برایەكی گۆهدار زێباری: ئەو چەكەی كە گۆهدار لەسەری دادگایی دەكرێت، تاپڕێكی كۆنە و هی باپیرمە
پەرەگراف
دۆسیەیەکی دیکە لە دژی ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری کراوەتەوە و مەترسی هەیە جارێکی دیکە سزای زیندانیکردنی بەسەردا بسەپێندرێت. برایەكی ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری دەڵێت "ئەو چەكەی كە گۆهدار لەسەری دادگایی دەكرێت، تاپڕێكی كۆنە و هی باپیرمە، بیست شاهێد دەهێنم كە هی گۆهدار نییە. كەیسەكەش پێشتر بە غەرامە كۆتایی پێ هاتووە".
ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری، كە یەكێكە لە سزادراوانی بادینان، دوێنێ 16-8-2023، كۆتایی بە هەردوو ماوەی سزادانی هات كە لە دوو دۆسیەدا بە شەش ساڵ و پێنج مانگ زیندانیكردن سزا درابوو، بەڵام ئازاد نەكرا و لە چاكسازیی گەورانی هەولێرەوە ڕەوانەی ئاسایشی گشتیی هەولێر كرا. سێیەم کەیسیش لە دژى ئەو ڕۆژنامەنووسە کراوەتەوە.
ئەمڕۆ بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی سزادراوانی بادینان، ڕایگەیاند "دوای ئەوەی سزادراو (گۆهدار زێباری) ماوەی زیندانیكردنەكەی تەواو كرد، وا بڕیار بوو دوێنێ ئازاد بكرێت، بەڵام بەهۆی هەبوونی دۆسیەیەكی تر لەسەری بەپێی ماددەی ١٥ لە یاسای چەك، دووبارە ڕاگیرایەوە. لەگەڵ تیمەكەمان هەوڵەكانمان چڕ كردووەتەوە بۆ ئازادكردنی".
خاڵی یەکەم لە ماددەی ١٥ی یاسای چەک، باس لە هەڵگرتن و مامەڵەکردن بە چەکی بێ مۆڵەتەوە دەکات، سزای یەک تا سێ ساڵ زیندانی و دوو تا پێنج ملیۆن دینار غەرامەی تێدایە. بۆیە مەترسی هەیە جارێکی دیکە ئەو ڕۆژنامەنووسە سزای زیندانیکردنی بەسەردا بسەپێندرێت.
زیدان زێباری، برای گۆهدار زێباری، لە لێدوانێكدا بۆ پەرەگراف وتی "ئەو ڕۆژەی گۆهدار دەستگیر كراوە، لە ماڵی خوشكێكم بووە لە ئاكرێ، تاپڕێكی كۆنی ساڵی شەستەكان كە هی باوكی دایكمە، لە ماڵەكەدا بووە و دەستی بەسەردا گیراوە".
براكەی گۆهدار زێباری وتیشی "پێشتر پارێزەرەكان پێیان وتین كە ئەو كەیسە بە 100 هەزار دینار غەرامە لەلایەن دادوەرەوە بڕیاری تێدا دراوە، بەڵام ئێستا ئاسایش دەڵێن: گۆهدار بۆ ئەو كەیسە نەچووەتە بەردەم دادوەر و دەبێت بچێتە بەردەم داداوەر".
زێدان زێباری بۆ پەرەگراف ئاماژەی بەوەش كرد "بڕیار بووە ئەمڕۆ گۆهدار ببرێتە بەردەم دادوەر، بەڵام بۆ یەكشەممە دوارخراوە و تا ئەو كاتە ئازاد ناكرێت".
گۆهدار زێباری پاش سزادانی بە شەش ساڵ زیندانیكردن هاوشێوەی هاوڕێكانی و دواتر كەمكردنەوەی سزاكەیان بە ڕێژەی لەسەدا 60 لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، دەبوو لە ڕۆژی 16-3-2023 ئازاد بكرایە، بەڵام یەك ڕۆژ بەر لە ئازادبوونی، دۆسیەیەكی دیكە لە دژی كرایەوە و حەوت مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا، هەرچەندە بڕیارەكە تەمیز كرا، بەڵام سزاكە تەنیا بۆ پێنج مانگ كەم كرایەوە.
لە سكاڵای دووەمدا، ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری تۆمەتبار كرا بەوەی كە لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی لە شۆفرلێتەوە گۆڕیوە بۆ تیۆتا، بەڵام خۆی ئەو تۆمەتەی ڕەت كردەوە و وتی "كە ئۆتۆمبێلەكەم كڕیوە، ئەو لۆگۆیەی پێوە بووە و من نەمگۆڕیوە".
بەشدار حەسەن، ئەندامی دەستەی پارێزەرانی خۆبەخشی دەستگیركراوانی بادینان، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "پاش ئەوەی كە تانەمان لە بڕیاری دادگای كەتنی هەولێر دا لەسەر سزادانی ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباری بە حەوت مانگ زیندانی لەسەر گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلەكەی، كە هەق وابوو تەنیا پێبژاردن بوایە، بەڵام دادگا لەبری ئەوەی بیكاتە پێبژاردن یان بڕیارەكە هەڵبوەشێنێتەوە، تەنیا تەعدیلێكی سزاكەی كرد".
ئەو پارێزەرە دەڵێت "ئەمە زوڵم و ستەمێكی زۆر گەورە بوو لەو ڕۆژنامەنووسە كرا. تەحەدا دەكەم لە هەموو عێراق و هەرێمی كوردستانیش یەك كەس لەسەر ئەم جۆرە سەرپێچییانە سزای بەوشێوەیە توندی بەسەردا سەپێندرابێت".
یەكێكی دیكە لە پارێزەرانی دەستگیركراونی بادینان دەڵێت "گۆهدار زێباری هەر لەو كاتەی كە ئۆتۆمبێلەكەی لە ئاكرێ كڕیوە، چەمبەر (عەتەر، ئەو بەشەی پێشوەی ئۆتۆمبێل كە لۆگۆی كۆمپانیاكەی پێوەیە) گۆڕدراوە و گرێبەستی كڕینی ئۆتۆمبێلەكەشی هەیە".
ئەو پارێزەرە وتیشی "پێمان وایە كاریگەریی دەرەكی لەسەر دادگا هەیە و دەبوو سزاكە زۆر لەوە كەمتر بێت و بكرێت بە پێبژاردن".
پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گۆهدار زێباری، ئەیاز كەڕەم و هاریوان عیسا) لە ڕۆژی 16-2-2021 و پاش ماوەیەكی زۆر لە دەستگیركردنیان، لەلایەن دادگای تاوانەكانی دووی هەولێرەوە بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم" سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا، تۆمەتێك كە خۆیان و پارێزەرانیان ڕەتیان كردەوە و "هیچ بەڵگەیەك"یشی لەسەر نەبوو، بە "سزای سیاسی" ناویان برد.
دوای ناڕەزایەتی و كاردانەوە و فشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سزای هەر پێنجیانی بە ڕێژەی لەسەدا 60 كەم كردەوە، بەڵام دواتر كەمكردنەوەی سزای شێروان شێروانی دەستكاری كرا و بۆ لەسەدا 50 كەم كرایەوە.
ڕۆژی 16-3-2023 هەریەك لە شڤان سەعید، ئەیاز كەڕەم و هاریوان عیسا ئازاد كران و گۆهدار زێباری دۆسیەی دووەمی لە دژ جوڵێندرا، دواتریش دۆسیەیەكی دیكە لە دژی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی جوڵێندرا و تۆمەتبار كرا بەوەی كە "پەنجەمۆری گۆهدار زێباریی ساختە كردووە". لەسەر ئەو دۆسیەش سزای چوار ساڵی دیكە زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا.
ڕەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری شێروان شێروانی، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "گۆهدار زێباری لەبەردەم دادوەردا شاهێدیی لە بەرژەوەندیی شێروان دا و وتی كە من خۆم شێروانم سەرپشك كردووە واژوو بۆ من بكات".
* كۆمیتەی بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان: پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم شێروان شێروانی ئازاد بكەن
* ڕێکخراوی جاسەنە: سەرلەنوێ حوکمدانی شێروان شێروانی ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی مەترسیداری سەرکوتکردن
* لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتێکی فراوان بۆ ئازادکردنی شێروان شێروانی دەستی پێکرد