دوای دوو ڕۆژ لە هێرشەكەی سەر پیرمام، وەزارەتی پێشمەرگە ئیدانەی دەكات

01-01-2024 03:34
درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر 31-12-2023

پەرەگراف

پاش دوو ڕۆژ لە كردنە ئامانجی بارەگایەكی هێزەكانی پێشمەرگە لە پیرمام بە درۆنی ‏بۆمبڕێژكراو كە هیچ زیانێكی گیانیی لێ‌ نەكەوتەوە، وەزارەتی پێشمەرگە "سەركۆنەی توند"ـی ‏هێرشەكە دەكات و داوای پاڵپشتی بۆ "ڕاگرتنی ئەو پەلامارە نابەرپرسیارانە" دەكات.‏

وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "بە توندی سەركۆنەی هێرشی درۆنی بۆمبڕێژكراو بۆ سەر ‏بارەگایەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەین، كە لە 30-12-2023 لە سنوری پیرمام - ‏هەولێر لەلایەن گرووپە لەیاسادەرچووەكانەوە ئەنجام درا".‏

وەزارەتەكە لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی كە "سەقامگیری، ئارامی و ئاسایشی ‏هەرێمی كوردستان، زامنی ئارامی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەكەشە"، دەڵێت "ئێمە لە ‏وەزارەتی پێشمەرگە، بانگی حكومەتی عێراقی و تەواوی دۆستانمان لە هاوپەیمانیی ‏نێودەوڵەتی دەكەین، كە پاڵپشتمان بن بۆ ڕاگرتنی ئەو پەلامارە نابەرپرسیارانەدا، كە دەبێتە ‏هۆی ئاشووبی زیاتر بۆ هەرێم و عێراق و ناوچەكە بە گشتی".‏

وەزارەتی پێشمەرگە داوای "هەرچی زووە دۆزینەوە و بە سزای یاسایی گەیاندنی بكەرانی ‏ئەو كارە تیرۆریستییانە" دەكات، دووپاتیشی دەكاتەوە "هێزی پێشمەرگەی كوردستان، وەكوو ‏هەمیشە بۆ پاراستنی خاك و میللەتەكەمان، مافی بەرپەرچدانەوەی پێویست و گونجاوی ‏دەبێت".‏

دوێنێ‌، پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد ‏‏"شەوی (شەممە، 30-12-2023)، كاتژمێر 11:45 خولەك، بە دوو درۆنی بۆمبڕێژكراو ‏هێرش كرایە سەر بارەگایەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە سنووری پیرمام - هەولێر كە ‏خۆشبەختانە زیانی گیانیی نەبووە و تەنیا زیانی ماددیی لێ كەوتەوە‎".‎

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، هێرشەكەی بە "تیرۆریستی" ناو برد و ‏نیگەرانیی قووڵی لەوباریەوە ڕاگەیاند. داوایشی لە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی ‏عێراق كرد "بە كردەوە ڕێكاری پێویست بگرێتە بەر بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە و سزادانی ‏گرووپەكان و كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچانەی بۆ هێرش بەكار دەهێنرێن".‏

مەسروور بارزانی وتیشی "ئێمە باش لەو یارییانە تێدەگەین كە كەسانی لەیاسادەرچوو لە ‏پشتیانەوەن، مافی ئەوەشمان هەیە بەرگری لە گەلەكەمان بكەین".‏

دوای هێرشەكە، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق هێرشەكەی بۆ سەر هەولێر بە ‏‏"تاوانكار"ـی ناو بۆد و ڕایگەیاند كە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی ‏گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، فەرمانی كردووە بە دەزگا ئەمنییەكان "لێكۆڵینەوەیەكی ‏گشتگیر" بكەن.‏

وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا حكومەتی فیدراڵی تۆمەتبار كرد بەوەی كە ‏‏"بودجە و مووچە" بە گرووپانە دەدات كە هێرشەكان ئەنجام دەدەن و "چەكدار"یان دەكات، ‏وتیشی "بە بەرچاوی حكومەتی عێراقەوە هاتووچۆ دەكەن و چەك و موشەك و درۆن ‏دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەكەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەكان".‏

پێشەوا هەوارمی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم دەشڵێت "لە كاتێكدا كە حكومەتی عێراق بێ ‏دەنگ و بێ توانایە بەرامبەر ئەو گرووپانە، بەڵام ئازایە لە بڕینی قووتی خەڵكی كوردستان ‏و بە هەمان پارە ئەم گرووپانە پارەدار دەكرێن".‏

دواتر حكومەتی عێراق "سەرسوڕمان"ـی خۆی لە ڕاگەیەندراوەكەی وتەبێژی حكومەتی ‏هەرێم ڕاگەیاند و وتی "تۆمەتی جۆراوجۆری ناڕاستەقینە و نابەرپرسانەی لەخۆ گرتووە".‏

باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی "لێدوانەكەی وتەبێژی ‏حكومەتی هەرێم "زانیاریی چەواشەكارانە و درۆ"ـی تێدایە، "بەتایبەتی تۆمەتی ‏برسیكردنی هاووڵاتیانی هەرێم".‏

‏"دووپاتی دەكەینەوە كە پەلەكردن لە بڕیاردان و لێدوانێك كە وردبینیی تێدا نییە، ‏بەشداریییە لە ئاڵۆزكردنی دیمەنی سیاسی و حكومی، ئەو لێدوانە نابنیاتنەرانە زیان بە ‏دۆخی سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی دەگەیەنێت"، وتەبێژی حكومەتی عێرا وای وت.‏

باسم عەوادی جەختی كردەوە كە حكومەتی فیدراڵی ڕێكاری گرتووەتە بەر بۆ لێكۆڵینەوە ‏لەو هێرشە و ڕایگەیاند "حكومەتی عێراق هەر هێرشێك ڕەت دەكاتەوە كە بكرێتە سەر ‏خاكی عێراق، چ لە هەرێم بێت یان باقیی پارێزگاكان".‏