تورکیا بە فەرمی عێراقی ئاگادار کردەوە کە بۆری کەرکوک - جەیهان بۆ هەناردەکردنی نەوت ئامادەیە

12-10-2023 12:22

پەرەگراف

تورکیا بە فەرمی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە کە بۆری هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بۆ کارکردن ئامادەیە، بەم جۆرەش تۆپەکەی خستووەتە گۆڕەپانی عێراقەوە بۆ هەناردەکردنی 475 هەزار بەرمیل نەوت بەشێوەیەکی ڕۆژانە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت ئەمڕۆ بڵاوی کردەوە کە کۆمپانیای بۆتاشی تورکی، کە کۆمپانیایەکی حکومییەو ئەرکی گواستنەوەی نەوت و گازی سروشتییە لە ڕێگەی بۆرییەوە، لە نووسراوێکدا کە بەرواری 2ی ئۆکتۆبەری لەسەرە و ئاراستەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ی کردووە دەڵێت: "پێمان خۆشە ئاگادارتان بکەینەوە کە بۆری هەناردەکردنی نەوتی عێراق - تورکیا لە ناو خاکی تورکیادا لە ڕۆژی 4ی ئۆکتۆبەری 2023وە ئامادە دەبێت بۆ گواستنەوە و کۆگاکاکردن و بارکردنی نەوتی خاوی عێراق".

ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت ئاماژە بەوەش دەکات کە هەرچەندە کۆمپانیای بۆتاش بە فەرمی ئامادەیی بۆرییەکەی بە کۆمپانیای سۆمۆ ڕاگەیاندووە، بەڵام ناکۆکییە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق هێشتا بەربەستە لەبەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان و کەرکووک.

ھاوکات دوو ڕۆژ لەمەوبەر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پانێڵێكی دیداری مێری، سەبارەت بە هۆكاری دەستپێنەكردنەوەی نەوتی هەرێم کە لە ٢٥ی ئاداری ئەمساڵەوە ڕاگیراوە، ڕایگەیاند "توركیا ‏ئێستا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی بۆریی نەوتەكە بكرێتەوە و نەوت بڕوات، بەڵام ‏دوو كێشەی گەورە بەربەستن بۆ ئەوەی نەوت هەناردە نەكرێتەوە".‏

سەرۆكی هەرێم وتی "كێشەی یەكەم پارەی كۆمپانیاكانە. ئەگەر نەوت بڕوات، پارەكە ‏دێتەوە بەغدا، بەڵام ئایا پارەی كۆمپانیاكانی نەوت چۆن دەدرێت؟ ئێستا بەپێی یاسای ‏بودجەی عێراق، بۆ هەر بەرمیلێك لە نەوتی كوردستان شەش دۆلاریان داناوە كە ئەوە ‏زۆر كەمە".‏

وەكوو نێچیرڤان بارزانی ڕوونی كردەوە، كۆمپانیاكانی نەوت وتوویانە كە ‏گرێبەستەكانیان لە هەرێمی كوردستان لە "جۆری سێرڤز (خزمەتگوزاری) نییە و ‏هاوبەشییە لەگەڵ كۆمپانیاكان"، كۆمپانیاكان دەڵێن "ئەگەر بڕیار وابێت لە هەر ‏بەرمیلێك شەش دۆلار وەربگرین، بۆمان دەرناهێنێت".‏

نێچیرڤان بارزانی وتیشی "گرفتەكەی دیكە ئەوەیە، سۆمۆ دەبێ گرێبەست لەگەڵ ئەو ‏كۆمپانیایانە بكات كە تاوەكو ئێستا نەوتی كوردستانیان كڕیوە. پێم وایە ئەوە نابێتە ‏كێشە، چونكە خەریكن ئێستا لەگەڵ یەكدی گفتوگۆ دەكەن، بەڵام ئەم پرسە دەبێ لەگەڵ ‏بەغدا چارەسەر بكرێت بۆ ئەوەی لە ڕووی كردارییەوە دەست بە هەناردەكردنی نەوت ‏بكرێتەوە".‏

‎سەرۆكی هەرێم لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا كێشەكە لە توركیا نییە و لە بەغدایە؟ ‏وتی "بە دڵنیاییەوە كێشەكە لە توركیا نییە و لە بەغدایە".‏