پەرەگراف
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند، دووەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کرا تاوەکو هەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من.
ئەوە لەکاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو لیستی یەکەم ئاڕاستەی بانکەکە کرا کە زانیارییەکانی 368 فەرمانبەرەو هێشتا بانکەکە دەستی نەکردووە بە کردنەوەی هەژمارەکانیان، ڕوون نییە کە تی بی ئای لە ئامادەیە لە چوارچێوەی هەژماری من دا هەژماری بانکیی بکاتەوە یاخود نا.
وەزارەتی دارایی هەرێم ئەمڕۆ ڕایگەیاند "ڕۆژی پێنجشەمە ٢٣ ی ئایاری ٢٠٢٤، لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی هەژماری من، و بە پشتبەستن بە ڕێکەوتنی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاری فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دووەمین هەفتە لەسەریەک، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەڵسا بە ناردنی زانیاریی ( ٤٥٣ ) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان".
"حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاری مووچەخۆران کە ئەم بانکە هەڵدەبژێرن لە نێوان حەوت بانکەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من بەپێی ئەو پرۆسەیەی کە بانکی ناوەندی عێراق پەسەندی کردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات" وەزارەتی دارایی وادەڵێت.
وەزارەتەکە دەشڵێت "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی وەرگرتنی خشتە و زانیاری پێویستە دەربارەی پرۆسەی کردنەوەی هەژمارەکان و چاپکردنی کارتەکان بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کەوا هەفتەی رابردوو زانیارییەکانیان بۆ بانکی ناوبراو نێردرابوو. هیوادارین بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بە زووترین کات دەست بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خوازیار بکات".