نێچیرڤان بارزانی: كێشەی هەناردەكردنەوەی نەوت لە بەغدایە، لە توركیا نییە

10-10-2023 11:20

پەرەگراف

نێچیرڤان بارزانی "دوو كێشەی گەورە" دەخاتە ڕوو كە هۆكارن بۆ دەستپێنەكردنەوەی ‏هەناردەی نەوتی هەرێم و ڕایشیدەگەیەنێت "كێشەكە لە توركیا نییە و لە بەغدایە".‏

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پانێڵێكی دیداری میری بە ناونیشانی ‏‏"بەدامەزراوەییكردنی پەیوەندیی فیدراڵ-هەرێمییەكان: پرۆسەیەك كە لەمێژە ‏دواكەوتووە"، سەبارەت بە هۆكاری دەستپێنەكردنەوەی نەوتی هەرێم ڕایگەیاند "توركیا ‏ئێستا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی بۆریی نەوتەكە بكرێتەوە و نەوت بڕوات، بەڵام ‏دوو كێشەی گەورە بەربەستن بۆ ئەوەی نەوت هەناردە نەكرێتەوە".‏

سەرۆكی هەرێم دەڵێت "كێشەی یەكەم پارەی كۆمپانیاكانە. ئەگەر نەوت بڕوات، پارەكە ‏دێتەوە بەغدا، بەڵام ئایا پارەی كۆمپانیاكانی نەوت چۆن دەدرێت؟ ئێستا بەپێی یاسای ‏بودجەی عێراق، بۆ هەر بەرمیلێك لە نەوتی كوردستان شەش دۆلاریان داناوە كە ئەوە ‏زۆر كەمە".‏

وەكوو نێچیرڤان بارزانی ڕوونی كردەوە، كۆمپانیاكانی نەوت وتوویانە كە ‏گرێبەستەكانیان لە هەرێمی كوردستان لە "جۆری سێرڤز (خزمەتگوزاری) نییە و ‏هاوبەشییە لەگەڵ كۆمپانیاكان"، كۆمپانیاكان دەڵێن "ئەگەر بڕیار وابێت لە هەر ‏بەرمیلێك شەش دۆلار وەربگرین، بۆمان دەرناهێنێت".‏

نێچیرڤان بارزانی وتیشی "گرفتەكەی دیكە ئەوەیە، سۆمۆ دەبێ گرێبەست لەگەڵ ئەو ‏كۆمپانیایانە بكات كە تاوەكو ئێستا نەوتی كوردستانیان كڕیوە. پێم وایە ئەوە نابێتە ‏كێشە، چونكە خەریكن ئێستا لەگەڵ یەكدی گفتوگۆ دەكەن، بەڵام ئەم پرسە دەبێ لەگەڵ ‏بەغدا چارەسەر بكرێت بۆ ئەوەی لە ڕووی كردارییەوە دەست بە هەناردەكردنی نەوت ‏بكرێتەوە".‏
‎ ‎
سەرۆكی هەرێم لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا كێشەكە لە توركیا نییە و لە بەغدایە؟ ‏وتی "بە دڵنیاییەوە كێشەكە لە توركیا نییە و لە بەغدایە".‏