سوودانی فەرمانی كرد بە خێراكردنی ڕێكارەكانی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم

27-05-2024 03:25
کۆبوونەوەکەی سوودانی لەگەڵ بانکی ناوەندیی و بانکە حکومییەکان لەبارەی بە بانکیکردنی مووچەی هەرێم.

پەرەگراف

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، فەرمانی كرد بە خێراكردنی تەواوكردنی ڕێكارەكانی ‏بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە چوارچێوەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا.‏

ئەمڕۆ دووشەممە، سوودانی سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە بەدواداچوون بۆ ئەو ڕێوشوێنانە كردووە ‏كە گیراونەتە بەر بۆ بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی كوردستان‎.‎

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، سوودانی "جەختی لە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی ‏دادگای فیدراڵی كردەوە كە لە 21ی شوباتی 2024 دەرچووە، كە حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی ‏پابەند كردووە بە بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی كەرتی گشتیی هەرێمی كوردستان".‏

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەكەی، سەرۆكوەزیرانی عێراق "بەدواداچوونی بۆ ئاستی ‏جێبەجێكردنی ڕێكارەكان" لەگەڵ دادگای فیدڕاڵی و بانكە حكومییەكان لەسەر ‏بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم كردووە و ڕایگەیاندووە "پێویستە پەلە ‏بكرێت لە تەواوكردنی تۆماركردنی داتاكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی عێراق و ‏چیتر مووچەكانیان دوا نەكەوێت".‏

سوودانی دووپاتی كردووەتەوە كە "حكومەتی فیدڕاڵی پابەندە بە پاراستنی كارمەندان لە ‏ڕۆڵەكانی گەلی عێراق لە هەر شوێنێك بن، هەروەها دەستەبەركردنی مافەكانیان بەپێی ‏یاسا و دەستوور".‏