پەرەگراف
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق، هێرشە درۆنییەكی شەوی ڕابردوو بۆ سەر هەولێر بە "تاوانكار"ـی ناو دەبات و ڕایدەگەیەنێت كە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، فەرمانی كردووە بە دەزگا ئەمنییەكان "لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر" لەبارەی هێرشەكەوە بكەن.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "كاتژمێر 07:30 خولەكی دوێنێ، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان شوێنێكی كردووەتە ئامانج كە یەكەكانی پاسەوانی سنووری هەرێمی كوردستانی عێراقی لێ بووە".
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، "ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەكە" فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق فەرمانی كردووەكە "لێكۆڵینەوەیەكی ئەمنیی گشتگیر لەو ڕووداوە تاوانكارییە بكرێت. هەروەها دەزگا ئەمنییەكانی ڕاسپاردووە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكە".
شەوی ڕابردوو بە "دوو درۆنی بۆمبڕێژكراو" هێرش كرایە سەر بارەگایەكی هێزەكانی پێشمەرگە لە هەولێر. حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند "چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی كرداری لە سەرۆكوەزیرانی حكومەتی فیدراڵی دەكەین لە سزادانی ئەم گرووپانە و هەر وەڵامدانەوەیەكیش لە كات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین".
پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، لە ڕاگەیەندراوێكدا هێرشە درۆنییەكەی ئاشكرا كرد و دەڵێت "شەوی ڕابردوو (شەممە، 30-12-2023)، كاتژمێر 11:45 خولەك؛ بە دوو درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرش كرایە سەر بارەگایەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە سنووری پیرمام-هەولێر كە خۆشبەختانە زیانی گیانیی نەبووە و تەنیا زیانی ماددیی لێ كەوتەوە".
"ئەم هێرشە تیرۆریستیە لە لایەن هێزێكی لەیاسادەرچوو بە چاوساخی و هاوكاریی جاش و هاوكارەكانیان بۆ سەر بنكەیەكی هێزی پێشمەرگە، مەترسیدار و شەڕ فرۆشتنە. ئێمە ئەو لایەنانە و حكومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆكانە، چونكە ئەم گرووپە لەیاسادەرچووانە لەلایەن حكومەتی فیدراڵی بودجە و مووچەیان پێ دەدرێت و چەكدار دەكرێن و بە بەرچاوی حكومەتی عێراقەوە هاتووچۆ دەكەن و چەك و مووشەك و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەكەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەكان" وتەبێژی حكومەتی هەرێم وا دەڵێت.