پەرەگراف
بانكی بازرگانیی عێراق (TBI) چاوەڕوانی حكومەتی هەرێمە كە زانیارییەكانی تایبەت بە فەرمانبەرانی بۆ دەستپێكردنی "تەوتین"ـی مووچەی پێ بدات، بانكەكە جەخت دەكاتەوە كە "لە چوارچێوەی بڕیاری دادگای فیدراڵیدا" پرۆسەكە ئەنجام دەدات.
بانكی تی بی ئای ئاماژەی بەوە كردووە كە بەهۆی ئەو پرسیارە زۆرانەی لێیان دەكرێت سەبارەت بە میكانیزمی تەوتین (بەبانكیكردن)ـی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەم ڕوونكردنەوەیە دەدات.
لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە "ئێمە پابەندبوونی خۆمان بە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی عێراق دووپات دەكەینەوە".
بانكی تی بی ئای ئاماژەی بە بڕیاەكەی ددگای فیدراڵی كردووە كە دەڵێت "پرۆسەی تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەو بانكە حكومییە فیدراڵییانە دەكرێت كە لە دەرەوەی هەرێم كاردەكەن". دەشڵێت "لە چوارچێوەی بانكە حكومییەكاندا" بەشدار دەبین لە تەوتین.
"دووپاتی دەكەینەوە كە بانكی بازرگانیی عێراق توانای پراكتیكیی بەرز و تۆكمەی هەیە بۆ تەواوكردنی پڕۆسەی تەوتینی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی هەرێم كە ئارەزووی هەڵبژاردنی بانكەكەمان دەكەن"، بانكی تی بی ئای وا دەڵێت.
لە كۆتایی ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە "دووپارتی دەكەینەوە كە بانكەكەمان هێشتا چاوەڕێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات لیستی ناوی ئەو فەرمانبەرانە بنێرێت كە مووچەكانیان تەوتین دەكرێت، هاوپێچ لەگەڵ بەڵگەنامەی پشتگیری، بۆ ئەوەی دەست بكرێت بە پرۆسەی تەوتینی مووچە".
ڕوونكردنەوەكە پاش ئەوە دێت كە لە ماوەی ڕابردوودا پرسیار و گومان لای مووچەخۆران دروست بووە سەبارەت بە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچە، بە تایبەت كە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند "بانكی تی بی ئای بەشداری لە هەژماری من دەكات".
ئەم ڕوونكردنەوەی بانكی تی بی ئای بە شێوەیەكی ناڕاستەخۆ ڕەتكردنەوەی ئەو هەواڵانەیە كە باس لە بەشداریكردنی لە هەژماری من دەكەن، هەتا ئێستاش بانكەكە بە هیچ شێوەیەك ناوی پرۆژەی هەژماری منی نەهێناوە.