وەزیری وزەی تورکیا: بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا لە دوێنێوە بۆ هەناردەی نەوت ئامادەیە

05-10-2023 12:07

پەرەگراف

ئاڵپئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن تیڤی تورکیا ڕایگەیاند کە بۆریی نەوتی عیراق - تورکیا کە بە بۆری کەرکووک - جەیهان ناسراوە لە ڕۆژی چوارشەممەوە، واتە لە دوێنێوە بۆ هەناردەی نەوت ئامادەیە.

وەزیری وزەی تورکیا دەشڵێت، کۆگاکانی بەندەری جەیهانیش بۆ وەرگرتنی نەوت ئامادەن تاوەکو ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت. هەروەها بە لایەنی بەرامبەر واتە عێراقیان وتووە کە بۆرییەکە و کۆگاکان بێ هیچ کێشەیەک ئامادەن.

سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک، وەزیری وەزی تورکیا ڕایگەیاند "بەڕاشکاویی، بابەتی کاتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت پەیوەندی بەلایەنی عێراقی و بەرهەمی نەوتی ئەو وڵاتەوە هەیە، واتە ئەوەی گرنگە لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەوەیە کە بۆرییەکە و کۆگاکانی بەندەری جەیهان بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ئێستادا ئامادەن".

ئەم لێدوانەی وەزیری وزەی تورکیا لە کاتێکدایە، ڕۆژی 3ی ئۆکتۆبەر کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند کە لە دۆخێكدا نین و نابن كە نەوت بۆ هەناردەكردن لە ڕێگەی بۆرییەوە بەرهەم بهێنن، تاوەكو ڕوون نەبێتەوە كە چۆن بەپێی گرێبەستەكانیان شایستە داراییەكانیان پێ دەدرێت.

كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئاپیكور)، كە نوێنەرایەتیی ھەر پێنج كۆمپانیای (گەڵف كی ستۆن، ئێچ كەی ئێن ئێنرجی، شاماران پێترۆلیۆم، گەنەل ئینێرجی و دی ئێن ئۆ)ی بواری نەوت دەكات، دەڵێت "لە حاڵەتی ڕێكنەكەوتن لەسەر پێدانی شایستە داراییەكانیان، كۆمپانیاكان مافی ئەوەیان هەیە پشكی شایستەی خۆیان لە نەوتی خاو وەربگرن و بە جیا بیفرۆشن بەو كڕیارانەی كە بەدڵنیایییەوە دەتوانن پارەكەی بدەن".

كۆمەڵەكە باسی لە قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت لای حكومەتی هەرێم كردووە كە نزیكەی یەك ملیار دۆلارە، ئەو قەرزەش بۆ مانگەكانی كۆتایی ساڵی ڕابردوو و سەرەتای ئەمساڵ دەگەڕێتەوە تا راگرتنی هەناردەی نەوت لە 25ی ئادار.

ئاپیكور ئەوەشی خستووەتە ڕوو، گرێبەستی كۆمپانیاكانی نەوت لەگەڵ حكومەتی هەرێم بە پێی یاساكانی بەریتانیا داڕێژراون، هەر بۆیە لە ئەگەری بوونی ناكۆكیدا لەسەر گرێبەستەكان و پێنەدانی شایستەی دارایی كۆمپانیاكان، بۆ یەكلایكردنەوەی پەنا بۆ دادگای لەندەن بۆ نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی دەبەن، كە دادگایەكی هاوشێوەی دادگای نێوبژیوانیی پاریسە.

حكومەتی عێراق ئەو گرێبەستانە ڕەت دەكاتەوە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی بواری نەوت كردویەتی و لە جۆری هاوبەشیپێكردنە. وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، حكومەتی هەرێم بەو جۆرە گرێبەستانە ‏دەرفەتی زۆری بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر، هەروەها ‏كۆنتڕۆڵكردنی بەرهەمی كێڵگەكان دەكەوێتە دەستی كۆمپانیاكان و دەشتوانن مامەڵە بە ‏پشكەكانیانەوە بكەن، ئەوانەش پێچەوانەن لەگەڵ گرێبەستەكانی خزمەتگوزاری كە ‏وەزارەتی نەوتی عێراق كاریان پێ دەكات.‏

ئەگەر حكومەتی عێراق لەگەڵ كۆمپانیاكانی بواری نەوت لە هەرێم رێك نەكەوێت، ئەوا رێككەوتنی نێوان عێراق و توركیاش ناتوانێت هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەست پێ‌ بكاتەوە.

مایڵز بی كاگینز، وتەبێژی كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان، دەڵێت "دواكەوتنی كردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیا، هاوشان لەگەڵ دواكەوتنی چارەسەركردنی كێشەی شایستە گرێبەستییەكانی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت، مانگانە بە بڕی یەك ملیار دۆلار زیان لە داهاتی عێراق دەدات".

چەند بەرپرسێكی باڵای حكومی و پیشەسازیی نەوت لە بەغدا و هەولێر، بە ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرتیان وتووە "هەڵكردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن ئەنقەرەوە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت، تەنیا یەكێكە لە كۆمەڵێك خاڵ كە دەبێت جێبەجێ بكرێن بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی خاو بۆ بەندەری جەیهان دەست پێ بكاتەوە".

سەرباری ئەوەش، بەرپرسێك لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانستی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە كە دانوستانەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق – توركیاوە بەردەوامە.

ئەو بەرپرسە كە لەبەر هەستیاریی بابەتەكە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، بە ڕۆیتەرزی وتووە، “بەم نزیكانە كۆبوونەوەی زیاتریان هەیە و شتەكان ڕوونتر دەبنەوە كە ئایا توركیا چەندە جدییە بۆ نەرمی نواندن لەپێناو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت”.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە كاتی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، رایگەیاندووە "هێشتا لە گەرمەی دانوستانەكاندان و پێشبینیكردنی ئەوە، بەندە بە ئەنجامی دانوستانەكانەوە". ئاماژەی بەوەش كردووە كە "هەناردەی نەوت كاتێك دەست پێ دەكاتەوە كە توركیا ئامادە بێت لە داواكارییەكانی خۆی سازش بكات و ڕێگە بدات كە دەسپێكردنەوەی هەناردەكردنەکە بەبێ دانانی مەرجی پێشوەختە بێت”.