كۆمپانیاكانی نەوت و بەرپرسانی نەوتی عێراق دەربارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كۆبوونەوە

08-11-2023 11:06

پەرەگراف

بۆ یەكەم جار كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوتی هەرێم و بەرپرسانی نەوتی عێراق كۆبوونەوە. هەردوو لا جەختیان لە "گرنگیی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت"ی هەرێمی كوردستان بە "قبووڵكردنی مەرجی هاوبەش" كردووەتەوە، بەڵام هێشتا "نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن".

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئاشكرای كرد كە "كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوبەی بەڕێوە چووە و تێیدا گفتوگۆ دەربارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە بۆ توركیا كراوە".

نوێنەرانی كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی كوردستان (ئەپیكور)، شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق، كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) و كۆمپانیای نەوتی باكووری عێراق لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بوون.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەكە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "هیچ ڕێككەوتنێك لە نێوان هەردوو لا (بەرپرسانی نەوتی عێراق و كۆمپانیاكانی نەوتی هەرێم) نەكراوە".

هەردوو لا جەختیان كردووەتەوە دەبێت مەرجەكانی دەسپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بە جۆرێك بێت كە "بۆ هەردوولا قبووڵكراو بێت".

وتەبێژی كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی كوردستان (ئەپیكور) بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە "ئەم كۆبوونەوەیە هەنگاوێكی سەرەتاییە، چاوەڕێ دەكەین لە داهاتوودا كۆبوونەوەی بەرفراوانی هەموو لایەنەكانی پەیوەست بە بابەتەكە بكرێت".

پێشتر وەزیری وزەی توركیا ڕایگەیاند كە "بۆریی نەوت و كۆگاكانی نەوت" بۆ دەستپێكردنەوەی هەنادەی نەوت ئامادەن. دواتریش تورکیا بە فەرمى بە بەغدای ڕاگەیاند كە ئامادەیە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.

حەوت مانگ و 13 ڕۆژە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەهۆی بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانیی پاریسەوە ڕاگیراوە، ئەوەش ملیاران دۆلار زیانی بە عێراق و هەرێمی كوردستان گەیاندووە.

پاش ئەوەی حكومەتی هەرێم لە ڕێككەوتنێكدا لەگەڵ حكومەتی عێراق، هەناردەكردنی نەوتی ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كرد، ئێستا بەرپرسانی هەرێم دەڵێن، تاكە كێشە لەبەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتدا، ڕێكنەكەوتنی كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوتی هەرێم و بەغدایە.

حكومەتی عێراق ئەو گرێبەستانە ڕەت دەكاتەوە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی بواری نەوت كردوویەتی و لە جۆری هاوبەشیپێكردنە. وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت "حكومەتی هەرێم بەو جۆرە گرێبەستانە ‏دەرفەتی زۆری بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر، هەروەها ‏كۆنتڕۆڵكردنی بەرهەمی كێڵگەكان دەكەوێتە دەستی كۆمپانیاكان و دەشتوانن مامەڵە بە ‏پشكەكانیانەوە بكەن، ئەوانەش پێچەوانەن لەگەڵ گرێبەستەكانی خزمەتگوزاری كە ‏وەزارەتی نەوتی عێراق كاریان پێ دەكات".‏

عێراق دووەم گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتی ڕێكخراوی ئۆپیكە و لەسەدا 85ی نەوتەكەی لە ڕێگەی بەندەرەكانی باشووری وڵاتەكەیەوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكات. ئەو نەوتەی هەرێم كە ڕاگیراوە 0.5%ـی پێداویستیی بازاڕەكانی جیهان پێك دەهێنێت.