پەرەگراف
ڕۆژنامەنووس و نووسەرو چالاکانی مەدەنی لە ناوەوەو دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، ھەڵمەتێکی فراوانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەست پێکردو داوای ئازادکردنی شێروان شێروانی و ھەڵوەشانەوەی سزاکەی دەکەن.
ھەڵمەتەکە بە هاشتاگی #ئازادی_بۆ_شێروانی #الحریة_لشیروانی #freedom_for_sherwani ماوەی دوو ڕۆژە بەردەوامە.
بەشداربووانی هەڵمەتەکە ئامانجیان ئەوەیە فشار لەسەر دادگای پێداچوونەوەی ھەولێر دروست بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی دواین بڕیاری دادگا کە چوار ساڵی دیکە زیندانیکردنی بەسەر شێروان شێروانی دا سەپاند.
دادگای هەولێر لە ٢٠ی مانگی ڕابردوو بە تۆمەتی "ساختەكردن"ى واژووى زیندانیکراوێکى هاوڕێى، بەپێی دوو ماددە لە یاسای سزادانی عێراقی، سزای زیندانیكردنی بۆ ماوەی چوار ساڵى دیکە بەسەر ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانیدا سەپاند. پارێزەری ئەو ڕۆژنامەنووسەدەڵێت "دادگا لەژێر فشاری سیاسی و شەخسیدا" ئەو سزایەی سەپاندووە.
شێروان شێروانی تۆمەتبار كراوە بەوەی كە لە زینداندا واژووی ڕۆژنامەنووس گۆهدار زێباریی "ساختە" كردووە و لەبری ئەو واژووی داواكارییەكی كردووە، لەسەر ئەوەش سكاڵا لە دژی تۆمار كردووە.
ڕەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری شێروان شێروانی، پێشتر بە پەرەگرافی وت "گۆهدار زێباری لەبەردەم دادوەردا شاهێدیی لە بەرژەوەندیی شێروان دا و وتی كە من خۆم شێروانم سەرپشك كردووە واژوو بۆ من بكات".
وەكوو ئەو پارێزەرە ئاماژەی پێ كرد، پاش ئەوەی پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە سزادراوەكەی بادینان داواكارییەكیان پێشكەش كردبوو بۆئەوەی ئیفراج شەرتی (ئازادكردنی بەمەرج) بیانگرێتەوە، دواتر هەر خۆیان داواكارییەكی دیكەیان ئاراستەی چاكسازیی گەورانی هەولێركرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی داواكاریی یەكەمیان، شێروان شێروانی تۆمەتبار كراوە بەوەی لە داواكاریی دووەمدا لەبریی گۆهدار زێباریواژووی كردووە و ئەوەیشی بە ساختەكاری لەسەر حیساب كراوە.
دادگای هەولێر لەسەر ئەو دۆسیەیە، بە دوو ماددەی یاسای سزادانی عێراقی تایبەت بە ساختەكاری، سزای زیندانیكردنی بەسەر شێروان شێروانیدا سەپاند، سزای دوو ساڵ و شەش مانگ بەپێی ماددەی 295 و ساڵێك و شەش مانگ بەپێی ماددەی 289.
پارێزەر ڕەمەزان ئەرتیسی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "دەمەوێت بە خەڵكی كورستان بڵێم: زۆر بەداخەوە كە لە كوردستان یاساجێبەجێ ناكرێت، نیوەی خاكی كوردستان لەسەر دەستی سەركردایەتیی كورد فرۆشرا، كەس دادگایی نەكرا. سەدان كەس دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندوون، بەڵام لە كوردستاندا پیاسە دەكەن و كەس ناوێرێت دەستیان بۆ ببات".
ئەو پارێزەرە هۆشداریشی دا لەوەی كە "ئەگەر یاسا سەروەر نەبێت و جێبەجێ نەكرێت، كوردستان وێران دەبێت".
پارێزەكەی شێروان شێروانی بە پەرەگرافی وت "ئێمە پێمان وایە هیچ بەڵگەیەك بۆ سزادانی شێروانی شێروانی نەبووە و داواكاری پێداچوونەبە سزاكە پێشكەش دەكەین".
ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی كە لەگەڵ چوار چالاك و ڕۆژنامەنووسی دیكەی بادینان بە تۆمەتى "هەوڵدان بۆ تێکدانى ئاسایشى هەرێم"کە خۆیان ڕەتیان کردەوە، سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە ماوەی ڕابردوودا چوار لە هاوڕێكانی ئازاد كران وبڕیاربوو ئەویش مانگی داهاتوو ئازاد بکرێت، بەڵام سزایەکی دیکەی بەسەردا سەپێندرا.