بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایەسەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە هەولێر

31-12-2023 11:14
پاشماوەی درۆنێک کە 8-11-2023 ھێرشی کردەسەر فڕۆکەخانەی ھەریر.

پەرەگراف

شەوی رابردوو بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایەسەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەولێر، حکومەتی هەرێم دەڵێت، چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی کرداری لە سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵی دەکەین لە سزادانی ئەم گروپانە و هەر وەڵامدانەوەیەکیش لە کات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین.

پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم راگەیەندراوێکدا هێرشە درۆنییەکەی ئاشکرا کردو دەڵێت "شەوی ڕابردوو (شەممە، 30-12-2023)، کاتژمێر 11:45 خولەک؛ بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام-هەولێر کە خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتەوە".

"ئەم هێرشە تیرۆریستیە لە لایەن هێزێکی لە یاسادەرچوو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە مەترسیدار و شەڕ فرۆشتنە. ئێمە ئەو لایەنانە و حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، چونکە ئەم گرووپە لە یاسادەرچووانە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و موچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەرچاوی حکومەتی عێراقەوە هاتووچۆ دەکەن و چەک و موشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان" وتەبێژی حکومەتی هەرێم وادەڵێت.

پێشەوا هەوارمی دەشڵێت "لە کاتێکدا کە حکومەتی عێراق بێ دەنگ و بێ توانایە بەرامبەریان، بەڵام ئازایە لە بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان و بە هەمان پارە ئەم گروپانە پارەدار دەکرێن. چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی کرداری لە سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵی دەکەین لە سزادانی ئەم گروپانە و هەر وەڵامدانەوەیەکیش لە کات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین. داواش لە هەموو دۆست و لایەنەکان دەکەین کە لەو کردارە تیرۆریستیە بێ دەنگ نەبن و پشتیوانمان بن بۆ هەر بەرپەرچدانەوەیەک کە بە گونجاوی بزانین".