مەسرور بارزانی بۆ سوودانی: بێ هەڵوێستیی، میلیشیاکان زیاتر هان دەدات بۆ دەستدرێژی

31-12-2023 01:08

پەرەگراف

مەسرور بارزانی نیگەرانیی قووڵی خۆی ڕاگەیاند بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە هەولێرو داوای هەڵوێست لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و دەڵێت: میلیشیاکان پارە و چەکی دەوڵەت بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس دەڵێت "نیگەرانیی قووڵی خۆمان بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر دەردەبڕین. بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی هێزەکانی دەرەوەی یاسا و هاوکارەکانیان دەکەم".

"ئێمە باش لەو یارییانە تێدەگەین کە کەسانی لە یاسادەرچوو لە پشتیانەوەن، مافی ئەوەشمان هەیە بەرگری لە گەلەکەمان بکەین. پێویستە حکومەتی فیدراڵ هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هێرش بۆ سەر هەموو عێراق ببینێت و هەڵوێستی جیددی هەبێت و بە کردەوە وەڵام بداتەوە. چونکە بێ هەڵوێستیی، میلیشاکان زیاتر هان دەدات بۆ دەستدرێژی، ئەوان پارە و چەکی دەوڵەت بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و ناسەقامگیرکردنی هەموو وڵات و دروستکردنی شەڕو ناکۆکی لە وڵاتێکدا کە خوێنڕشتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە" مەسرور بارزانی وادەڵێت.

داواش لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات "بە کردەوە ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە و سزادانی گرووپەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی بۆ هێرش بەکاردەهێنرێن".

ئەو پەیامە دوای ئەوەدێت، شەوی ڕابردوو بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایەسەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر ڕێگای هەولێر-پیرمام، وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، هێرشەکە تەنها زیانی ماددی لێکەوتووەتەوەو هەر وەڵامدانەوەیەکیش لە کات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین.