێراق".

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی "وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناردنی داهاتە ناوخۆییەكانی هەرێم بەو شێوەیە ڕەت دەكاتەوە و داوای ڕادەستكردنی داهاتە ناوخۆییەكان بەپێی یاسا دەكات، بە تایبەتیش یاسای كارگێڕیی دارایی".

وەكوو سۆران عومەر بۆ پەرەگراف ڕوونی كردەوە، بەپێی ماددەكانی 21 و 29ـی یاسای كارگێڕیی دارایی عێراق، جگە لە داهاتی هەندێك وەزارەتی خزمەتگوزاری، هەروەها لەسەدا 50ـی باج و گومرگ، دەبێت حكومەتی هەرێم كۆی داهاتە نانەوتییەكان ڕادەستی حكومەتی فیدراڵی بكات.

ئەندامەكەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش كرد كە "بەپێی تێگەیشتنی حكومەتی هەرێم، ئەوەی دەبێت ڕادەستی بكات، بریتییە لە نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەكان و باج، بەڵام بەغداد ئەوە ڕەت دەكاتەوە".

سەبارەت بە بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم (تەوتین)ـیش، سۆران عومەر جەختی لەوە كردەوە كە "حكومەتی هەرێم نایەوێت تەوتین بكرێت و تا ئێستا پابەندی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نەبووە".

"تا ئێستا بانكی بازرگانیی عێراق (TBI) دەستی بە تەوتینی مووچە نەكردووە، چونكە ئەو بانكە لە چوارچێوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی پرۆسەكە ئەنجام دەدات و داوای لیستی فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی هەرێمی كردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێم لیستێكی دیكەی ناردووە"، سۆران عومەر بۆ پەرەگراف وای وت.

وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم خۆی دەڵێت، ئەو لیستەی بۆ بانكی تی بی ئای ناردووە لە چوارچێوەی (پرۆژەی هەژماری من)ـدایە. ئەمە لەكاتێكدایە كە تا ئێستا بانكی تی بی ئای پشتڕاستی نەكردووەتەوە كە بەشداریی لە هەژماری من كردبێت، بەڵكوو دەڵێت "لە چوارچێوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و لەسەر داوای سەرۆكوەزیرانی عێراق" بەشداری لە بەبانكیكردنی مووچە (تەوتین)ـی مووچە دەكات.

وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم پێشتر ڕایگەیاند "بانكی تی بی ئای بەشداریی لە پرۆژەی هەژماری من كردووە"، هەروەها وەزارەتەكە بە دوو لستی جیا ناوی "821" فەرمانبەری بۆ بانكەكە ناردووە تا لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری مندا پرۆسەی بەبانكیكردنیان بۆ ئەنجام بدات.